نووسینی: شاسوار هەرشەمی
چی لەسەر کوردستانە دوورەکە دەزانیت؟
ئێمە هەمیشە و لە هەموو بۆنەیەکدا، باسی کوردستان و گەلەکەی دەکەین. باسی بێمافی و بەشخوراوی گەلەکەی دەکەین. لە مێشکیشمان چەسپیوە، کە ئەو کوردستانەی مەبەستمانە، هەمانە کە لە ساڵی 1514ز، بووە دوو پارچە و، لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمیشەوە، کرا بە چوار پارچە. واتا ئەو (یەک) کوردستانەی لێی دەدوێین، هەمان ئەو چوار پارچە ناسراوانەن. بەدەگمەن بەبیر خۆمانی دێنینەوە، کە دوو کوردستان هەن. واتا ئێمە هەر جەخت لەسەر ئەو پارچە گەورەترە دەکەین، کە کراوەتە چوار پارچە و، بەسەر دەوڵەتەکانی دەوروبەر دابەشکراون. لە ڕاستیدا کوردستانێکی دووری دیش هەیە، کە بە ڕووبەری خاک و ژمارەی دانیشتوان، لە زۆر وڵات و دەوڵەتی سەربەخۆ و ناسراوی دنیا گەورەترە. با بە زمانێکی ڕوونتر بدوێم و بڵێم، کە لەناو سنوری دەوڵەتی ئێراندا، دوو کوردستان هەن، کە لە ڕووی جوگرافیەوە، لێکدابڕاو و لێکدوورن. کوردستانی دووەم، کە ئێمە لەم گوتارەدا مەبەستمانە بیناسێنین، کەوتۆتە ئەوپەڕی باکوری ڕۆژهەڵات. واتا لە باکوری هەرێمی پان و پۆڕی خوڕاسان هەڵکەوتووە. کوردەکانی ئەوێ، بە خاکی وڵاتی خۆیان دەڵێن (کوردخانە) و، ئێرانیەکانیش ناویان لێناوە (ئوستانی باکوری خوراسانی).
-با بزانین ئەوانە کێن و بۆ لەوێن و لە کەیەوە لەوێ دەژین؟
بونی کورد لە خوراسان، کە بە سەدان میل لە کوردستان دوورە، بونێکی کاتی و ڕابردەیی و سەرپێیی نیە. کوردان لە خوراسان، خاوەنی نیشتمان و وڵاتێکن. ئەوان لەوێ، هەموو مەرجەکانی گەلێکی ئازادە و سەربەخۆیان تێدایە. وەک خاک، زمان، مێژوی هاوبەش و سەربەخۆ و، دابونەریتی تایبەت بە خۆیان. تا ئێستا بە دەیان نوسەر و مێژونوسی کورد، بە شێوە و ئاستی لێکجیا، لەسەر ئەو بەشەی کوردستانیان نوسیوە. هەموو نوسینەکان، لە (خەوشێک)دا هاوبەشن. خەوشەکە ئەوەیە کە ئەوان کوردیان لەوێ دیوە و خەڵکەکەیان، بە شێوەیەکی ئەتنی و نەژادی، وەکو کورد ناساندووە. واتا کوردانی کوردخانە، یان باکوری خوراسان، هەبوون و مێژویان، بە شێوەیەکی ئەتنی نوسراوەتەوە و، لە خاکەکەیان داپچڕێندراون، کە پتر لە هەزار ساڵە تێیدا دەژین و، گۆڕی باوک و باپیرانیان لەوێیە. ئەمەش هەمان ئەو هەڵەیەیە، کە نوسەرو مێژونوسان، لە بارەی مێژومان بە گشتی دەینوسن. واتا لەجیاتی نوسین و ناساندنی مێژوی (نیشتیمانی)، ئەوانە مێژوی (نەتەوەیی) یان (ئەتنی) کوردان، بێ خاک و وڵات دەنوسنەوە. ئێمە لە گوتاری (ساسانیەکان، شانازیەکی تۆراو)دا، بە درێژی ئەو بۆچوونە هەڵەیەمان، بۆ نوسینەوەی مێژو دەرخستووە.
-لە بارەی ژمارەی کوردانی خوراسانەوە، تا ئێستا وەڵامێکی دروستی پشت بەستو بە ئامارمان لەبەردەستدا نیە. ئاماری سەرژمێری کردنی دانیشتوان لە ئێران، هەروەک وڵاتانی دی ناوچەکەش، کە بەشێکی کوردستانیان لە ژێر دەستە، خۆی دەپارێزێ لە هێماکردن بۆ پێکهاتەی نەتەوەیی گەلانی ناو سنوری دەوڵەتەکە. دیارە ئەمە بەو واتایە نیە، کە سەرژمێری لەم بابەتە بوونی نیە. ئەو جۆرە سەرژمێریانە، لەسەر ئاستی دەوڵەت و ناوچە و شار، لە هەموو پارچەکانی کوردستان ئەنجام دەدرێن، بەڵام تەنیا بۆ دەزگاکانی ئاسایشی نیشتمانی، سەر بە دەوڵەت هەیە، تا سودیان لێ وەربگرن. واتا زانیاری زۆر نهێنین و، لە خەڵکی دی دەشاردرێنەوە. زانینی ژمارەی ڕاستەقینەی کوردان، لە وڵاتانی هاوسێ، بە لای بەرپرسانی ئەو دەوڵەتانەوە، وەکو بۆمبێکی ئەتۆمی وایە و، ئاسایشی (دەوڵەت) تێکدەدات، بۆیەشە ئەو زانیاری و سەرژمێریانە، بە نهێنیەکانی دەوڵەت دادەنرێن. بە گوێرەی سەرچاوە کوردیە خۆجێییەکان و خەمڵاندنی شارەزایانی بیانی، ژمارەی کوردان لە باکوری خوراسان، خۆی لە دوو ملیۆن کەسێک دەدات.
بەشی هەرە زۆری کوردانی خوراسان، هێشتا بە زمانی کوردی، شێوەزاری باکور، یان کرمانجی دەدوێن، سەرەڕای ئەوەش کە دەوڵەتی ناوەندی، هەرگیز ڕێگای پێنەداون، گەشە بە زمان و فەرهەنگ و دابونەریتی کۆمەڵایەتی خۆیان بدەن. یاخود ڕێکخراوو دامەزراوەی تایبەت بەو مەبەستانەیان هەبێت. یان بتوانن منداڵەکانیان فێری خوێندن و نوسین بە زمانی دایک بکەن.
بەهۆی ئەو لەمپەرە زۆرانەی لەسەر ڕێگای گەشەپێدانی فەرهەنگی، لەبەر دەمیان دایە. هەروەها بە هۆی ڕێگری بەردەوامی دەوڵەت، لە بایەخ پێدان و گەشەپێدانی زمان. هەروەها بە هۆی نەبونی هیچ بوارێکی پەیوەندی نێوانیان، لەگەڵ خاکی دایک، کوردستان، زمانەکەیان کەموو زۆر کەوتۆتە ژێر کاریگەری زمانی فارسی، بە هۆی خوێندن و فێرمی بوونی زمانی فارسی لە خوێندنگا و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا. هەروەها زمان و زاراوەگەلی تورکیش، کاریگەری بەسەر زمانی ڕۆژانەی کوردانی ئەوێ دیارە. زمانەکانی تورکی، هێشتا لە لایەن بەشێک لە دانیشتوانی ناوچەکە ئاخاوتنی پێدەکرێت. وەک زمانەکانی ئۆزبەکی، کازاکی و تورکمانی. ئەو زمانە کوردیەی کە بە دابڕاوی لە کوردستانی گەورە، بۆ سەتان ساڵ بەکارهاتووە و، ڕێچکەیەکی تایبەت بە خۆی بۆ گەشەکردن وەرگرتووە، لە زۆر لاوە شێوازێکی کۆنی کاریگەریەکانی سەدەی ناوەڕاستی باکوری کوردستانمان بۆ دەردەخەن، کە هۆزە تورکەکانی ئەوێ لەگەڵیان تێکەڵ ببوون. هەروەک زۆر دیاردە و باری زمانی کۆن و پوکاویش، لەو زاراوەیەدا پارێزراوە، بۆیە زمانی کوردی کوردخانە، خەرمانەیەکی دەوڵەمەندە بۆ لێکۆڵەرەوان، تا کاری بەراوردکردنی لەسەر بکەن.
-کوردخانە دەکەوێتە کوێوەی خوراسان؟
خوراسان ناوچەیەکی گەورەو پانوبەرینە. نزیکەی هەموو سنوری ڕۆژهەڵاتی ئێران دەگرێتەوە. واتا لە لای ڕۆژهەڵات، لە سنوری تورکمەنستان لە باکورەوە، بە درێژایی سنوری ئەفغانستان دادەکشێت، تا بۆ سنوری پاکستان درێژ دەبێتەوە. لە ڕۆژئاواش، بیابانی گەورە و قاتوقڕی (لوت)، لە هەرێمەکانی دی ناوەڕاستی ئێرانی دادەبڕێت. هەرێمەکە کراوەتە سێ ئوستان: باکوری خوراسان، خوراسانی ڕەزەوی و، خوراسانی گوڵستان.
کوردان، بە زۆری لەوپەڕی باکور، لە ئوستانی باکوری خوراسان، لە چەند شارو شارۆچکەیەک و دێهاتی تایبەت بەخۆیان دەژین. کوردان بۆخۆیان ژمارەی خۆیان بە پتر لە 2 ملیۆن کەس دەخەمڵێنن. بە گوێرەی سەرچاوە ئێرانیەکان، لە 850 هەزار کەسی دانیشتوانی ئوستانی باکوری خوراسان، پتر لە 595000، پێنج سەت و نەوەد و پێنج هەزار کەسیان، یان 70% لە سەدی دانیشتوانی ئوستانەکە کوردن. واتا کوردان گەورەترین پێکهاتەی نەتەوەیی ئوستانەکەن. ئۆزبک و کازاک 153000 هەزار کەسن. واتا 18% ی دانیشتوان. فارسەکان 60000 هەزار کەسن. واتا 7% دانیشتوان. هەروەک تورکمانی سوننە مەزهەبیش 45000 هەزار و 5%ی دانیشتوانی ئوستانەکەن. لە ئوستانی خوراسانی ڕەزەویشدا 600000، شەش سەت هەزار کورد دەژین. ئەوانەی دی، لە شارە گەورەکانی دی ناوچەکە، وەک مەشهەد نیشتەجێن.
جگە لە قوچان و شیروانە، ئەوان چەندان شاری دی تایبەت بە کوردانیان هەیە. دەکرێت بە زمانی ژمارە بڵێین کە لە خوراسان، 11 شارو 1900 گوندی کوردنشین هەن. ناوی هەندێک لە شارەکانیان بریتین لە: ئەسفەرایێن. چناران. بوجنورت. باجگیران. ئاشخانێ. دەرەکەز. قەڵات. لاین. مانە و سیمیلقان. ڕاز. ڕادکان. فاروج.
-کوردخانە
کوردانی ئەو دەڤەرە، لە 22 هۆزی گەورە و، 122 بنەماڵەی بچوکتر پێکهاتوون، کە ناوی 112 یان لای من پارێزراون. ئەوان بە خاک و وڵاتی خۆیان دەڵێن (کوردخانە). ڕووبەری گشتی خاکی کوردان، یان کوردخانە، بریتیە لە 64.144، شەست و چوار هەزار و سەتو چل و چوار کیلۆمەتری چوارگۆشە. بۆ ئەوەی لە گەورەیی و پان و پۆڕی ئەو خاکە بگەین، دەمەوێت لەگەڵ ڕووبەری چەند وڵاتێکی ناسراوی دنیا، بەراوردی بکەم. ڕووبەری قەتەر 11 هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیە. ڕووبەری تەیموری ڕۆژهەڵات 14 هەزار و 600 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە. هەروەک سلۆڤێنیا 20هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە. ئیسرائیل 21هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە. ئەلبانیا 29 هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە. ئەرمەنستان 29 هەزارو 800 کیلۆمەتری چوارگۆشە. بەلجیک 31 هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە. مۆلداڤیا 34 هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە. تایوان 36 هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە. سویسرا 41 هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە. هۆلەندا 42 هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە. دانمارک 43 هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە. کرواتیا 57 هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە. وەک دەردەکەوێت، هەموو ئەو دەوڵەتە ناسراوانەی سەرەوە، هەروەک زۆری دیش، بە ڕووبەر لە کوردخانە بچوکترن.
جگە لە کوردخانە، ژمارەیەکی زۆر کوردی ناوچەکە، بۆ ئیش و کار، یان هۆکاری دی، لە دەرەوەی کوردخانە و، لە شارە گەورەکانی خوراسان دەژین. وەک مەشهەد، نیشاپور و سەبزەوار. هەندێک سەرچاوە، تەنیا ژمارەی کوردانی دانیشتوی (مەشهەد)، بە 400 هەزار کەس دەخەمڵێنن. دیارە زۆری دیش، بە هۆی خوێندن و کارەوە، پەڕیوەی شارەکانی دی ئێران، وەکو تاران بوون.
