دوای بڵاوبوونەوەی دیمانەی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پێگەی ئەلمۆنیتۆر ژمارەیەک میدیای ناوخۆیی لەبری پاڵپشتیکردنی سەربەخۆیی و مافی ڕەوای گەلی کوردستان لە دیاریکردنی چارەنووس، بۆ مەرامێکی تایبەتی سیاسی کەوتنە خوێندنەوەی جۆراوجۆر بۆ دیمانەکە بە تایبەت لەسەر پرسی سەرۆکایەتی و سەربەخۆیی.
دەقی ئینگلیزیی دیمانەکە لە پێگەی ئەلمۆنیتۆردا هەیە و بۆچوونی سەرۆک بارزانی لەمبارەیەوە زۆر بە ڕوونی لەوێدا هاتووە و پێویست بە تەفسیری نادروست و بەلاڕێدابردنی ناکات. ئامانجی سەرەکیی سەرۆک بارزانی سەربەخۆیی کوردستانە. لەبارەی پرسی سەرۆکایەتیش هەڵوێستی سەرۆک بارزانی ڕوون و نەگۆڕە.
هەروەک لە پەیامی سەری ساڵی 2016ـی زایینی و کۆبوونەوەی 26ـی 1ـی 2016ـی سەرۆک بارزانی لەگەڵ حزبەکانیش جەختی لەوە کردووەتەوە کە بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی سەرۆکایەتی داوای سێ بژاردە دەکات. یان بڕیار بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک بدەن بەپێی یاسای ژمارە یەکی سەرۆکایەتیی هەرێمی ساڵی 2005 و سەرۆک بارزانی ڕاشیگەیاندووە کە بە هیچ شێوەیەک خۆی کاندید ناکات یان حزبەکان بەڕێزێک بە تەوافوق دەستنیشان بکەن بۆ ئەوەی هەتا 2017 ئەرکی سەرۆکایەتیی هەرێمی پێ بسپێردرێت، یان بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی سیاسی بڕیار لەسەر مانەوەی دۆخەکە وەک خۆی بدەن هەتا هەڵبژاردنەکانی داهاتوو. کە حزبەکانیش نەیانتوانی چارەسەری پرسی سەرۆکایەتی بکەن، ناکرێ چارەنووسی وڵات بە بەرژەوەندیخوازی و یاریی بەشێک لە حزبەکان ببەسترێتەوە و، بۆ ڕێگەگرتن لە بۆشایی و بەڕێوەبردنی کاروباری شەڕ و دپیلۆماسی ئەوە هەتا هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بڕیاری ئەنجوومەنی شوورا کارایە و سەرۆک بارزانی لە ئەرکەکانیدا بەردەوام دەبێت.
ئەم بابەتە بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان ڕوون و ئاشکرایە و جیایە لە بابەتی سەربەخۆیی. سەربەخۆیی دەبێ ئامانجی هەموو لایەنێک بێت و نابێ بۆ مەرامی بەرتەسکی سیاسی بێ بایەخ بکرێت. سەرۆک بارزانی هەموو تەمەنی خۆی بۆ خەباتی گەلی کوردستان و سەربەخۆیی کوردستان تەرخان کردووە و لە هەر پۆست و پێگەیەکدا بێت هەوڵی بۆ دەدات و بۆ ئەم ئامانجە پیرۆزەیش مۆڵەت لە کەس وەرناگرێت و پشتیوانی ئەو کەس و لایەنەیش دەبێت کە ئامادە بێت سەربەخۆیی بۆ گەلی کوردستان بەدیبهێنێت.
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
24-03-2016