لەساڵی 1942 لەگەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایکبووە.
ئیسماعیل وەک خۆی دەڵێت “نازناوی (پاڵەوان) من لەخۆمم نەناوە، بەڵکو خەڵک لێیان ناوم، زیاتر لەپەنجا ساڵە خەڵک بەو ناوەوە بانگم دەکەن، تەنانەت زۆربەی خەڵکی ناوی باوکم نازانێت و هەر ئەو ناوەی بەسەردا بڕاوە”.
ئیسماعیل پاڵەوان، ژیان و پیشەی ئێستای جیاوازە لەو ژیان و پیشەیەی سەرەتای ژیانی ئاواتی پێ دەخواست، ئیسماعیل سەرەتای ژیانی، وەرزش خولیاو ئارەزوی بوە، لەساڵی1956 ەوە خەریکی وەرزش بوەو یاریزانی هەڵگرتنی قورسایی بوە.
وەک خۆی زیاتر باسی وەرزشەکەی دەکرد وتی “نازناوی ئیسماعیل پاڵەوانیان پێبەخشیم چونکە من لەپاڵەوانیەتیەکدا لەئاستی عێراقدا پلەی سێهەمم بەدەست هێناو لەپاڵەوانەتیەکی دیکەشدا لەسەر ئاستی کوردستان پلەی دوەمم بەدەست هێنا، زۆر کاری جیاوازمان دەکردو تەنانەت بەردم لەسەر سنگم دەشکاند”.
ئیسماعیل هەتاوەکو نزیکەی ساڵی1974 خەریکی وەرزش بوە، بەڵام بەهۆی بێ ئومێدی لەدۆخی وەرزش و پێداویستی ژیان وای لێکردوە پیشەیەکی تر بۆ خۆی بدۆزێتەوە، پێش وازهێنانی لەوەرزش لەسەرەتای ساڵانی 1970 دەستی کردوە بەفرۆشتنی داودەرمانو بەهارات.