-ئەگەر پێناسەی تۆپۆگرافیای کوردخانە بکەین، ئەوا دەڵێین ناوچەیەکی شاخاوی بە پیتە. دوو ڕوباری تێدایە. ئاست و ڕێژەی باران بارین، لە ناوچەکە بەرزە. کشتوکاڵ بە ڕێژەیەکی بەرز دەکرێت. لە هەردوو ناوچەکانی قوچان و ڕاز، نەوت و گاز بە بڕێکی کەم دۆزراونەتەوە.
کوردانی خوراسان، هەروەک کوردانی ناو کوردستان، خاوەنی سامانێکی گەورەو دەوڵەمەندی فۆلکلۆرین. ئەوان دابونەریت و فۆلکلۆری خۆیان، بە شێوەی جۆراوجۆر و، نەوە دوای نەوە، تا ئەمڕۆ پاراستووە. تا سەرەتای سەدەی بیستەمیش، کوردانی ناوچەکە، بە گشتی خەریکی کشتوکاڵ کردن و ئاژەڵداری، (شوانکارەیی) بوون. ئێستا لەوێش، وەک هەر شوێنێکی دی، کاروپیشەی جۆراوجۆر سەریان هەڵداوە. لە شارەکانیشیاندا، بە تایبەت قوچان و شیروانە، هەروەها بوجنورت، ئەسفەرایێن و تا ڕادەیەک شارەکانی دیش، کاروپیشەی باوی شاری و، کارو کارمەندی لە دەزگاکانی دەوڵەت، شان بە شانی دوکانداری و بازرگانی، باوە. بە گوێرەی هەندێک سەرچاوە 60% لە سەدی کوردانی ئەوێ، هێشتا لادێ نشینن و، کاری ئاژەڵداری و جوتیاری دەکەن. 35% لە سەدی دانیشتوانیش، لە شارەکان نیشتەجێن. هەروەک 5%یان، هێشتا بە ژیانی کۆچەری، یان ڕەوەندی دەژین و کوێستان و گەرمیان دەکەن. ئەم شێوە ژیانە سەرەتاییەی کوردان، لە لادێ و ئاژەڵداری، یان ڕەوەندی و کوێستان و گەرمیان کردن، هۆکاری سەرەکی پاراستنی زمان و داب و نەریتی دی وەک جلوبەرگ و خواردن و ئاواز و گۆرانی و داستان و لاوکەکانیان بووە.
-کوردانی باکوری خوراسان، بە تێکڕایی موسوڵمانی شیعەی دوازدە ئیمامین، واتا سەر بە (مەزهەبی دەوڵەت)ن. ئەوان تا ئەم ساڵانەی دوایش، کۆمەڵگایەکی دابڕاوو داخراو و بێئاگا، لە ڕووداو و کاریگەریەکانی کوردستانیان پێکدێنا. لەو سی ساڵەی دوایی دا، ئەو بارو دۆخە بە شێنەیی، بەرەو گۆڕان چووە. ئەوان یەکەمجار لە ڕێگای تارانی پایتەختەوە، توانیان پەیوەندی بە کوردانی کوردستانەوە بکەن. واتا لەڕێی دیتنی ئەو کوردانەی کە بۆ خوێندن، یاخود کارو گەشت، لە تاران دەمانەوە. لە دوای ئاشبەتاڵی شۆڕشەکەی مەلا مستەفا و، ئاوارە بوونی ژمارەیەکی زۆری کورد لە ئێران، بەشێکی ئەو کوردانە لە شیروانە نیشتەجێ کران. ئەوان تازەترین کوردی دەرەوەی ناوچەکە بوون، کە کەوتنە بەر چاوی خەڵکی کوردخانە. من هەندێک لەو کوردانەم بینی، کە دواتر گەڕابوونەوە. لەم ساڵانەی دوایی، ئەو پەیوەندیانە لە گەڵ هاوزمانانی دی کورد، هێدی هێدی ئاڵوگۆڕی فەرهەنگی و مۆسیقاو شێوازی دیشی وەرگرت. ئێستا ماڵپەڕەکانی ئینتەرنێت و کەناڵە ئاسمانیەکان، هۆکارێکی تازەی دی هەڵوەشانەوەی ئەو دابڕانە دوورو درێژەی ئەوانن. سود وەرگرتن و بەکارهێنانی چالاکانە، لە ئینتەرنێت و کەناڵە ئاسمانیەکان، بە داخەوە بە شێوەیەکی زۆر بەرتەسک سودی لێوەردەگیرێت. ئەمەش لەبەر دواکەوتویی کۆمەڵگای کوردی لە لایەک و، قەدەغەی زۆر لەسەر ئەو دوو ئامێرە لە لایەن دەوڵەتیشەوەیە. ئەو سەرە داوە پەیوەندیە کەمانەی، کە ئەوان بۆ کوردستانی گەورە ڕایەڵیان کردووە، بە ئەندازەی پێویست نین. هێشتا هەڕەشەی توانەوە و لە ناوچوون و نەمانیان، لە ڕووی زمان و فەرهەنگەوە، بە توندی لە ئارادایە. ئەگەر بارو دۆخی ڕۆشنبیری و، ئاستی پەیوەندیەکانی ئەو چەند ملیۆن کوردەی خوراسان، هەر بەو شێوەیەی ئێستای بمێنێتەوە، ئەوا زۆر ناخایەنێت، کە ئەوان نامێنن و، تەنیا مێژویەکی ئاڵۆزو دوورو درێژ، لە دوای خۆیاندا، بۆ ئێمە بەجێدێڵن.
مەبەستی ئێمە لەم وتارەدا، ناساندنی کوردانی خوراسان بە خوێنەری کورد نیە. تا ڕادەیەک سەرچاوەی باش و بەڵگەنامەی زۆر لەمبارەیە، لەم ساڵانەی دواییدا کەوتوونەتە بەردەست. کارەکانی کلیم اللە توحدی، لەو بوارەدا جێگای سوپاس و بایەخن. مەبەستی سەرەکی من لەم وتارەدا، ئەوەیە کە نابێ ئێمە چیدی بێدەنگ بین و، ئەوان لەو دابڕاویەدا بێڵینەوە. کوردستانی خوراسان، یان کوردستانی بچوک، یان کوردخانە، مەڵبەندێکی گەورەیە بۆ لێکۆڵینەوەی زمانەوانی، فۆلکلۆر و دابونەریت. ئەوان بەهۆی چەند سەدەیەک دوورکەوتنەوە و دابڕانیان لە کوردانی کوردستان، بەشێک لە دیاردەکانی زمان و دابونەریتی ئەو کاتانەیان بۆ ئێمە پاراستووە، کە لە زمان و زاراوەکانی مەدا نەماون. هەروەک ئاست و ئاراستەی گەشەکردن و کاریگەریەکان، لوسەر زمان، لەوێ زۆر جیاوازترن، بە بەراورد لەگەڵ کوردستانی گەورە. پاراستن و کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوە، لە ژیان و دابونەریت و زمانیان، دەرگایەکی گەورەی توێژینەوەمان بۆ دەکاتەوە.
-لە کەیەوە کوردان لە خوراسانن؟
بوونی ئەو ژمارە زۆرەی کورد لە خوراسان، ماوەیەکی زۆرە سەرنجی مێژونوسان و گەڕیدە و سەرلەشکرو جیهانگەڕان و، تەنانەت هاووڵاتیانی ئاساییشی بۆ خۆی ڕاکێشاوە. بوونی ئەو ژمارە زۆرەی کوردان، کە لە ڕووبەری خاکێکی بەسەریەکەوەیی، لە سەدان گوندو، چەندان شارو شارۆچکەدا بڵاوبوونەتەوە، کۆمەڵێک پرسیارمان ڕووبەڕوو دەکاتەوە: گەلۆ دەبێ ئەوانە هەر خەڵکی ئەوێ بن و، ئەو ناوچەیە وڵات و نیشتمانی هەمیشەیی ئەوان بووبێ؟ یاخود بە دوای لەوەڕو بژێوی، ڕۆژگارێک وڵاتی خۆیان بەجێهێشتبێ و، ڕوویان لە ڕۆژهەڵات کردبێت؟ تا قۆناغ بە قۆناغ و درەنگتر، لە خوراسان گیرسانەوە؟ یان شەڕو هەرای ناوخۆیی، ناو تیرەو هۆزەکانی کوردستان، وای لە هەندێکیان کردبێت، تا سەری خۆیان هەڵبگرن و، لەو شوێنە دوور و دەست پێنەگەیووە بگیرسێنەوە؟ یاخود ڕاگوێزراوی دەستی سوپا داگیرکەرەکانی کوردستانن؟ یان کرێگرتەو جیرەخۆری یەکێ لە ئیمپراتۆریەتە گەورەکانی ناوچە بوون و، فەرمانیان پێدراوە، تا لەو ناوچە سنوریە گرنگە نیشتەجێ بن، بە نیازی پاسەوانی لێ کردنی؟ ئەی بۆ بیر لەوە نەکەینەوە کە لەوانەیە چەند هۆیەک، لەو هۆیانەی سەرەوە، لە چەند سەردەمێکی لێکجیا، کوردی لە چەند لایەکی کوردستانەوە، ناچاری ڕاگواستن و ڕەو کردن بەرەو خوراسان کردبێت!. با دوور نەڕۆین، شتی لەم جۆرە هەر لە سەرەتای سەدەی بیستەمیش لە کوردان قەوماوە. لە گەرمەی شەڕی جیهانی یەکەمدا، بە هەزاران کوردی ئێزدی، کەوتنە ئەرمەنستان وگورجستان. کوردانی ئەرمەنستان، تا ئێستاش دان بە کوردبوونیان نەندراوە، بەڵکو کاربەدەستانی ئەرمەنی، ئەوان بە (نەتەوەی) ئێزدی ناو دەبەن. من خۆم لەسەر پاسپۆرتی ئەو کوردانە بینیومە، کە نوسراوە نەتەوەیان ئێزدیە. هەروەک دوای بڕانەوەی جەنگ و، دوای گوشاری زۆری سوپای ئەتاتورک، بە هەزاران کوردی دی باکوری کوردستان، ڕوویان لە شام و لوبنان کرد و، لەوێ گیرسانەوە. ئەوان تا ئێستاش وەکو کەمایەتی کورد، لەو وڵاتانە چاویان لێدەکرێت.
بۆ لێکۆڵینەوەی هەندێ لەو پرسانەی سەرەوە، دەڵێین مێژو و جوگرافیای مێژویی، فێری کردوین کە لە هیچ سەردەمێکدا، خەڵکی کوردستان و میزۆپۆتامیا، بە دوای لەوەڕ و بژێوی و ژیانی باشتر، ڕوویان لە ڕۆژهەڵات، یان باشور و ڕۆژئاوا نەکردووە. چونکە وڵاتەکە، هەمیشە باران و لەوەڕگای، بەشی پێویستی خەڵکی خۆی هەبووە، بۆیە ئەو هۆکارە لە لێکدانەوەکانماندا دەردەهاوێژین، یاخود پێچەوانەی دەکەینەوە. کوردستان بەتایبەت و میزۆپۆتامیا بە گشتی، دەکەونە نێوان دوو بیابانی گەورە و قاتوقڕ. یەکێکیان بیابانی نیوە دورگەی عارەبیە لە باشور، کە تا دەشتی شام لە ڕۆژئاوا هەڵدەکشێ. دووەم بیابانی گەورەی ئاسیای ناوەڕاست (قەرەقوم)ە. هەر لەگەڵ داهاتنی نوسین و دەستپێکردنی مێژوەوە، دەرکەوتووە کە میزۆپۆتامیا و کوردوستان، هەمیشە کەوتونەتە بەر شاڵاوی کۆچی هۆز و تیرەی ئەو دوو بیابانە گەورەیە. هەردوو بیابانەکە، نەیانتوانیوە بژێوی بۆ خەڵکەکەیان دابین بکەن، بۆیە ناو بە ناو، خەڵکی هەردوو بیابانەکە، سەری خۆیان هەڵگرتووە و، ڕوویان لە نزیکترین ناوچەی بە لەوەڕگا کردووە، کە میزۆپۆتامیا و ناوچە دەشتاییەکانی پاڵ زنجیرە شاخەکانی کوردستان و ئاسیای بچوکن. ئەو کۆچکەرانە، جاری وا بووە، بە پەلامار و شەڕ و داگیرکاری و وێرانکاری هاتوون و، خۆیان داسەپاندووە. هەندێ جاریش، بە هێمنی و ئاشتیانە، پێدزەیان بۆ ناوچەکە کردووە و، خزمەتی جۆراو جۆریان پێشکەشی دانیشتوانە بنەڕەتی و بومیەکە کردووە، تا توانیویانە جێگای خۆیان بکەنەوە. لەو هۆز و شەپۆڵە کۆچانەی، کە لە نیوە دورگەوە هاتوون، دەتوانین ناوی ئەمانە بەرین: ئاموریەکان، کلدان و ئەکەدیەکان، ئاشوریەکان، عیبریەکان، ئارامیەکان، عارەبەکان.
