خەندان فەرهەنگ فەرەیدون
بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لەپارێزگای سلێمانی داخستنی دوو دایەنگەو ئاگادارکردنەوەی شەشی تر ڕادەگەیەنێت بەهۆی سەرپێچی و پابەندنەبون بەڕێنماییەکانەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە قەیرانی دارایی هەشت دایەنگەی بەداخستن داوە.
حەلیمە عەبدوڵا، لێپرسراوی بەشی دایەنگەکان لەدیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لەپارێزگای سلێمانی بەخەندان-ی وت "شەش دایەنگە لەپارێزگای سلێمانی بەئاگادارکردنەوە سزادراون بەهۆی سەرپێچیی و پابەندنەبون بەڕێنماییەکان و دووی تریش داخراون".
بەپێی ئامارو داتاکانی بەشی دایەنگەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، لەهەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەی شەهید 141 دایەنگە هەیە لەماوەی ڕابردووشدا هەشت دایەنگەی تایبەت بەهۆی قەیرانی داراییەوە داخراون.
حەلیمە عەبدوڵا وتی کە ئەوان وەک بەشی دایەنگەکان بەبەردەوامی گرنگی بەئاستی خزمەتگوزاری دایەنگەکان دەدەن و لەڕێگەی لیژنەی بەدواداچوونەوە سەردانی دایەنگە حکومی و ئەهلییەکان دەکەن، "هەروەک لەپێناو پاراستنی ژیانی منداڵەکان و بەرزی ئاستی خزمەتکردنی هەمەلایەنەو پەروەردە و بەخێوکردنی باشی منداڵەکاندا ڕێنمایی پێویست دەدەینە دایەنگەکان و هەر دایەنگەیەکیش کەم و کورتی تێدابێت لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکەین تا ئاستی داخستن... سوپاسیش ئاراستەی دایەنگە باش و پابەندەکان دەکەین".
لەهەرێمی کوردستان زۆرینەی دایەنگەکان ئەهلین، لەوانەش 63 دایەنگەی ئەهلی لەناو شاری سلێمانی و 56 دایەنگەی ئەهلی لەدەرەوەی شار بوونیان هەیە.
هەروەها 22 دایەنگەی حکومیش هەن لەپارێزگای سلێمانی کە هەموویان سەر بەوەزارەتە جیاوازەکانی حکومەتی هەرێمن و سەرجەمیان لەلایەن لیژنەی دایەنگەکانی سەر بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی-یەوە سەرپەرشتی دەکرێن.
سەبارەت بەنرخ و هەبوونی دایەنگەی نمونەیی، حەلیمە وتی "بەپێی ڕێنمایی نرخ جێگیرە بۆ هەر منداڵێک و خاوەنی دایەنگە دەتوانێت بڕی 100 هەزار دینار وەرگرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە پێویستە داشکاندنی لەسەدا 20 بکەن بەو جۆرەش پێویستە تاکاتی باشبوونی بارودۆخی دارایی تەنها بڕی 80 هەزار دینار لەدایک و باوکی منداڵ وەربگیرێت".
بەڵام ئەگەر خزمەتگوزارییەکانی هەر دایەنگەیەک جیاوازی زۆری هەبێت و زۆر بەکوالێتی و ستانداردێکی بەرزتر پرۆسەی پەروەردەو بەخێوکردنی منداڵ و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان تیا بەڕێوەبچێت "ئەوە مافی پێشکەشکردنی داوای زیادکردنی نرخی هەیەو لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە کە بەفەرمانی بەڕێوەبەری گشتی دروستدەکرێت خەمڵاندنی بۆ دەکرێت و بڕیاری پێویست بۆ زیادکردنی نرخ دەدرێت، لەئێستادا تەنها یەک دایەنگە لەو ئاستەدایەو نرخەکەی بە 150 هەزار دینار دیاریکراوە لەگەڵ پابەندی بە داشکاندن، کە پێویستە لە 120 هەزار دینار زیاتر وەرنەگرێت لەمنداڵ"، حەلیمە وای وت.
وتیشی "دایەنگە حکومییەکانیش تەنها بڕی 25 هەزار دینار بۆ هەر منداڵێک وەردەگرن".
حەلیمە دەڵێت لیژنەکەیان و بەشی دایەنگەکان لەهەموو ڕووەکانەوە هەڵسەنگاندن بۆ دایەنگەکان دەکەن، وەک خواردن و بڕو جۆرەکانی، شوێن و بیناو سەلامەتی، خزمەتگوزاری پاک و خاوێنی و تەندروستی، خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی و دەروونی، شوێنی یاریی و پشوو و شوێنی خواردن و چێشتخانە... هەر بوارێکی تریش کە لەبەرژەوەندی منداڵ و ژیان و بەخێوکردن و پەروەردەکردنێکی تەندروستی منداڵەکاندا بێت.
- 17-06-2016