یەکێکە لەو فەرماندە ئازاو بەجەرگانەی بەشداری دەیان داستان و سەدان نەبەردی کردووە، ساڵی(1950) لەگوندی گەڕەدێی ناوچەی شارباژێر لەدایکبووە، تەمەنی(5) سالان بووە هاتۆتە شاری #سلێمانی# و خراوەتە بەرخوێندن، تا شەشی سەرەتایی خوێندووە، لەبەر نەداری و بژێوی ژیانی شانی داوەتە بەر کارکردن بەشداری لەشۆڕشی ئەیلولدا کردووە لەساڵی(1967)و لەچالاکییەدا ساڵی(1972) لەسەر شەقامی ئۆرزدی و لەنزیک قوتابخانەی سورکێودا بەبرینداری لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەستگیرکراوە ئازاو ئەشکەنجەی زیندان نەیتوانیوە یەک وشەی پێ بدرکێنێت، دواتر لەمەحکەمەی بەناو سەورە(20) ساڵ حوکم دەدرێت، ئەویش دەیان جار هەوڵی خۆدەربازکردن دەدات لەگرتووخانەی سلێمانی، دوای ئەوەی جەلادەکانی بەعس پێی دەزانن ڕەوانەی بەندیخانەی(ئەبوغرێب)ی دەکەن.
شەهید (جەزای کەوێ) هێندە قارەمان و خۆڕاگربووە، چەندین جار تووشی ئەشکەنجەو لێدان دەبێتەوە لەناو بەندیخانەی ئەبوغرێبدا، بەلام تۆزقاڵێک لەورەی پۆلاینی کەمناکاتەوەو لەگەڵ کاک جەمیل هەورامی و کاک فازیلی ئاتەو چەند هاوڕێیەکی تریدا لەبەندیخانەی ئەبوغرێب شانەیەکی پێکدەهێنن.
ساڵی(1979) بەلێبوردنی گشتیی ئازاد دەکرێت، دوای ئەوەش (شەهید جەزا) بەردەوام دەبێت لەچالاکییەکانی ناوشاری سلێمانی، ڕۆژێکیان لەگەڵ شەهیدان: ڕەئوفی خوبچەو حەمە ڕەزاو عەزیزدا، بۆ دوایەمین جار هەڵدەستێت بەئەنجامدانی چالاکییەک لەناوشاری سلێمانیدا لەسەر پردەکەی جاددەی مەولەوی، هەر لەوێدا حەمە ڕەزای ئامۆزای شەهیددەبێت و ناچار شەهید (جەزای کەوێ) دەچێتە شاخ و دەبێت بەپێشمەرگەو دەکرێت بەفەرماندەی مەفرەزە لەمەکتەبی عەسکەری، ساڵی(1980) دەستدەکات بەچالاکی و گورز وەشاندن لەحکومەت لەشاری سلێمانیداو لەناوچەی شارباژێر، لەبەر ئازایەتی ساڵی(1982) دەکرێت بەفەرماندەی کەرت شەهید(جەزای کەوێ بەشداری چەندان چالاکی ناوشاری سلێمانی و شەڕی سەرجاددەو شەڕی گوندی نۆدێ و گورگەیەری کردووە، ساڵی(1985) دەکرێت بەئامری ڕەتڵ و سەرپەرشتیاری شەڕی قورس و خوێناوی چیای (کەتوو) لەپیری شەوکێڵ، ئەوەندە ئازاو جەربەزە بووە دەکرێت بەجێگر تیپی(33)ی سلێمانی، بەلام ئەفسوس لەبەرەبەیانی(24-09-1985) لەکەلکەی خەراجیان دەکەوێتە بۆسەی خائینان و شەهیددەکرێت، بەوشێوەیە ئەستێرەی تەمەنی ئەو کوڕە ئازایەی کورد کوژایەوەو ماڵئاوایی لەخانەوادەو هاوسەنگەرانی و هەموو کوردستان کرد. سلاوی ئەمەک و وەفاداری بۆ گڵکۆی شەهید(جەزای کەوێ)و شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری کوردستان.