ئەوانەی لە بیابانی ناوەڕاستی ئاسیاش هاتوونەتە وڵاتی ئێمە، دەشێ ناوی ئەمانە بەرین: سەلجوقی، غەز و تورکمان، ئەتابەگ، مەغۆل(ئێلخانیان و جەلایەریان)، تەتەر و تورکان. بێگومانین کە ئەو جوڵە سروشتیە، لە پێش مێژوشەوە هەر هەبووە، بەڵام لەبەر نەبونی نوسین، ناو و سەردەمەکانیان تا ئێستا بۆ ئێمە ڕوون نەبۆتەوە. دەکرێ هەر بۆ نمونە ناوی تیرەو هۆزە هیندۆروپیەکان بەرین، کە لە شوێنێکی باکوری ڕۆژئاوای ئاسیا، یان باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە، بە چەند شەپۆلێک ڕوویان لە هەمان ناوچە کردووە.
زۆرێک لە مێژوونوسانی هاوچەرخ، هێما بۆ ئەوە دەکەن کە کوردانی ئەمڕۆی خوراسان، لە سەردەمی شا عەباسی سەفەوی (1587-1628زاینی)یەوە، بە بڕیارێکی شا، بە مەبەستی پاراستنی سنورەکانی باکوری خوراسان، لە پەلامارو پێدزەکردنی هۆزە تورکمانە سوننەکانی باکوور، بۆ ئەو شوێنە نێردراون. بێگومان ئەوانەی بوونی کوردان بۆ ڕاگواستنەکانی سەردەمی شا عەباسی سەفەوی دەگێڕنەوە، هەندێ بەڵگەنامەی مێژویی و، هەندێ نوسراوی مێژونوسانی هاوچەرخی شا عەباسیان لە بەر دەستە، کە پشتیان پێبەستوون. من نامەوێ ڕاگواستن، یان ناردنی کوردان بۆ خوراسان، لە لایەن شا عەباسی سەفەوییەوە بخەمە ژێر پرسیارەوە، بە پێچەوانەوە دواتر هەوڵدەدەم پاشخانی ئەو ڕووداوانەش تاووتوێ بکەم، بۆ ئەوەی بزانین کە ئاخۆ ئەو کوردانە کێ بوون، تا ئەوەندە جێباوەڕی شا عەباس بن و، ئەو ئەرکە گەورەیان پێ بسپێردرێت. یان با بزانین ئەو کارەی، تەنیا دوور خستنەوە و ڕاگواستنێکی ئاسایی بوو، لە دژی ئەو هۆزانەی کورد، کە دژایەتی دەستەڵاتی سەفەویانیان دەکرد؟
ئەوەی جارێ بەر لەو باسە، من بەدوایدا وێڵم، ئەوەیە کە، ئاخۆ هەموو ئەو ملیۆنان کوردەی خوراسان، نەوەی ڕاگوێزراوەکانی سەردەمی شاعەباسن؟ من بە دڵنیاییەوە دەڵێم نــــــا. وەک دواتر بە هێنانەوەی بەڵگەی جۆراو جۆر دەیسەلمێنم، کە بوونی کوردان لە خوراسان، زۆر لەو ڕووداوەی دەدرێتە پاڵ شاعەباس کۆنترە. تەنانەت بەڵگە لەبەر دەستن، کە ئەوان زۆر پێش دروستبوونی دەوڵەتی سەفەویش لە ساڵی 1502ز، بە شارەکانی قوچان و شیروانەیان گوتووە (وڵاتەکەمان).
شەپۆلە کۆچەکانی نیوە دوورگەی عارەب لە خوارو، ئەوانەی دیش لە ناوەڕاستی ئاسیا، هەمیشە مەترسی گەورە بوون، بۆ سەر دەوڵەت و فەرمانداری و دامەزراوەکانی میزۆپۆتامیا. خودی شا عەباس و تیرەکەی، (مەبەستم تورکزمانەکانی عەجەمە)، بەری یەکێ لەو شەپۆلانە بوون و بوونە دەستەڵاتداری ناوچەکە. مێژونوسان باس دەکەن کە چۆن پاشاکانی ساسانی، لە زنجیرە چیای قەفقاس و خوراسان، پایگای قایمی سەربازیان دامەزراندووە. لە تەنگەبەرو دەروازەکانی هاتوچۆشدا، لە زنجیرە چیای قەفقاس، چەندان تیرەو هۆزیان، کردۆتە پاسەوانی سنور، یان (مەرسەوان). ساسانیەکان بەو دەروازانەیان دەگوت (دەربەند)، کە دوای هاتنی عاربان، ئەوان ناوەکەیان بۆ (بابولئەبواب) وەرگێڕا. من بە دووری نازانم، هەر لە سەردەمی ساسانیدا، دەستە سەربازی کورد، یان هۆزو تیرەی شەڕکەرو جەنگاوەری کورد، کاری پاسەوانی و مەڕسەوانیان، لە سەر سنورەکانی خوراسان کردبێت و، لەوێش گیرسابنەوە. جارێ ئەم گریمانەیە تەنیا پشتی بەیەک بۆچوون بەستووە، ئەویش بوونی کەونارای کوردانە لە خۆراسان. جگە لەو بنەمایە، بە داخەوە بەڵگەیەکی دی مێژویی، جارێ لەبەر دەستدا نیە.
بە گوێرەی ئەو زانیاریە پەرتوبڵاوانەی، کە مێژونوسانی بەرایی ئیسلام، تۆماریان کردوون، شەپۆلی گەورەو یەک لە دوای یەکی کوردان بۆ خۆراسان، لە دوای نەمانی دەستەڵاتی خانەدانی ساسانی و، لەدەستچوونی دەستەڵات و سەروەری کوردانەوە، دەستی پێکردووە.
هەر بە گوێرەی ئەو سەرچاوانە، کۆچی کوردان بۆ خوراسان، لە باکورەوە نەبووە، بەڵکو لە ناوچەی پان و پۆڕو بەرفراوانی (پارس)ەوە بووە. ناوچەی پارس، کە تا ڕادەیەکی زۆر هەمان (ئوستانی فارس)ی ئەمڕۆی ئێرانە، هەروەکو چەندان مێژونوسی سەردەم و سەدە جیا جیاکان باسیان لێوەکردووە، یەکێک بووە لە ناوچە هەرە گەورە و گرنگەکانی کوردنشین، لە سەروبەندی زاڵ بوونی لەشکری عارەب و، بڵاوبوونەوەی ئیسلامدا. ئەو کاتە هێشتا زمانی هاوچەرخی فارسی دروست نەببوو (زمانی فارسی هاوچەرخ، زادەی سەدەی هەشتەمی زاینیە). دیارە کوردانی پارس، بە شێوازێکی ناوچەیی خۆیان، (پارسی) دەدوان، هەروەکو چۆن ناوچەکانی دیش، شێوەزاری خۆیان هەیە، (گۆرانی، هەورامی، موکریانی، بادینانی،..هتد). بە بۆچوونی من، میللەتی فارس، دوای دەرکەوتنی زمانی فارسی و، بە گرتنەخۆی ئەو زمانە، بەرە بەرە هاتۆتە کایەوە و دروست بووە. واتا زمانی فارسی، یەک دوو سەدە لە نەتەوەی فارس کۆنترە. (بۆ زانیاری پتر دەربارەی ئەم بابەتە، سەیری شاسوار هەرشەمی، هەندێک زانیاری گشتی لەبارەی زمانەوە، کوردۆلۆژی. سلێمانی 2009 لاپەڕە 68 بکە). بەر لەوەی باسی هۆکارەکانی کۆچی کوردانی پارس بۆ خوراسان بکەین و، ئەو سەرچاوانەش دەستنیشان بکەین، کە ئاماژەیان بۆ ئەمە کردووە، هەروەها ئاماژەش بۆ ئەو سەرچاوانە بکەین، کە بونی کۆنی کوردان لە خوراسان دەسەلمێنن، بە باشی دەزانم بۆ سەلماندنی بوونی چڕو پڕو هەمیشەیی کوردان لە پارس، پەنا بۆ قسەی چەند مێژونوسێکی ناسراوی سەردەمە جۆراو جۆرەکان بەرم.
مێژونوسان، بنەچەی ئەردەشێری ساسانی، دامەزرێنەری خانەدانی دەستەڵاتداری ساسانیان، بۆ ناوچەی پارس و، لەوێش بۆ شاری (ئەستەخر) دەگێڕنەوە. لەسەر کورد بوون و بە کورد ناسرانی ئەو بنەماڵەیە، بە دەیان بەڵگەنامەی مێژویی هەن. ئێمە بە پێویستی نازانین لێرەدا دوپاتیان بکەینەوە. دەکرێت لەم بوارەدا، سەیری ئەم سەرچاوەی خوارەوە بکەیت: (شاسوار.خ. هەرشەمی: کارنامەی ئەردەشێری بابەکان، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی، 2000). چ پێش ساسانیان و، چ لە سەردەمی ساسانیشدا، ناوچەی پارس، ناوچەیەکی ستراتیژی ناسراو و جێبایەخ بووە. کەچی خەڵکەکەی هەرگیز وەکو نەتەوە یان گەلێکی سەربەخۆ ناو نەبردراون. زۆر جار پارس، بە هەموو جوگرافیای ناوچەکە گوتراوە. لە دوای پەلاماری عارەبان و سەقامگیربوونی ئیسلام بە چەند سەدەیەکیش، سەرچاوە ئیسلامیەکان باسی نەتەوەی فارس ناکەن، بەڵکو باسی کوردانی پارس یان فارس دەکەن، کە بوونیان دیارو گەورە و کاریگەر و بەرچاو بووە. با بە چاوخشاندنێکی خێرا ببینین جوگرافیزان و مێژونوسانی بەرایی ئیسلام، چیان لەسەر (فارس) نوسیوە: (استخری) جوگرافیزانی ناسراو و گەورە، لە ساڵی (340)ی کۆچی نوسیویەتی (بنەماڵەی کورد لە پارس ئەوەندە زۆرن کە لە ژماردن نایەن). (ابن حوقل) لە ساڵی (367)ی کۆچی نوسیویەتی، (کوردانی پارس، لە سەر زەوی پارس، پتر لەسەت تیرەن، من سی و هەندێکم ناوبردون.. خەسرەوی، شاکانی، ستامهیری، ئازەرکانی، بەندادمیهری، ڕامانی، میهرکی، شاهۆیی...) تا دوایی.
نەختێک درەنگتر، (مقدیسی) لە ساڵی(375)ی کۆچیدا، لە کتێبە ناسراوەکەی (أحسن التقاسم فی معرفە الأقالیم)دا نوسیویەتی، (سی و سێ خێڵی کورد لە پارسن، کە پێنجسەت بنەماڵەن). من گومان دەکەم مقدیسی، مەبەستی تەنیا ئەو سی و سێ خێڵەن، کە چەند ساڵێک پێش ئەو، (ابن حوقل) لە ناو پتر لە سەت خێڵی کورد لە پارس، ناوی هەر سی و سێی تۆمار کردوون. (إبن بلخی) لە کتێبی ناسراوی (فارسنامە)دا، دێرێکی گرنگی لەسەر کوردانی پارس نوسیوە: (شان و شەوکەتی لەشکری فارس کە هەیە، لە کوردانەوەیە). نوسەری ناسراو (یاقوتی حەمەوی)، لە سەدەی شەشەمی کۆچیدا، ناوی شارۆچکەیەکی لە کتێبەکەیدا بە (کورد) تۆمار کردووە، کە کەوتبووە ناوچەی (بەیزای فارس). قسەی ئەو نوسەر و مێژونوسانە، لە سەردەمی جیا جیادا، هەموی ئەوە دەردەخەن کە بوونی کوردان لە پارس، هەروا ڕاگوزاری و کاتی نەبووە، بەڵکو بەڵگەکان وای دەردەخەن کە پارس، پێش پەلاماری عارەبەکان، شان بە شانی ماد، یەکێک بووە لە ناوەندە گەورەو گرنگەکانی کوردنشین.
-(شوانکارە)کان، خێڵکی ناسراوی دی کوردن. (ئیبن بەڵخی) لە سەدەی شەشەمی کۆچیدا، بە درێژی باسی ئەو خێڵەی کردووە، لەگەڵ شوێنی نیشتەجێبوونیان، لە ناوچەی پارس.(ئیبن بەڵخی) شوانکارەکان بە کورد ناو دەبات، هەروەک کە تا ئەمڕۆشی لەگەڵ دابێت، هۆزی ناسراوی شوانکارە، خۆیان بە کورد و، نەوەی ئەردەشێری بابەکانی، دامەزرێنەری دەستەڵاتی ساسانی دەزانن. (موحەمەد شوانکارەیی) لە نامیلکەکەیدا (مجمع الانساب)، کە لە ساڵی 733ی کۆچیدا نوسیویەتی، دەنوسێ: (ڕەچەلکی پاشاکانی شوانکارە، لای نزیکەی تەواوی مێژوناسان و زانایانی ڕەچەلەک ڕوون و دیارە، کە ئەوان لە نەوەی ئەردەشێری بابەکی ساسانین و، لە زۆر کتێبیشدا ئاماژە بۆ ئەمە کراوە...).
