ساڵی 1966 لە بنەماڵەیەکی جووتیار و زەحمەتکێش لە گوندی (ئاشی بارام)ی شارۆچکەی چوارتا لە دایکبووە. ساڵی 1972 جوونەتە شاری #سلێمانی#، قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی تەواوکردووە. کەسێکی کۆمەڵایەتی و خۆلیایی نووسینی هۆنراوەی هەبووە. فەرماندەیەکی دەستپاک و دڵسۆز و خۆنەویست بووە لە ئەرک و کارەکانیدا لە ناو هاوڕێکانیدا. بەهۆی خۆلیا و خۆشەویستی بۆ بەرگریکردن لە خاک و نیشتمان چەندین جار لە ساڵەکانی (1979-1980) چووەتە شاخ بۆ ئەوەی ببێت بە پێشمەرگە و چەکی شەرەف بکاتە شانی، بەڵام بەهۆی کەمی تەمەنییەوە وەرنەگیراوە. ساڵی 1980 پەیوەندی کردووە بە ڕێکخستنەکانی ی.ن.ک وەک ڕێکخستنی ناوشار، کار و چالاکییەکانی ئەنجامداوە و لە ناو ڕێکخستنەکاندا بە (جووتیار) ناسراوە. ئەندامێکی چالاکی ناو ڕێکخستنەکان بووە و سەرجەم پلەکانی لە ئەندامەوە تا ئەندام کۆمیتە بڕیوە و چەندین سوپاسنامە و پێزانینی لەلایەن کۆمیتەکان و مەڵبەندی 1ی ڕێکخستنی وەرگرتووە. دواجار لە ڕێکەوتی 03-01-1983 خەونەکەی هاتووەتە دی و بووە بە پێشمەرگە لە تیپی 37 شارباژێر، لە هەمانکاتدا ئەندامێکی چالاکی ڕێکخستنەکان بووە، پاشان بەهۆی شاڵاوی ئەنفالەوە تووشی دابران بووە لە کاری ڕێکخستن و هێزی پێشمەرگە..
ساڵی 1990 دووبارە پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانەوە کردووەتەوە و دواتر لە 07-03-1991 پەیوەندی بە بەتالیۆنی 7 ی سلێمانییەوە کردووە، بەشدارێکی چالاکی هەڵمەتی ڕزگارکردنی ناو شاری سلێمانی بووە. لە دوای ڕاپەرین و بە بەردەوامی و بێ دابران تا دوا ساتەکانی تەمەنی لە چەندین شوێن و بە پێی پیویستی هێزەکانی پێشمەرگە لە خزمەت کوردستاندا بووە و چەندین لێپرسراوییەتی وەرگرتووە بەمشێوەیە:
-ساڵی 1992 بووەتە فەرماندەی بەتالیۆن لە مەکتەب عەسکەری.
-ساڵی 1994 سەرپەرشتیاری هێزێکی بەرگری لە سکرتارییەتی هەڤاڵ #مام جەلال#ی لە ئەستۆ گرتووە.
-ساڵی 1995 گواستراوەتەوە بۆ لەشکری 3ی سلێمانی لای کاک (جەمیل.هەورامی). وەک ڕابەر سیاسی.
-ساڵی 1997 بووەتە بەرپرسی زانیاری هێز لە لەشکر شارباژێر فەرماندەی 7.
-ساڵی 2000 وەک زانیاری لەشکر گواستراوەتەوە بۆ فەرماندەیی شارباژێر. پلەی جێگر تیپی وەرگرتووە لە ساڵانی (2001 تا 2003) لە فەرماندەیی شارباژێر /تیپی ماوەت.
-ساڵی 2004 ەوە ئەرکی فەرماندەی سرییەی لە ئەستۆ بووە لە فەرماندەیی 9ی شارباژێڕ و بەڕێوەبەرایەتی بەرگری و فریاکەوتن.
شەهید ڕەفیق وەک هەر تاکێکی تری ئەم میللەتە دەربەدەری و ئازاری زۆر چەشتووە.، چەندین جار ئاوارە بووە.
بەردەوام کار و چالاکی هەبووە و بەشداری خولە سەربازییەکانی کردووە..لە ڕۆژی 24-08-2014 لە #جەلەولا# لە شەڕی بەرگری لە خاکی کوردستان دژ بە #داعش# شەهید بووە... هاوسەری شەهید خاتوو (نەزیرە عەبدولکەریم) بەردەوام هاوکاری بووە لە کاری سیاسی و پێشمەرگایەتیدا، دوای خۆی شەش کچ و یەک کوڕی بۆ کوردستان بەجێهێشتووە.
سەرچاوە تۆمارێکی تایبەت بۆ کوردیپێدیا لە لایەن بەرێز کاک (کامیل عەزیز)ی برای شەهیدەوە.