لە ماوەی سێ ساڵدا 184 هاوڵاتی کورد لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی مینەوە بوونەتە قوربانی، لەکاتێکدا بەرپرسانی پارێزگاکە ساڵی 2013 ئاهەنگی خاوێنکردنەوەی هەموو کێڵگە مینڕێژکراوەکانیان گێڕا.
دوایین قوربانی مین لە پارێزگای کرماشان یەکێک لە کارمەندانی ئیدارەی هەڵگرتنەوەی مینی کرماشان بووە، موراد تاتار قایمقامی قەزای قەسری شیرین ئەو هەواڵەی بە ماڵپەڕی فارسی سەر بە حکومەتی ئێران ڕاگەیاندووە.
رووداوەکە لە ناوچەی خوسرەوئاوا ڕوویداوە و بریندارەکە بۆ چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانەی قەسری شیرین کراوە.
جێگری بەشی سیاسی و کۆمەڵایەتی لو قایممقامیەتی قەزای قەسری شیرین دەڵێت: "لە ساڵی ڕابردوودا تەنیا لە قەسری شیرین 6 هاوڵاتی کورد بەهۆی مینەوە گیانیان لەدەستداوەو 18 کەسیش برینداربوون".
ئەوە لەکاتێکدایە پارێزگاری کرماشان مانگی شوباتی ساڵی 2013 خاوێنکردنەوەی هەموو کێڵگە مینڕێژکراوەکانی ئەو پارێزگایەی ڕاگەیاند و بەو بۆنەیەوە ئاهەنگێکیان بەڕێوەبرد، بەڵام بەپێی ئامارەکانی حکومەت، لەو ڕێکەوتە بەولاوە تائێستا 184 هاوڵاتی کوردی دیکە لە پارێزگای کرماشان بەهۆی تەقینەوەی مینەوە کوژراون و برینداربوون.
بەپێی دوایین ئامار کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردووەتەوە، لە 5 پارێزگای ورمێ، کوردستان، کرماشان، ئیلام و خوزستان کە 4 پارێزگایان کوردنشینن، زیاتر لە 20 ملیۆن مین بوونی هەیە کە ڕۆژانە 2 قوربانی لێدەکەوێتەوە.
زۆربەی ئەو مینانە لە شارە سنوورییەکان و لەکاتی شەڕی عیراق و ئێراندا چێندراون کە بەردەوام هەڕەشە لە گیانی هاوڵاتییان دەکەن.
ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە تائێستا نەک هەر ڕێککەوتنی ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی مینی دژە کەسی (ئۆتاوا)ی واژۆ نەکردووە، بەڵکو ئەو جۆرە مینانە بۆ ڕێگرتن لە کۆڵبەران و هاتوچۆی ئەندامانی حزبە کوردییەکان بەکارهێناوە. ئەوەش بەوتەی چالاکانی کورد لەو وڵاتە.
- 09-03-2016