ئەم نمونانەی سەرەوە، مشتێکن لە خەروارێک هێماو ئاماژە، بۆ هەبوونی بەربڵاوی کوردان لە پارس. وەک نوسینەکان دەریدەخەن کە کورد لە پارس بێگانە نەبوون، بەڵکو بە چڕی تێیدا دانیشتوون. جگە لە نیشتەجێبوون، کوردان لەوێ، لە هەموو بوارەکانی ژیانیشدا ڕۆڵیان هەبووە. ناوچەکە لە ڕووی جوگرافیشەوە، درێژبووەوەیەکی ئاسایی و سروشتی کوردستان بوو. لێرەدا ئەم پرسیارە لای خوێنەر قوت دەبێتەوە و، داوای وەڵاممان لێدەکات: گەلۆ ئەگەر ناوچەی پارس کوردنشین بووبێ، هەروەک ئەو هەموو نوسەرە ناسراوانەی سەرەوە، باسی زۆری ژمارەی کوردان دەکەن لەوێ، ئەی ئەوانە چیان لێهات؟ بۆچی ون بوون و نەمان! لە کەیەوە ناوچەکە لە کورد چۆڵ بووە؟. بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە، دەبێ لەو گۆڕانکاریانە بکۆڵینەوە کە لە دوای نەمانی دەستەڵاتی ساسانیان و، سەقامگیربوونی دەسەڵاتی عارەبان، هاتنە پێش. کوردانی دانیشتوی پارس، هەروەک کوردانی پەهلەوی = پەهلی = پەیلی = یان فەیلی، کە دانیشتوانی شاری تەیسەفونی پایتەختی ساسانیان و دەوروبەری بوون، خۆیان بە بەشێک لە دەستەڵاتی ساسانی داناوە. بۆنا؟ ئەی بنەماڵەی ساسانیش لە پارسەوە نەهاتوون! هەر بۆیەشە ئەوان، لەناوچوون و نەمانی دەستەڵاتی خۆماڵیان، زۆر بەگران لەسەر هات و، نەیانتوانی وا بە ئاسانی باوەڕ بە واقیعی تازە بکەن و، مل بۆ ئەو بارە تازەیە شۆڕ بکەن. خەڵکی پارس و تەیسەفون. لە هەموو شوێنێک پتر بەرگریان لە دەستەڵاتی ساسانیان کردو، دواتریش لە هەموو ئەو ڕاپەڕینانە بەشدار دەبوون، کە لە ناوچەکەدا، لە دژی دەستەڵاتی هەڵپڕوکێنەری عارەبان، بەرپادەکران. زۆر هۆکاری دیش هەبوون، کە ئەوانی لەسەر خەبات سورترو شێلگیرانەتر دەکرد، لەوانە: جیاوازی ئاین و زمان و دابونەریت. سەپاندنی ئاینی تازە بە سەریاندا و، لەمەش گرانتر، لە دوای شەڕ، کە کوشتارو وێرانی و بە کۆیلەکردنی ژن و کچان و تاڵانی زۆری بە دواوە بوو، ناچاریش کران تا باج و سەرانە (جزیە)یەکی یەکجار زۆریش، بە دەستەڵاتدارانی تازە بدەن. مێژونوسان ئاماژەیان بۆ ئەمە کردووە، کە دەستەڵاتدارانی تازەی عارەبی موسوڵمان، سیستەمێکی بەرنامە بۆ داڕێژراویان پیادە کردووە، بۆ نیشتەجێ کردنی عارەبان لە خاکی ساسانی. نیشتەجێکردنی ئەو بێگانانەش، بە پارەو پوڵ ئەرک و ماندوبوونی خەڵکەکەشی جێبەجێکراوە. دەستەڵاتدارانی تازەی عارەب، هەر زوو دوو شاریان بۆ نیشتەجێ کردنی عارەبەکان دروستکرد، بە ناوەکانی کوفەو بەسرا، بۆ ئەوەی خەڵکە ڕەوەندو بیاباننشینەکان ڕابێنن بە ژیانی شاری و نیشتەجێ بوون. دەستەڵاتداران، خەڵکی شاری (دینەوەر)یان ناچار کرد، تا بە پارەو پولی خۆیان، عارەبی کوفە بژێنن. لەو کاتەشەوە بە دینەوەریان گوت (ماە کوفە)، یان (مادی کوفەییان). بەهەمان شێوەش (نەهاوەند)یەکانیان ناچار کرد، تا عارەبە تازە هاتووەکانی بەسرا بژێنن و، ناوی نەهاوەندیش بۆ (ماە بەسرا) گۆڕدرا.
ئەو دوو نمونەیە دەریدەخەن کە تاڵان و ڕەتاندنی خەڵکەکە، هیچ سنورێکی نەبووە. کاتێک کە حەجاجی کوڕی یوسف، دەبێت بە والی کوفە و، دەستەڵاتی بەسەر خوزستان و پارسیش ڕادەگات، ئەو لە هیچ کارێکی دڕندانە و نامرۆڤانە ناپەنگێتەوە. مێژونوسان، بە درێژی باسی کارە دڕندەییەکانی حەجاجیان تۆمار کردووە، بەڵام کەمیان جەختیان کردۆتە سەر ئەوەی کە ئەو بۆ ڕووتاندنەوەی خەڵک، پرەنسیپەکانی ئیسلام و بەڵێنە چەورەکانی بەهەشتیش دەخاتە ژێر پێیەوە. حەجاج بە ڕووتاندنەوەی جوتیاران بە ناوی (جزیە)، یان سەر کڕینەوەی ئەو ناموسوڵمانانەی، کە لە ژێر دەستەڵاتی ئیسلام دەژین، ساڵانە پارەیەکی مفتی دەست دەکەوت و، خەزێنەی دەوڵەتی ئەمەوی پێ دەوڵەمەند کردبوو. کاتێ کە جوتیاران دەیانبینی کاربەدەستانی حەجاج، چۆن بە ناوی (جزیە)وە، بەرهەمەکانیان لەژێر دەست دەردەهێنن و، ژن و منداڵەکانیان بە برسێتی دەمێننەوە. ئەوان بۆ ڕزگاربوون لە جزیە، ناچار بوون تا بە لێشاو ببنە موسڵمان، بەو هیوایەی وەکو موسوڵمانانی دی، هەر (خەراج) و (زەکات) بە (بەیتولمال) بدەن و، (جزیە)دانیان لەکۆڵ ببێتەوە، کە بڕێکی زۆری داهاتیان بوو. حەجاج نەیتوانی بپەژیرێنێ کە خەزینەکەی وەک جاران پڕنابێتەوە، بۆیە کەوتە هەڕەشەو ڕێگرتن لە موسوڵمان بوونیان.
دەستەڵاتدارانی بەرایی ئیسلام، جیاوازیەکی ئاشکرایان لە نێوان موسوڵمانی عارەب و گەلانی دی موسوڵمان دەکرد. عومەری کوڕی خەتاب، پارەی دەست بەسەر داگیراو و کۆکراوەی وڵاتانی ساسانی و شام و میسری، بە خۆڕایی بەسەر هەموو تاکێکی عارەبی مەدینە دابەش دەکرد. هەر لە منداڵی تازەبوو، تا بەساڵداچوان، شتێکیان لەو پارە کۆکراوەیە دەستکەوت. لە کاتێکدا، موسوڵمانانی ئەو شوێنانە، بۆ پەیداکردنی پاروە نانێک بۆ منداڵەکانیان، ڕەنجیان دەکێشا. ئەگەر موسوڵمانێکی نا عارەب، لە بەرامبەر ئەو نادادپەروەریانەیان بێدەنگ و ملکەچ و گوێڕایەڵ با، ئەوا ناویان لێدەنا (موالی). خۆ ئەگەر دەنگیشی هەڵبڕیبا و، بیگوتبا کە موسوڵمانان هەموویان دەبێت مافیان وەکو یەک بێت و، نابێت جیاوازیان پێ بکرێت، ئەوا ئەو موسوڵمانە زۆڕەو و، زۆر بڵێیە، ناوی لێدەندرا (شعوبی). چەندان بنەماڵە و خێڵی نەوموسوڵمانی عارەب، هاتنە دەشتی بە پێزی خوزستان و پارس و تێیدا نیشتەجێ بوون. ئەوان دەستیان بەسەر زەویوزاری خەڵکیدا گرت. دیارە ئەو کارو ڕەفتارانە، بەرەنگاریی و ناڕەزایی لێدەکەوێتەوە. مێژونوسان باسی سەرکوتکردنی چەندان ڕاپەرینیان بۆمان تۆمار کردووە. بە سەرکوتکردنی ڕاپەڕینەکان، گوشاریش لەسەر خەڵکی ناوچەکە پترو پتر دەبوو. ئەم دێرانەی سەرەوە، وەسفێکی گشتی ئەو بارودۆخ و، ئەو زەمینەیە بوون کە کوردانی پارس تێی کەوتبوون. بەشێکی زۆریان، یان ڕاونران و لە زێدو بوومی خۆیان وەدەرنران، یاخود ناچار کراون، تا سەری خۆیان هەڵگرن و کۆچ بکەن. پێشەنگی ئەو کۆچانە، تا ئێستاش لە ناو شاری چەند ملیۆنی مۆمبای (بۆمبای جاران) دەبیندرێن، کە بریتین لەو زەردەشتیانەی، لەو کاتەوە وڵاتیان بەجێهێشت و، تا هیندستان سەری خۆیان هەڵگرتووە.
-کۆچ بۆ خوراسان:
خوراسان ناوچەیەکی دوورە دەست بوو. خەلیفەی ئەمەویان، کە لە شام و شاری دیمەشق فەرمانڕەوایەتی دەکرد، وا بە ئاسانی زانیاری لەسەر ئەو ناوچە دوورە دەستە وەرنەدەگرت. ئەگەر زانیاریشی لەسەر چالاکی ناڕازیان هەبا، ئەوا پێڕانەدەگەیی، تا بە ئاسانی و بێ گیروگرفت، کۆنترۆڵی دەڤەرەکە بکات. زنجیرە چیاکانی کوردستان و بیابانی وشکی لوت لە ناوەڕاستی ئێران، گەیشتن بە خوراسانی هەندەی دی زەحمەت کردبوو. ئەو تایبەتمەندیەی خوراسان، هەرێمەکەی کردبووە مەکۆی کۆبونەوەی ناڕازیانی دەستەڵاتی ئەمەوی. جێگای سەرنجە، کە ژمارەیەکی بەرچاو لە عارەبی ناڕازی دەستەڵاتی ئەمەویش، بە تایبەت لایەنگرانی عەلی و عەباس (ئامۆزا و مامی پێغەمبەر)، خوراسانیان کردبووە پەناگەی خۆیان و، لەوێوە خەریکی خۆسازدان و خۆڕێکخستنەوە بوون، تا بۆ ئەو ڕۆژە ئامادەبن کە چاوەڕوانیان دەکرد. ژمارەی کوردان لە خوراسان، هەر ئەو سەردەمە زووە، ئەمەندە زۆرو بەرچاو بووە، کە سەرنجی ناڕازیانی لایەنگری عەلی و عەباسی بۆ خۆی ڕاکێشاوە. من گومانم بۆ ئەوە دەچێت، کە کاتێ کوردانی پارس هەڵاتوون و ڕوویان لە خوراسان کردووە، (دواتر بە بەڵگەوە باسی دەکەین)، هۆزو تیرەی دی کورد لەوێ هەبووبن، جا چ ئەوانەبن کە ڕاستەوخۆ دوای گیرانی تەیسەفون و شکانی ساسانیان ڕوویان لەوێ کردووە، یان وەکو هۆزی جەنگاوەر، لە سەردەمی ساسانیاندا بۆ پاراستنی مەرزوبوومی ناوچەکە، لەوێ گیرساونەتەوە. دەکرێت بوونی کوردان هێشتا کۆنتر و سروشتی بووبێت، بەڵام سەلماندنی ئەمە، پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زمانەوانی و مەیدانی ورد هەیە. مێژونوسی ناسراوی هەولێری، (ئیبن خەلیکان، ابن خلکان) لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا (وفیات الأعیان)، سەرنجی ئێمە بۆ بوونی ژمارەیەکی زۆری خێڵ و تیرەو هۆزی کورد، لە خوراسان ڕادەکێشێ، لە سەدەی دووەمی کۆچیدا. ئەو بە زمانێکی ڕوون دەنوسێ (ئەبو موسلیمی خوراسانی، لەو دەستانە بوو، و لە ناو کوردان سەری هەڵداو ڕاپەڕی...).
