رێکخراوێکی ناسراوی ئێرانی بانگەشەی ئەوە دەکات کە ساڵی 2015 بۆ ئێران "ساڵی ڕەش" بووە و ڕوونیشیدەکاتەوە کە لەو ساڵەدا 967 هاوڵاتی ئێرانی بەشێوازی جیاجیا لە سێدارە دراون.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا باس لە لەسێدارەدانی 967 هاوڵاتی ئێرانی لە ساڵی ڕابردوو دەکات و دەڵێت 95%ی ئەو لە سێدارەدراوانە کە لە ناوچە ئیتنیکییەکان بەڕێوەدەچن بڵاوناکرێنەوە.
لەو ڕاپۆرتەدا کە هەشتەمین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانییە کە ڕێکخراوێکی ناسراوە و بارەگاکەی لە شاری ئۆسلۆی پایتەختی نەرویجە و (مەحمود ئەمیری موقەدەم) سەرۆکایەتی دەکات هاتووە، لە ماوەی ساڵی 2015، سزای لەسێدارەدانی 967 هاوڵاتی لە زیندانەکانی ئێران بەڕێوەچووە کە 19 کەسیان ژن بوون."
ئەم ئامارە لەحاڵێکدایە کە ساڵی پێشتر لەئێراندا 735 کەس لە سێدارەدرابوون و بەم پێیە ڕێژەی لەسێدارەدان لە ساڵی 2015 بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشتری 29% بەرزبووەتەوە و بەشێوەیەکەی بەردەوام ڕۆژانە 2 هەتا 3 کەس لەسێدارەدراون.
بەپێی داتاکانی ئەو ڕێکخراوە، 638 کەس تەنیا بەهۆی تاوانەکانی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە لەسێدارەدراون کە دەکاتە 66%ی کۆی لەسێدارەدراوان. دوای تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان، زیاترین ڕێژەی لەسێدارەدان بەهۆی "کوشتنی بەئەنقەست" بووە کە 207 کەس بەهۆی ئەو تاوانەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە و سزاکەیان جێبەجێکراوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕاشیگەیاندووە "کە 95%ی ئەو لەسێدارەدراوانە کە لەناوچە ئیتنیکییەکان بەڕێوەدەچێت حکومەتی ئێرانی ڕێگا بە بڵاوبوونەوەیان نادات لە میدیاکاندا و هەروەک لە ساڵی 2015دا 13 کەس بەهۆی چالاکیی سیاسی و ئەمنیەوە لە سێدارەدراون کە 6 کەسیان کوردبوون."
ڕاپۆرتەکە ڕوونیشیدەکاتەوە کە "105 کەس لە زیندانەکانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارەدراون کە بەشی هەرە زۆریان کوردبوون، بەپێی ڕاپۆرتەکە 76 کەس لە زیندانی ئورمیە، 11 کەس لە زیندانی کرماشان، 10 کەس لە سنە، 5 کەس لە لوڕستان و 3 کەس لە زیندانی ئیلام لەسێدارەدراون."
بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدان لەئێراندا لەماوەی ساڵانی ڕابردوو زۆر بووە، بە چەشنێک بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2008 ئەو ڕێژەیە 300% بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە، چونکە لە ساڵی 2008 تەنیا 350 کەس لەسێدارە دراون، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانی ئاشکرایشدەکات کە "لەماوەی دوو ساڵ و نیوی دوای هاتنە سەر کاری حەسەن ڕۆحانی وەک سەرۆک کۆماری ئێران 2162 کەس لەسێدارەدراون کە بە بەراورد بە ئامارەکانی پێش ئەو ڕێکککەوتە ڕێژەکە 67% بەرزبووەتەوە."
جێگای ئاماژەیە کە لە ماوەی ساڵی 2015دا، 262 هاوڵاتی کە سزای لەسێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو، بەهۆی ڕەزامەندی و لێبوردنی لایەنی سکاڵاکەر ڕزگاریان بووە و سزاکەیان جێبەجێ نەکراوە.
- 10-03-2016