لەزاری خۆیەوە:
لەدایکبووی سالی 1964 ی شاری کەرکووکی کێڵگەی برینم، تا پۆلی شەشەمی زانستیم خوێندووه و بەهۆی زیندانیکردنم لەلایەن ڕژێمەوە لەخوێندن دابرام، لەخیزانێکی کوردپەروەر و کاسبکاردا پەرورەردەبووم،کە هەمیشە شانازییان پێوەدەکەم. ساڵی 1982 پەیوەندیم بەرێکخستنەکانی (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان)ەوە کردووە،ساڵی 1983 پەیوەندیم بە هێزی پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە کردووە لە کەرتی پارێزگاری ئێزگەی دەنگی شۆرشی عێراق- کەدواتر بوو بە - دەنگی گەلی کوردستان و لە تیپی 21 ی کەرکووک -کەرتی 1ی ساڵەیی پێشمەرگە بووم، تا 1987 و ئینجا بووم بە مامۆستای شۆرش لە هەردوو گوندی (قزڵوو-ی دەشتی کۆیە و گەڵناغاج-ی شێخ بزێنی سەروو)،تا کۆتایی ئەنفالەکان و ساڵی 1988،لەراپەرین و ئازادکردنەوەی شاری کەرکووکدا لەگەڵ برایەکم و دوو ئامۆزام لەو هێزەدا بووین کە ئاودیو بووینە ناو کەرکووک بەسەر سێ پشتێنەی ئەمنی بەعس دا،کەبەدەوری شارەکەدا دروستی کردبوون. یەکەم هۆنراوەم لە گۆڤاری (دەنگی پێشمەرگە)دا کە ناوەندی ڕاگەیاندنی حزیی سۆشیالیستی کوردستان دەریدەکرد لەشاخ لە ساڵی 1986دا بڵاوکرایەوە. کاری ڕۆژنامەگەریم لەساڵی 1992 وەوە دەست پێکردووە. لە ژمارە 16ی (کوردستانی نوێ)وە کە یەکەم نووسینم تیایدا بڵاو بوەوە.تاکو کاری سەرنووسەری ڕۆژنامەی (رۆژنامەنووس) لەسلێمانی لە ساڵی 1999ەوە تاکو داخستنی دوای35 ژماره. دوای پرۆسە گەراومەتەوە کەرکووک و یەکێک بووم لەوانەی بناغەی تەلەڤزیۆنی کەرکووک - لۆکاڵمان دانا تاگەیاندمانە کەناڵێکی ئاسمانی. دوو کتێبی چاپکراوم هەیە (کەرکووک لە نێوان پیلان و خەمساردیدا -کەرکووک 2006، ئەنفال و سەگە ڕەشەکە و بیابان- کەرکووک 2010) پرۆژەی چەندکتێبێکم لەبەر دەستە.یەکەم لێپرسراوی بەشی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بووم لە دوای ئۆپەراسیۆنی ئازادی عێراقەوە - 2005. چەندین لێپرسراوێتیم لەبەشە جیاجیاکانی کەناڵی ئاسمانیی کەرکووک ئەنجامدوە و ماوەی شەش ساڵە بەرنامەی (بیرەوەری پێشمەرگە) ئامادەو پێشکەش دەکەم و دەیان بەرنامەم تۆمارکردووە،ئێستا پێشمەرگەی خانە نشینم.