ئەبو موسلیم، ڕێبەری سەرەکی ڕاپەڕینەکان بوو لە دژی ئەمەویان. ئەو بە لەشکرێکەوە بۆ شەڕی ئەمەویان داکشاو، لە جیاتی ئەوەی ڕووبکاتە کوفەی مۆڵگەی لایەنگرانی عەلی و عەباس، یەکسەر ڕووی لە کوردستان کرد. ئەو لە ساڵی 750ی زاینی، لەسەر زێی بادینان، کە بە زێی گەورەش ناسراوە، ڕووبە ڕووی لەشکری ئەمەویان دەبێتەوە و تێکیان دەشکێنێ. دوای ئەو شکانە، ئەمەویەکان دەستەڵاتیان دادەتەپێت. ئەبو موسلیم، دوای سەرکەوتنی، هەڵسا (ئەبولعەباسی سەفاحی (750-754زاینی) لەسەر تەختی دەستەڵات دانا، بەمەش زنجیرەی خەلافەتی عەباسیان دەستی پێکرد، کە تا ساڵی 1258 زاینی خایاند. ئەو سەردەمە، ڕەگەزو ڕەچەلەک، بایەخی یەکجار زۆری هەبوو، لە دەستەڵات گرتنە دەست. تەنانەت زۆر دوای ئەو سەردەمەش و، لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، زۆر لە ڕۆشنبیرانی نوێخوازی ئیسلام، لایان وابوو کە خەلیفەی موسوڵمانان، دەبێت کەسێک بێت، لە نەوەکانی پێغەمبەرەوە هاتبێت. ئەو کارەی ئەبو موسلیم، دەبێ لەو چوارچێوەی بیرکردنەوەیەدا لێکبدرێتەوە. ئەبو جەعفەر مەنسوری برای سەفاح (754-775 زاینی)، لە توانا و دەستەڵاتی ئەبوموسلیمی کوردی خوراسان تۆقی بوو، بۆیە لە هەلێک دەگەڕا تا کۆتایی پێبهێنێ. ئەوەبوو بە پێی نەخشەیەک پاسەوانەکانی وی، لە ناو دیوەخانی کۆشکی خەلیفە و، بە بەرچاوی ئەبو جەعفەر خۆی، ئەبوموسلیمیان گرت و کوشت. هەرهەمان ڕۆژیش، بە شمشێر کەوتنە ناو خزم و کەس و کارو هاوکارانی و، هەموویان قڕ کردن. (أبو دلامە)ی شایەری خەلیفە، لە خۆشی کوژرانی ئەبو موسلیم، پارچە شیعرێکی هۆنیوەتەوە کە سەرەتاکەی ئاوایە:
أیـــــا مـجرم مـــا غیر اللە نعمـــــە علی عبدە حتی یغیرها العبد
أفی دولە المنصور حاولت غدرە ألا أن أهل الغدر آبائک الکـرد
واتا: ئەی تاوانبار، خودا لە بەندەی خۆی ناگۆڕێت، تا بەندە خۆی، لە خۆی نەگۆڕێت. تۆ لە ناو دەوڵتی مەنسوردا ویستت ستەمی لێ بکەیت، چونکە باوکە کوردەکانیشت هەر ستەمکار بوون.
ئەبو موسلیم، هەر لە بنەڕەتدا دەستەڵاتخواز نەبووە، گەر نا بە ئاسانی دەیتوانی ببێت بە پاشایەکی بەتوانا. ئەو بە دوای دادپەروەری و یەکسانیدا وێڵ ببوو. ئەو و زۆری دی دوای ویش، بوونە قۆچی قوربانی ئەو بیرۆکەیە. دەستەڵاتدارانی عارەبی عەباسیش، زۆر بە توندی هەوڵیاندا، هەر بە شێوەی ئەمەویان، خۆیان بەسەر گەلانیدا بسەپێنن، بەڵام نەیانتوانی ڕەوڕەوەی مێژو بگێڕنەوە دواوە. ئەو ئامانجەی کە ئەبو موسلیم خوێنی بۆ ڕشت، درەنگتر بەدیهات. دەوڵەتی عەباسی، ڕەنگی نەتەوەیی لێ پەڕی و، لەبەری داکەندرا. خەلیفە، لە زوربەی سەردەم و کاتەکاندا، تەنیا وەکو سیمبولێکی ئاینی چاوی لێدەکراو، دەستەڵاتی لە دەست نەمابوو. لە گۆشەو کەناری وڵاتی پانو بەرینی خەلیفەدا، دەیان میرنشین و دەوڵەتی جۆراو جۆری سەر بە تیرەو هۆزو نەتەوەکانی دی، لە ناویاندا کوردیش، سەریان هەڵداو قوت بوونەوە و، ڕۆڵی مێژویی خۆیان گێڕا، بەڵام تا ئەو ڕۆژگارو سەردەمە هات، زۆرانی دیش، توشی دەردو مەینەتی بوون. لە ناویاندا کوردانی پارس بوون. مەبەستمان کۆچی کوردان بوو، کە لە پارسەوە ڕوویان لە خوراسان دەکرد، تا لە دەست جەوری خەلیفە و دەستو پێوەندەکانی دەرباز ببن. با بزانین دانەری کتێبی مێژوی سیستان، کە لە ساڵی 1030 زاینی نوسراوە، لەمبارەیەوە چی نوسیوە: (بەهۆی زۆربوونی کوردان لە سیستان، (یعقوب لیث صفاری)، هەڵسا میرێکی ڕاسپارد بە ناوی عبدالرحمن خارجی، بۆ ڕێکخستنی کاروباری کوردەکان. ئەوانە کوردانی پارس بوون، کە یارمەتی یەعقوبیان دابوو لە دژی دەستدرێژیەکانی خەلیفەی عەباسی). دەبێ مەبەست لە خەلیفەی پازدەمی عەباسیان (المعتمد (870-892ز) بێت، کە شەڕی لەگەڵ یەعقوبی سەفاری کرد. سەفاریەکان، لە نێوان ساڵانی (868-908ز)، لە سیستان حکومەتێکی سەربەخۆیان دامەزراندبوو. ئەو کاتە عەباسیەکان توشی گرفتی دی هاتبوون. واتا ئەمە لە کاتی شۆڕشی کۆیلاندا بووە، لە خاکی سوادی عێراق. لە نێوان ساڵانی (868-883زاینی). بە هەزاران زنجی کۆیلە، شان بە شانی موالیەکان، یان خەڵکی ناعارەبی نەو موسوڵمان بووی دانیشتوی ناوچەکە، لە دژی خاوەنەکانیان ڕاپەڕین و دەستیا بەسەر ناوچەکەیاندا گرت. کوردانی پارس، کە لەوانەیە هەمان ئەوانە بن کە بە موالی ناویان هاتووە، دوای شکانی ڕاپەڕینەکان، لەوێ و لە سیستان پەنا درابوون. ئەوان لەو حکومەتەدا بە زمانی ئەمڕۆ، وەزارەتێکیان هەبووە، بۆ ڕێکخستنی کاروبارو ژیان و گوزەرانیان. وەک دەزانین سیستان دەکەوێتە بەشی خواروی خوراسانەوە. دەبینین مێژونوسی بە توانای سەدەی دەیەمی زاینی، ئەلمەسعودیش، لەمیانەی ئاماژەکردنی بەو ناوچانەی کە کوردی لێ دادەنیشن، ئاماژە بە خوراسان دەکات. ئەو دەنوسێ کە: هۆزو تیرەی دی کوردیش هەن لە ناوچەکانی: پارس، کرمان، سجستان، خوراسان، ئەسبەهان، کوێستان (ناوی هەرێمی ساردو شاخاوی کوردستان بووە و، لە سەرەتای دەستەڵاتی عارەبان پێیگوتراوە قهستان، دواتر شێوە عارەبیەکەی "الجبال، ئەلجیبال" بەکاربردراوە). هەروەک دەنوسێ لە ماهەکانیشدا(مەبەست ناوچەکانی میدیایە)، ماهی کوفە (مەبەست شاری دینەوەر و دەوروبەریەتی)، ماهی بەسرا(مەبەست شاری نەهاوەند و دەوروبەریەتی)، ماهی هەبەدان، ئیگارین، کەرج، بورج، ئەبی دەلەف، هەمەدان، شارەزور، داراباد، ئاران، بەیلەکان، بابولئەبواب (مەبەست لە دەربەندی گوزەرگای کێوی کەفکاسە)، کورد هەن. ئەو سەرچاوە زۆرو پەرتو بڵاوانەی ئاماژەمان بۆ کردن، لەگەڵ ئەو نمونانەی هێمامان بۆ کردوون، بوونێکی گەورەو پەرت و بڵاوی کوردانمان بۆ دەسەلمێنن، لە ناوچەکانی سیستان و خوراسان. ئەم بوونە، لانی کەم هەر لە سەدەی شەشەمی زاینیەوە، تا سەدەکانی درەنگتریش دیارە. واتا بەڵگەی بوونی کوردان لە خوراسان، هەشت سەت ساڵ پتریش، پێش پەیدابوون و هاتنە سەرکاری پاشایانی سەفەوی (1502-1736ز) لە بەر دەستدایە.
-قوچان و شیروانە:
ئەمڕۆ هەردوو شارەکانی قوچان و شیروانە، بە لادێکانی دەوروبەریشیانەوە، گەورەترین و ناسراوترین ناوەندی کوردین، لە باکوری خوراسان. زۆر جاران کە باسی ڕاگواستنی کوردان بۆ خوراسان دەکرێت، لە لایەن شا عەباسی سەفەویەوە، ئەوا پەنجە بۆ دانیشتوانە کوردەکەی ئەو دوو شارە ڕادەکێشرێت، وەکو نەوەکانی پاشماوەی ئەو ڕاگوێزانە مێژوییە. ئێمە ڕاستی و دروستی ئەو بابەتەش دەخەینە ژێر پرسیارەوە، چونکە بەڵگەی مێژویی پێویست لە بەردەستدان، کە زۆر بە ئاسانی دەیسەلمێنن، قوچان و دەوربەری، زۆر پێش شاعەباس و، تەنانەت پێش پەیدابوونی دەستەڵاتدارێتی سەفەویانیش، شارو ناوچەیەکی تەنیا کوردنشین بووە.
لامان وایە باشترین و زیندوترین بەڵگەنامەی مێژویی لەو بارەدا، ئەو تێبینیانەن کە تەیموری لەنگ، لە دوو گەشتی دا بەناو قوچان، لە سەر شارەکە نوسیونی. جاری یەکەم، لە بەهاری ساڵی 779ی کۆچی بوو، کاتێ کە تەیموری لەنگ، بە نیازی پەلامار بردنە سەر شاری شیعەنشینی (سەبزەوار)، بە قوچاندا تێپەڕی. تەیمور لە یادەوەریەکانیدا لەسەر قوچان نوسیویەتی: (من کاتێک کە گەیشتمە قوچان، پیاوانی ئەوێم دیت. ئەوان باڵا بەرزو پەیکەر توندو تۆڵ بوون. ئەوان هێشتا لبادیان(4) لەبەردا بوو، چونکە هەوای بەهاران لە قوچان ساردە. هەر یەکێک لەوان دارێکی لە دەست بوو، کە هەندێک جاریش دارەکە (گۆپاڵەکە)یان لە سەر شانیان دادەنا. ئەوان بەوە نەدەچوو کە نیازی پەلامار بردنە سەر لەشکری منیان هەبێت، بەڵام لە تێڕوانینیاندا، بۆمان ڕوون بوو کە لێشمان ناترسن. هەندێ لەوان چاوانی شین و موی زەردیان هەبوو. بە زمانێک دەدوان، کە نە فارسی بوو، نە عەرەبی و، دەرکەوت کە ئەوانە کوردن و لە کوردستان کۆچیان کردووە و لە (قوچان) نیشتەجێ بوون). ". چونکە پیاوانی کورد بە هێزو بە توانا بوون، من هەندێکیانم بانگ کرد و بە هاوکاری دیلماج قسەم لەگەڵ کردن " و پرسیم کە ئەگەر پێیان خۆش بێت، بێنە ناو لەشکری من؟ ئەوانیش لێیان پرسیم کە من کێم ؟ پێیانم گوت من تەیمورم، سوڵتانی (ما وەرائولنەهر)م و بەمزوانەش دەبمە سوڵتانی خوراسان. کوردەکان گوتیان ئێمە نامانەوێ لە ژن و منداڵ و وڵاتی خۆمان دوور بکەوینەوە " و پێویستیمان بە سەربازی نیە. ئێمە مەڕدارین و لە ڕێگای مەڕداریەوە ژیانی خۆمان دابین دەکەین. سەرەڕای ئەوەش کە کوردانی قوچان " پیاوانی بە تواناو بەهێزن، بەڵام بێوەی دەهاتنە بەرچاوان. دوای ئەوەی من لەوان دڵنیا بووم، بەرەو توس بەڕێکەوتم(5).
تەیموری لەنگ، جارێکی دیش، لە بەهاری ساڵی 788ی کۆچیدا، کاتێک کە لە داگیرکردنی شاری (هەرات) دەگەڕایەوە، بە قوچاندا تێپەڕی. ئەو خۆی لەو بارەیەوە دیسان نوسیویەتی: (من جارێکی دیش ژنان و پیاوانی قوچانیم دیت، کە هەموویان موزەرد و چاوشین بوون. دیسان پێشنیازم پێکردن تا بێنە ناو لەشکری من، بەڵام پێشنیازەکەمیان پەسەند نەکرد(6).
لەو چەند دێڕە کەمە، بەڵام زۆر گرنگ و پڕ لە زانیاریەی تەیموری لەنگدا، هەندێ ڕاستی سەرنجڕاکێش دەردەکەون. لە پێش هەمووانەوە دەرکەوتنی بوونی کۆن و لەمێژینەی کوردانە لە قوچان. تەیمور دەنوسێت کە ئەوان کوردن و لە کوردستان کۆچیان کردووە و، لە قوچان نیشتەجێ بوون، بەڵام ئەو باسی هۆ، یان هۆیەکانی، ئەو کۆچەی ئەوانی بۆ ئەوێ نەکردووە. هەروەک دوور و نزیک، باسی مێژوی کۆچکردنیشیانی نەکردووە. دیارە ئەمە کاری ئەویش نەبووە. بەڵام سەرەڕای ئەوەش، ئەو زۆر ڕاستی بۆ دەرخستوین. کاتێک کە تەیمور لەگەڵیان دەدوێت و داوایان لێ دەکات تا بێنە ناو لەشکرەکەی، ئەوان ئامادە نابن بەگەڵ تەیمور بکەون و، لە وڵاتی خۆیان دوور بکەونەوە. کەواتە کوردەکانی باکوری خوراسان، شاری قوچانیان بە وڵات و نیشتمان ناوبردووە. گەلۆ دەبێت چەند پشت بەسەر مانەوەیاندا لە خوراسان تێپەڕیبێت، تا ئەوێ بە نیشتمان و وڵاتی خۆیان ناو ببەن؟ بێگومان ئەوان بە کەمی، چەند سەد ساڵێک زووتر بە بەردەوامی و بێ پسانەوە لەوێدا ژیاون. لەوەش سەیرتر، لەناو ئەو چەند دێڕە کەمەی تەیموردا ڕاستییەکی دی گرنگ خۆی دەردەخات. بەلای کەم کوردانی شاری قوچان، لەوێ کەمایەتیەکی ئایینی یان نەتەوەیی نەبوون. وەک دەردەکەوێت تەیمور کەسێکی لەوان دستنەکەوتووە کە فارسی، عارەبی یان تورکی بزانێ، کە تەیمور لە هەرسێ زمان شارەزا بوو، بۆیە لە ڕێگای دیلماج، یان بە زمانی ئەمڕۆ وەرگێڕ، قسەی لەگەڵ کردوون. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە لە قوچاندا کوردان نە کەمایەتی و نە زۆرایەتی بوون، بەڵکو هەموو دانیشتوانی شارەکە پاک لە پاک کورد بوون و، هەر بە کوردیش دەدوان. هەر لە نێوان دێرەکانی تەیموردا، دەتوانین لە باری ئاینی و مەزهەبی ئەو کوردانە بگەین کە ئەو سەردەم، وتا لە کۆتاییەکانی سەدەی چواردەی زاینی، لەوێ پێڕەویان لە کام مەزهەب یان ئاین کردووە. تەیموری لەنگ لە سەرجەم کار و کردەوە و چالاکییە سەربازیەکانی و، تەنانەت لە یادەوەریەکانشیدا، وەکو سەرکردەیەکی تەنگەتیلە و بیرتەسکی سوننە خۆی دەنوێنێ، کە بە ئاشکرا شیعەکان بە لادەر و بێباوەڕ دەزانێت. ئەو کە جاری یەکەم لە قوچان لادەدات، بۆ پەلامار بردنە سەر شاری شیعەنشینی (سەبزەوار) بە ڕێگاوە بوو. ئەو شارەی لەگەڵ خاک یەکسان کردو، خەڵکەکەیشی کوشت و بڕ کرد. کەواتە ژیرانە نییە گەر وا تێبگەین کە ئەو لە قوچان، داوای لەو کوردانە کردبێت بێنە ناو لەشکرەکەی و، کوردەکانیش شیعە مەزهەب بووبن، وەک کە ئەمڕۆ وان! کەواتە دەکرێت بگەینە ئەو باوەڕە، کە کوردانی قوچان، تا کۆتایی سەدەی سێزدەمی زاینیش، سوننە مەزهەب بوون. دەبێ ئەوان درەنگتر مەزهەبیان گۆڕیبێت. بە دووریشی نازانم، دوای سەقامگیربوونی سەفەویان و سەپاندنی شیعەگەری بەسەر خەڵکی هەر شوێنێک کە داگیریان دەکرد، ئەوانیش مەزهەبیان گۆڕیوە. هەروەک دواتر و لەسەر دەستی سەفەویان، ژمارەیەکی زۆر کوردی چەمەشکەزەکی کۆنە عەلیپەرست و تازە شیعە، ناردرانە ئەوێ. دیارە تێکەڵاوبوونیان، هۆکارێک بووە بۆ مەزهەب گۆڕینیان، تەنانەت گۆڕانی زاراوەی ئاخاوتنیشیان.
پەیوەندی تورکە سەفەویەکان، بە کوردانی خوڕاسانەوە
وەکو سەرچاوەکان ڕوونیان کردۆتەوە، شێخ صفی الدینی باپیرە گەورەی سەفەوییەکان، شێخێکی ناسراوی سوننەی شاری ئەردەوێل بووە، بەر لە هاتنی تورکان بۆ ئازەربێجان. تەنانەت نوسەری ناسراوی ئازەری ئێران (ئەحمەدی کیسرەوی)، لە لێکۆڵینەوەکانی خۆیدا لەو بارەیەوە، بەوەش گەیشتووە کە بنەماڵەکە، بە بنەچە کوردی دەڤەری شنگالن. نەوەکانی شێخ سەفی، ڕوو لە ئەنادۆڵ دەکەن و، قزلباشە عەلی پەرستەکانی ئەوێ لە خۆیان کۆدەکەنەوە. ئەو کاتە شیعەگەری لە ئێران بە پەرتوبڵاوی، لە هەندێک شوێن هەبوون. مستەوفی قەزوینی، وەزیری دوا پاشای مەغۆل (ئەبو سەعید خان 1316-1335 زاینی)، لە کتێبە ناسراوەکەیدا (نزهە القلوب) نوسیویەتی، کە شارە گەورەکانی وەک تەورێز، ئەردەوێل، شیراز و ئەسفەهان، هەموویان سوننەی شافیعی بوون. دوای ئەوە و لە کۆتایی سەدەی چواردە، تەیموری لەنگ قسەکانی قەزوینی پشتڕاست دەکاتەوە و لەو بارەیەوە دەنوسێت (بێ بۆنە نابێت گەر بڵێم، ناوەندەکانی شیعە بریتین لە خوراسان و ڕەی و کەنارەکانی دەریای ئابسکون (واتا خەزەر، مازندەران یان قەزوین: شاسوار)، لە شوێنی دی شیعە نین، مەگەر بە پەرتوبڵاوی(7). باوکی شا ئیسماعیل لە شەڕی شیروانە دەکوژرێ و ئیسماعیلی مێردمنداڵ، بۆ شاری گیلانی کەناری دەریای ئابسکون (خەزەر) دەبردرێت. ئەو لەوێ و، هەرلەو شارە شیعەنشینەدا پەروەردە دەکرێت. شا عیسماعیل، کە نەیارەکانی لەسەر ڕێگای خۆی ڕاماڵی و، بووە تاکە فەرمانداری گەورەی ناوچەکە، لە ساڵی 1502 زاینی، ڕێبازی شیعەی دوازدە ئیمامی، کردە تاکە ئاینی دەستەڵات و دەوڵەتەکەی. شا ئیسماعیل و شا سەفەوییەکانی دی، بە هەموو شێوەیەک کەوتنە بڵاوکردنەوە و داسەپاندنی شیعەگەری، لە هەر شوێنێک کە کەوشەنیان پێی دەگەیشت. ئەو سەردەمە هێشتا زوو بوو، بۆ سەرهەڵدانی بیری نەتەوەیی لای گەلانی ناوچەکە. نەتەوەگەری (لەخۆی)دا هەبوو، بەڵام (بۆ خۆی) نەبوو. گەلان، یان ڕاستتر بڵێین، تیرە و هۆزەکان، بەگوێرەی بیری ئاینی، یان بەرژەوەندی هۆزەکانیان، لایەنگیریان لەم و لەو دەکرد. عەلیپەرستانی کورد و تورک، لە دەوری سەفەویەکان کۆبوونەوە و، کەوتنە خزمەتکردنی ئەو دەستەڵاتە تازەیە. چەمشکەزەک، بە گوێرەی شەرەفنامە، یەکێک بوون لە ناودارترین و بە شۆڕەتترین خانەدانەکانی کوردستان. چەمشکەزەکەکان عەلی پەرست بوون، بۆیە لە شەڕەکانی شا ئیسماعیل دا، بۆ سەپاندنی شیعەگەری لە کوردستان، چوونە پاڵ سەفەوییەکان. ئاغای چەمشکەزەک، حاجی ڕۆستەم بەگ، لە شەڕی چالدێراندا، ئەندامی ئەنجومەنی قوماندانی لەشکری قزلباشانی شا ئیسماعیل بوو. لە شەڕی چالدێران حاجی ڕۆستەم و ژمارەیەک لە ئاغاو کوێخای دی کوردی عەلی پەرست، بە دەستی سوڵتان سەلیمی یاوز (1512=1520ز) کوژران. هۆزەکەشی بوونە دوو بەش. بەشێکی بۆ ناوچەکانی خۆیان لە دێرسیم گەڕانەوە و، بەشەکەی دیشی، کە بە گوێرەی شەرەفنامە، هەزار خێزانی قزڵباشی چەمشکەزەک بوون، دایانە پاڵ سەفەویان و، چونە ئازەربێجان. دیارە جگە لەو هەزار ماڵە کوردە، بە دەیان تیرەو هۆزی بچوکترو، بنەماڵە و خێزانی دیش، کە لە بەرەی قزلباشاندا بوون، هەر ئەو کارەیان کردووە و زێدو بومی خۆیان بەجێهێشتووە.
سەد ساڵێک لە دوای شەڕی چالدێران، شا عەباسی گەورە (1587-1628 ز) شای تورکە سەفەویەکانی ئێران، دێتە سەر دەسەڵات. شا عەباسیش لە کوردستان گەلێک شەڕو تەراتێن دەکات. ئەو دەتوانێت هەندێک لە خان و میرە کوردەکانیش، لە سۆماو برادۆست و موکریان دەستەمۆ بکات. چەمشکەزەک و کوردەکانی دیش، وەک قەرەچۆرلو، جەلالی، زەعفەرانلو، شادلو و هیدی، کە ئەو کاتە هەمویان وازیان لە ئاینی عەلی پەرستی هێنا بوو و ببوونە شیعە، هەر لە ناوچەکانی ئازەربێجان مابوون. یەکێک لەو کارانەی کە شا عەباس کردی، ئەوە بوو کە ئەو کوردە شیعانەی ناردە خوراسان، بۆ هەمان ناوچەی قوچان و شیروانە. وەک دەزانین شوێنی مانەوەی بنەڕەتی چەمشکەزەکەکان و هەندێک لە هۆزەکانی دی ناوهاتوو، بریتی بووە لە ناوچەکانی دەرسیم، ئەرزنجان، مەلاتیە، ئەلازیگ و ئادییەمان. لە ناو خەڵکی ئەو ناوانە باوە، کە ئەوان لە خوراسانەوە هاتوونەتە ئەو ناوە. دیارە ئەمە ڕاست نیە، بەڵام هەروا بێ هیچ سۆنگە و هۆش ناگوترێت. ئەوان دەزانن بەشی زۆری هۆزو خزمەکانیان کەوتوونەتە خوراسان. هەروەک بە دووریشی نازانم، هەندێکیان درەنگتر پێدزەیان کردبێت و، دیسان لەوێوە گەڕابنەوە ناوچەکانی پێشویان. تا ئێستا بەڵگەی ڕوون و دیار لەسەر ئەمە لەبەر دەستدا نیە. ئەوەی هەیە تەنیا ئاماژە بۆ یەک هۆ کراوە، ئەویش گوایە شا عەباس ئەو کوردانەی بە لایەنگرو دڵسۆزو هاو مەزهەبی سەفەویان داناوە و، ئەرکی پاراستنی سنوری خوراسانی پێ سپاردوون، لە دەست تورکمانە سوننەکانی ئەو ناوە. من دڵم بەوە ئاو ناخواتەوە، تا وا بە ئاسانی ئەمە پەسەند بکەم، کە شا عەباس ئەوانی بۆ پاراستنی سنوری خوراسان ناردۆتە ئەوێ، چونکە سنورەکانی خوراسان، زۆر ئارامتر بوون، بە بەراورد لەگەڵ سنوری ئازەربێجان، لەگەڵ تورکانی سوننەی عوسمانی، (دوژمنی هەمیشەیی تورکانی شیعەی سەفەوی) و، کوردیش، کە بە بەربڵاوی لەو سنورانە دەژیان. کوردە شیعەکان، ئاشنایەتی باشیان بە سنورەکانی ئازەربێجان و کوردستان و ئەنادۆڵ هەبووە. ئەوان ژمارەیەکی زۆر خزم و ناسیاو و دۆستیان، هێشتا لە بەری تورکانی عوسمانی دەژیان. بە هەمان زمانی باوی کوردی ناوچەکە دەدوان. کەواتە مانەوەیان لەوێ کاریگەری زۆر پتر بوو، بۆ پاراستنی دەستەڵاتی سەفەویان، تا ناردنیان بۆ خوراسان. دەکرا کەسانی دی بۆ خوراسان بنێردرێن. لەبەر ئەو هۆیە، دەبێ بیر لە هۆکاری دی بکەینەوە، کە بۆتە هۆی دوورخستنەوەی کوردان لە ئازەربێجان. جارێ تا بەڵگەنامەی مێژویی پترمان دەست دەکەوێت، دەکرێ بیر لەو هۆکارانەی خوارەوە بکەینەوە، کە بە بیری مندا دێن:-
یەکەم:- هێزو توانای سەفەویان، لەو هۆزو تیرە تورکە شیعانەوە دەهات، کە لە دوای پەلاماری مەغۆلانەوە، کەوتبونە دەست بەسەرداگرتنی زەوی کوردان و نیشتەجێ بوون تێیدا، لە ئازەبێجان. هەر هۆزێکی شەڕکەری تورک، (تیولی) ناوچەیەک یان پتری هەبوو. شا سەفەویەکان، دەبا دەستیان بۆ ئەو هۆزانە ئاوەڵە بێت، بەڵام لە کیسەی خۆیان نا، بۆیە دوور نیە یەکێ لەو هۆزە تورکانە، داوای خاکی چەمشکەزەک و زافرانلو وهۆزە هاوپەیمانەکانی دی سەفەویانیان کردبێ و، شاش نەیتوانیوە بڵێ نا. بۆ چارەسەری ئەمەش، کوردەکانی ڕاگواستووە.
دووەم:- گومانێکی دی بۆ دوورخستنەوەیان، ئەگەری ئاینی یە. لەوانەیە کوردەکانی ئازەربێجان، تا ئەوکاتەش هەر عەلیپەرست یان قزلباش بووبن. ئەوان هۆزو تیرە و خزم کەس و کاری زۆری دی عەلیپەرستیان لە ناو خاکی عوسمانیدا مابووەوە. ئێستاش کوردێکی زۆری ناوچەی دێرسیم عەلیپەرست یان عەلەوین. لەوانەیە پەیوەندی و هاموشۆی ئەوان لەگەڵ خزمەکانیان، وایکردبێت، کە کاریگەری عەلیپەرستی لایان بەهێزبێت، لە کاتێکدا سەفەوێکان شیعەی دوازدە ئیمامی بوون. بۆیە دوورخستنەوەیان، لەوانەیە بە مەبەستی دوورخستنەوە لە کاریگەری و ژینگەی خزمە عەلەویەکانیان بێت، بۆ چەسپاندنی مەزهەبی شیعەگەری لە ناویاندا.
سێیەم:- گومانی ئەوەش هەیە کە کوردەکانی خوراسان، هەر وەکو سەردەمی تەیموری لەنگ، هەر سەر بە مەزهەبی سوننە بووبن. ناردنی کوردانی چەمشکەزەک و کوردانی دیش، لە لایەن سەفەویانەوە بۆ لایان، ڕەنگە وەکو هەوڵێک، بێت بۆ بە شیعەکردنی هەموو کوردانی خوراسان، هەروەک ئێستا دەیبینین.
چوارەم:- سزادانی بەکۆمەڵ، لە لایەن دەستەڵاتدارانی ڕۆژهەڵاتەوە، بە درێژایی مێژو، کارێکی باو و چاوەڕوانکراو بووە. سەفەویەکان لە سزادانی بە کۆمەڵی کوردان، هەموو یاساو ڕێسایەکیان بەزاندبوو. دوور نیە ئەو کوردانە، یان فەرماندارەکانیان، لە جێبەجێکردنی فەرمانێکی شا عەباسدا خۆیان گنخاندبێت، یاخود بە دڵی ئەو جێبەجێیان نەکردبێت و، لەسەر ئەمە بە کۆمەڵ سزادرابن و، بۆ خوراسان دوورخرابنەوە.
هەر کامە لەو هۆکارانە بووبێت، هیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕبێت کە شا عەباسی سەفەوی، بەئاگا یان بێئاگایانە، بناغەی کۆمەڵگای کوردی لە خوراسان دانەناوە، وەک لە زوربەی سەرچاوەکاندا نوسراوە. چونکە وەک دەرمانخست، بەڵگەو نوسراوی پێویست لەبەردەستدان، کە دەیسەلمێنن، بوونی کۆمەڵگای کوردی لە خوراسان، ڕەگێکی زۆر کۆنتری هەیە. بێگومان شا عەباس، بە ناردنی ژمارەیەکی دی کوردان لە کوردستانەوە بۆ خوراسان، کۆمەڵێک گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەر کۆمەڵگای کوردی، لەوێ داهێناوە. ئەوەی کە لای من زۆر جێی سەرنجە، بریتیە لە زاڵبوون و باڵادەستی زاراوەی باکور (کرمانجی)، لە ناو کوردەکانی قوچان و شیروانە، کە بە گوێرەی بەڵگەکان، کوردانی پێش ئەو دوا شەپۆلی کۆچە، نابێ لە باکوری کوردستانەوە هاتبن، بەڵکو کوردی باشور بە گشتی و، پارس بە تایبەتی بوون. ئەمە گومانی ئەوەمان لا دروست دەکات کە کوردانی کۆن، لە ماوەی دوو سەت ساڵدا، (لە تەیموری لەنگەوە تا شا عەبباس)، زمانی کوردیان لە بیرچووبێتەوە و توابنەوە. وەک دەزانین تەیموری لەنگ لە دەوروبەری ساڵی 1381 زاینی، بینیویەتی کە کوردانی قوچان، جگە لە کوردی چ زمانێکی دیان نەزانیوە، کەچی لە سەردەمی شا عەباسدا (1587-1628 زاینی)، واتا دوای دوو سەت ساڵ، هەر زاراوەی باکور (کرمانجی) لەوێ دەمێنێت. ئەرکی زمانەوانانی کوردە کە لە نزیکەوە کاری مەیدانی لەسەر زمانی ئەو ملیۆنان کوردەی خوراسان بکەن و، شوێنەواری زاراوە کۆنەکان و، ئەو تێکهەڵکێشەی دواتر بدۆزنەوە و لێی بکۆڵنەوە. بێگومان بەهۆی دابڕانی کوردانی ئەوێ، زمانەکەیان زۆر دیاردەی زمانەوانی کۆن و، وشەگەلی تایبەتی سەردەمە کۆنەکانیشیان پاراستووە و، دەکرێت سودی زۆریان لێ وەربگیرێت.
جگە لە کاریگەری زمان، دەکرێ بڵاوبونەوەو چەسپانی شیعەگەریش، لای کوردانی خوراسان، بۆ دوای ڕاگواستنەکانی شا عەباس بگێڕینەوە. هاتنی کوردانی تازە بەگشتی، دەبێ وەکو خوێن تێزانەوەیەکی تازە لە دەماری کوردانی دوورە وڵاتی ئەوێ لەبەر چاو بگرین. بە جۆرێک کە چەرخی چەپگەردی ڕۆژگار، لەو 500 ساڵەدا، ئەگەرچی شوێنەواری قوڵی خۆی بەسەردا بەجێهێشتوون، بەڵام نەیتوانیوە بیانتوێنێتەوە و، لە ناویان بەرێت.
سەرەنجامی بابەتەکە
بوونی کورد لە خوراسان، ڕەگی زۆر لە سەدەکانی ناوەڕاست کۆنترە. ڕاگواستنی کورد لە سەردەمی سەفەویاندا، تەنیا مەڵۆیەک بووە و، خراوەتە سەر گیشە سەرەکیەکەوە. هەڵوەدابوونی کوردان، زۆر پێش ڕاگواستنی سەفەویان دەستی پێکردووە. بەڵگەکان وای دەردەخەن کە شەپۆلی کۆچی بە کۆمەڵی کوردان، چ بۆ خوراسان بووبێت، یان شوێنی دی، تا هیندستانیش (وەک پاشماوەی زەردەشتیەکانی شاری بۆمبای)، بۆ دوای نەمان و لەناوچوونی دەستەڵاتی ئیمپراتۆریەتی ساسانی دەگەڕێتەوە. ئەو کاتانە چەوسانەوە و زۆرداری دەستەڵاتدارانی تازەی عارەبی موسوڵمان، لەسەر خەڵکی هەندێ ناوچەی باشوری کوردستان، لە ڕادەبەدەر زۆر بووە و، بەشێکی ئەو خەڵکانەی کە بەرگەیان نەگرتووە، سەری خۆیان هەڵگرتووە. گومانی ئەوەش هەیە کە زووتر و لە سەردەمی ساسانیاندا، کوردان ئاشنایەتیان لەگەڵ خوراسان هەبووێت و، وەکو مەرسەوان و پاسەوان، لەوێ کاریان پێسپێردراوە و ماونەتەوەش.
زانیاریمان لەسەر سەرەتاکانی بوونی کوردان، ئەمەندە کەمە کە پتر دەچێتە بواری ئەگەر و گریمانەوە. دیارە لەملاو لەولا، فاکتە و زانیاری نوسراویش هەن، کە کەمێک ڕۆشناییمان پێدەدات. وەک لە هەندێک نوسراوی کۆندا دەرکەوتووە، کوردانی خوراسان، لە ساڵانی بەرایی سوڕگومیاندا، بەوە دەناسرێنەوە کە هەمیشە گورج و گۆڵ و چالاک بوون. ئەوان لە بواری سیاسی و سەربازیدا، ڕۆڵی بەرچاویان لە بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی خێڵەکی و پان عارەبیستانەی کاربەدەستانی ئیسلام هەبوو.
ڕۆڵەی کوردی خوراسانی وەکو (ئەبو موسلیم)یان تێدا هەڵکەوت، کە بەرەنجامی کارە جەنگی و سەربازیەکانی ئەو لە کوردستان، کۆتایی بە دەستەڵاتی تەنگەتیلەی عەرەبی هێنا و، دەستەڵاتێکی (نێونەتەوەیی ئیسلامی)، یان خەلافەتی عەباسی، جێگای گرتەوە. بە هۆی هەوڵ و کۆششی ئەو و، کوردانی خوراسان بوو، گەلانی ناعەرب، دیسان ڕۆڵی ئاسایی خۆیان وەرگرتەوە. بە دەیان میرنشینی کوردی دامەزران و، سەرەنجام زمانی کوردیش بوژایەوە. کوردانی خوراسان لە ڕووی ڕۆشنبیریشەوە، ڕۆڵی گەورە و بەرچاویان بینیوە. ڕۆشنبیرانی هەرسێ دەستە و نەتەوەی ناڕازی، کە لە خوراسان یەکیان گرتبووەوە، واتا کوردانی پارس و سامانیە (دەری) زمانەکان و عارەبەکانی (توس) و خوراسان، کە لایەنگرانی عەلی و عەباس بوون، بە یەکەوە (زمانی هاوچەرخی) فارسیان بە گەڕخست. ئەو زمانەی، هەر لە دروستکردنیەوە، بە تێکهەڵکێش کردنی زاراوەی کوردی پارس و زمانی دەری و زمانی عارەبی، لە سەدەی هەشتی زاینی، بوو بە زمانی نێو نەتەوەیی، هەموو نەتەوە نا عارەبەکانی ڕۆژهەڵات(8).
ئەمڕۆش، بایەخی کوردانی خوراسان، بۆ ئێمەی کوردستانی، لە دوێنێیان کەمتر نیە. یەکێک لەو بایەخە زۆرانەی کە هەیانە، لە بواری زمانەوانیە. دەکرێت لە ڕووی زمانەوە، کارێکی زۆرو زەوەندی مەیدانیان لە ناودا بکرێت. واتا شارەزایانی زمان، بە هاوکاری ڕۆشنبیرانی زمانزانی کوردی خوراسان، دەتوانن کارێکی زۆر لەسەر زمانی خەڵکی بکەن. بەراوردی دیاردە زمانەوانیە لێکچووەکان و لێکجیاوازەکان بکەن. هەروەک ئەو دیاردە زمانەوانیانەی کە لە زاراوە کوردیەکاندا نەماون و، تا سەر زمانی کۆنینەی پەهلەوی دەچنەوە. لەمانەش گرنگتر، کۆکردنەوەی فەرهەنگی وشەی هەموو هۆزو تیرە کوردیەکانی ئە، لە چوارچیوەی دوو بەرگی کتێبێکدا. زمانی کوردی ئەوێ، سەدان ساڵە بە جیا لە کاریگەریەکانی گەشەی زمانی کوردی لە کوردستان و، بە ئاراستەیەکی جیاواز و سەربەخۆو، بە کەرەستەی تایبەت بە خۆی، دەچێتە پێش. دەکرێت کاری توێژینەوە و لێکۆڵینەوە و بەراوردکاری فراوانی لەسەر بکرێت. بە دووری نازانم زۆر لایەنی ڕێزمانی، لە ئێمە شاراوەی زمانی کوردی، لەوێ بدۆزرێنەوە.
کوردەکانی خوراسانیش، وەکو هەموو هەرێمەکانی کوردستان، خاوەنی سامانێکی گەورەی فلکلۆری و گەلێرین، کە بۆ ئێمە بایەخی تایبەتیان هەیە. داستانەکانیان، لاوک و ئاوازو چیرۆک و بەسەرهاتی ڕۆژگار، هەروەک زۆر لایەنی شاراوەی مێژوی ئەوانیش لەوێ، یان لە نیشتیمانی زووتریان دەردەخات. ئەم دەقە فۆلکلۆریانەی ئەوێ، کە پشتاو پشت پارێزراون، لە زۆر بواری بەراوردکاریشدا، سودیان لێوەردەگیرێت. بۆ نمونە ئەو توخمانەی لە گێڕانەوەکانی ئێمەدا هەن و لای ئەوان نین، ئەوا هەندێکیان هێمان بۆ توخمی تازە هاتوو بۆ ناو فلکلۆرمان. هەروەک بوونی توخمی ناوازە و نەبیستراویش، لە فۆلکلۆری ئەوێ، هەمان واتای تازەیی و وەرگیران لە دەرو دراوسێ، یاخۆ داهێنان دەگەیەنێت.
ئەگەر سەرنجێکی خێرا لە دابونەریتیان بدەین، شەقڵی ژیانی ڕەوەندی و مەڕداری، زۆر بە زەقی، بە هەڵسوکەوت و جلوبەرگ و پێکهاتەی ناو ماڵیانەوە دیارە. بێگومانم بە لێکۆڵینەوەی مەیدانی تێرو تەسەل و گشتگیر، هێشتا زۆر لایەنی شاراوەی دی ئەو (کوردستانە) دوورەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە.
کوردانی خوراسان، چ لە ڕووی ژمارەو، چ لە ڕووی ڕووبەرو پانتایی ئەو خاکەی کە لە سەریدا نیشتەجێن، وڵاتێکی تایبەت بە هەموو مەرجە پێویستیەکان، بۆ خۆیان پێکدێنن. بەداخەوە دەڵێم تا ئێستا ئەو بایەخەی (هەر بۆ نمونە) بەو چەند هەزار کوردە دراوە، کە لە دوای تێکشکانەکانی شەڕی یەکەمی جیهانیەوە، لە باکوری کوردستانەوە ڕوویان لە لوبنان کردووە، بە چارەکی ئەوەش بایەخ بەو کوردستانە، تا ڕادەیەک گەورەو پڕ لە دانیشتوانە نەدراوە. دەکرێ و زۆریش پێویستە، بە هەوڵ و تێکۆشان و بەشداری دامو دەزگا و ڕێکخراوە سیاسی، ڕۆشنبیری جەماوەریەکان، هەنگاوی گەورە بهاوێژرێت، بۆ دروستکردنی پردێکی پەیوەندی هەمیشەیی، لەگەڵ ئەو کوردانەی ئەوێ. ڕایەڵی پتەو لە نێوان دامودەزگا و ڕێکخراوە هاوپیشەییەکانی هەردوولا ببەسترێت، تا بواری ئاڵوگۆڕ و پێکەوە کارکردن بێتە گۆڕێ. کوردستانی خوراسان، بە هۆی سیاسەتی دەوڵەت و دەسەڵاتی ناوەندی، لە دان نەنان، یاخود پشتگوێ خستنی بوونی گەلانی نا فارس و، بایەخ نەدان بە باری ڕۆشنبیری و زمانی ئەوان لە لایەکەوە، هەروەها بەهۆی پاشکەوتنی باری سیاسی و ڕۆشنبیری کوردەکانی ئەوێ خۆشیان، شان بە شانی هۆکاری ئایینی، کە ئەوان بە هۆی ئەوەی لەگەڵ زۆرینەی فارس زمانەکان هاو مەزهەبن، بە ئاسانی (جیاوازیەکانی) دی خۆیان لە بیر دەکەن و، خێراتر لەگەڵ ژینگەی دەوروبەریان ڕادێن، هەموو ئەو هۆیانە بە یەکەوە، هەڕەشەیەکی گەورەو مەرگباریان لەسەر ئەو گەلە پێکهێناوە. زمان و فەرهەنگ و دابونەریتیان، وا لە ئاستانەی نەمان و لەناوچوون دایە.
ئەرکی بە پەلەی ڕۆشنبیران و دامو دەزگاو دامەزراوە فێرمی و ڕۆشنبیریەکان ئەوەیە کە لە هەموو بوارە جۆراو جۆرەکاندا بکەونە جوڵە. دەبێ بەپەلە، پەیوەندی چەند سەرە و فراوان، لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی (کوردخانە، کوردستانی خوراسان) دروست بکەن. تیپە وەرزشیەکانیان، نوسەران، گۆرانیبێژان و تیپە مۆسیقیەکانیان، پەیوەندیان پێوە بکرێت. بۆ دەرەوە و ناو ڕەوەندی کوردی دەرەوەی کوردستان، هەروەک بۆ باشوری کوردستان، بانگێشت بکرێن. چاک وایە لە کەناڵە ئاسمانیە کوردیەکاندا، بەرنامەی تایبەتیان، لەسەر و بۆ، تەرخان بکرێت. ڕۆڵەکانی خۆیان بانگهێشت بکەن، تا سەرپەرشتی ئەو جۆرە بەرنامانە بکەن. بۆرسی تایبەتی خوێندن و ڕاهێنانیان، لە زانکۆکاندا بۆ دیاری بکرێت، تا بتوانن لە کاتی گەڕانەوەیاندا، باشتر خەریکی گەشەپێدانی باری ڕۆشنبیری گەلەکەیان بن. پێویستە سودی زۆر لە ماڵپەڕەکانی ئینترنێت وەربگیرێت، کە ئاسانترین و هەرزانترین هۆکاری (تا ڕادەیەک) ڕێگاپێدراوە لە ئێران، بۆ پەیوەندی گرتن. بەرهەم و بابەتەکانیان لەو ماڵپەڕانەدا بڵاوبکرێنەوە. هەواڵ و ڕووداوە سیاسی، کۆمەڵایەتی، وەرزشی و ڕۆشنبیریەکانیان، بایەخی گونجاویان پێبدرێت. شەپۆڵی ڕادیۆیی ئاراستە کراو، بە زمان و زاراوەی خۆیان دابندرێت، تا ئاگاییان بۆ سەرەوەتر ببردرێت. لەمانەش هەموی گرنگتر، دەبێت ڕێکخراوەکانیان، لە ڕووی داراییەوە پشتگیری بکرێن. داخوازی و پێویستیەکانیان جێبە جێ بکرێن، تا بتوانن لەسەر پێی خۆیان ڕاوەستن و، لە کارکردن پەکیان نەکەوێت. دەبێ هان بدرێن تا حیزب و ڕێکخراوی سیاسی تایبەت بە خۆیان پێکبێنن، بۆ دەستەبەرکردنی مافە مرۆڤایەتی و ڕۆشنبیریەکانیان. ئەگەر بتوانن خۆیان ڕێکبخەن، ئەوا دەتوانن وشیارانە هەڵسو کەوت لەگەڵ داخوازی و مافە ڕۆشنبیریەکانیان بکەن و، شێلگیرتربن لە بەدەست خستنیان. پەیوەندی هەراو و هەمەلایەنەی ئەوان، لەگەڵ باشوری کوردستان و ناوەندە ڕۆشنبیریەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها لەگەڵ ڕەوەندی کوردی لە دەرەوەی کوردستان، بە تایبەت پایتەختی ئێران، تاران، لەبەر نزیکی و ئاسانی پەیوەندی بە کوردانی هەموو ناچە جیاوازەکان. ئەمانە هەمووی، ڕەنگە بتوانرێت ئەوان لە نەمان و توانەوە دەرباز بکات و، تەنانەت بکەونەوە سەر پێی خۆیان، تا ئەو ڕۆژە دێت بە مافە ڕەواکانی خۆیان شاد دەبن. ئەگەر بتوانین، بە هەوڵ و کۆششی هەموو لایەک، کوردستانی خوراسان، لەو چارەنوسە خراپەی کە تێی کەوتوون، دەربێنین و، بوونی کوردان لەوێ (لانی کەم جارێ لە ڕوی زمان و ڕۆشنبیریەوە)، لە نەمان بپارێزین، ئەوا ئەوێ، لە دواڕۆژی پڕ لە جەنجاڵ و نادیاری کوردستاندا، پشت و پەنا و قوڵاییەکی ستراتیژی ئێمە دەبێت. ئەگەر توانیشمان لەسەر پێی خۆمان ڕاوەستین و سەربەخۆ بین، دیسان کوردستانی خوراسان، دەبێ بە پردی پەیوەندی ئێمە، لەگەڵ وڵاتانی ناوەڕاستی ئاسیا. کوردانی خوراسان، ئەو گەنجینە شاراوەیەن، کە دۆزینەوە و پاراستنی، ئەرکی هەموومانە و هەمووشمان بە بوونی سودمەند دەبین.
لەم دواییانەدا و لە ڕێگای هەندێک هەواڵی ماڵپەڕەکان و کوردانی ڕۆژهەڵاتەوە، بۆم ئاشکرابوو کە حکومەتی ئێران، ترسێکی زۆری لە چالاکی ڕۆشنبیری کوردانی خوڕاسان لێنیشتووە. چەند گۆڤارو بڵاوکراوەیەکی کوردی، کە لەوێ بە توانای کەمی ڕۆشنبیران بڵاودەکرانەوە، هەموویان داخراون. ڕۆشنبیران خراونەتە زیندانەوە. هەموو جۆرە چالاکیەکی ڕۆشنبیرییان لێ قەدەغە کراوە. دیارە ئەمە ئەو پێشبینیە مەترسیدارە بوو، کە ئێمە چاوەڕێمان دەکرد. ئێستا درەنگە و، دەبێ ڕۆشنبیرانی کوردی خوراسان، لە باشوری وڵات و هەندەران، کۆبکرێنەوە و هەموو توانایەکیان بخرێتە بەردەست، تا لە ڕێگای میدیا کۆمەڵایەتیەکان، تۆڕەکانی ئینتەرنێت و، کەناڵە ئاسمانیەکان، هەروەها ڕادیۆی ئاراستە کراودا، پردی پەیوەندی لەگەڵ خەڵکی خۆیان دامەزرێننەوە.
لە هەندێک لە شارەکانی کوردخانە، ڕێگا بە بڵاوکردنەوەی پەخشی ڕادیۆیی بە کوردی دراوە، بەڵام دیار نیە کە بۆ ماوەیەکی کاتیە، یان بەشێکە لە دەستەبەرکردنی داخوازیەکیان. ناوەندی چاندو فەرهەنگی کوردی لە شاری قوچان، ڕەنگە گەورەترین ناوەندی ڕۆشنبیری کورانی خوراسان بێت. هەروەک ناوەندی پەخشی کوردی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی دەوڵەت بە کوردی، لە شاری بوجنورت داندراوە. بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی کە لەبەر دەستدان، ساڵانە لە نێوان 8 تا 10 کتێبی کوردی، لە شارە کوردیەکانئ کوردخانە چاپ دەکرێن.
پەراوێزەکان:
1- کتێبی نایابی (حرکت تJریخی کرد بە خراسان)، لە نوسینی کلیم اللە توحدی، کە سێ بەرگە و پڕیەتی لە بەڵگەنامەی بە سود، لەو سەرچاوە باشانەیە کە باسی ڕاگواستنی کوردان لە سەردەمی شا عەباس دەکات، بە داخەوە ئێستا کتێبەکەم لا نەماوە و نەمتوانی سودی لێوەربگرم. ئەم نوسەرە بەڕێزە چەندان کتێبی دی بەسودی بڵاوکردونەتەوە و من نەمبینیون.
2- شاسوار.خ.هەرشەمی، کارنامەی ئەردەشێری بابەکان، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم،2000 سلێمانی، ل24.
3- هەمان سەرچاوە. ل29.
4- بە گومانی زۆر، مەبەستی تەیموری لەنگ لە لباد، کەپەنەک بووە، کە ڕەوەندو مەڕدارانی کورد، تا ئێستاش، بۆ خۆپاراستن لە باران و بەفرو ساردی، لەبەری دەکەن.
5- مارسل بریون، منم تیمور جهانگشا، سرگدشت تیمور لنگ، بقلم خود او، اقتباس ذبیح اللە منصوری، تهران ص 63-64.
6- هەمان سەرچاوەی پێشو، ل246.
7- هەمان سەرچاوەی پێشو، ل62.
8- شاسوارهەرشەمی، هەندێک زانیاریەکی گشتی لەبارەی زمانەوە. کوردۆلۆژی. سلێمانی. 2009.
9- ابن خلکان. وفیات ألأعیان وأنباء أبناء الزمان. تحقیق احسان عباس. دار صادر. بیروت. 1994.جزء 7.