گوندێکە دەکەوێتە بناری چیای #خاڵخاڵان # و لە ڕووی ئیدارییەوە سەربە شارەدێی #ئاغجەلەر#ی شارۆچکەی #چەمچەماڵ#ە، لە قۆناغی چوارەمی پڕۆسەی ئەنفالدا 485 هاووڵاتی ئەو گوندە ئەنفالکران، لەو گوندە تەنیا 10 بۆ 15 کەس ڕزگاربوون، دواتریش نزیکەی 30 کەس لە بەتەمەنەکانی گوندەکە لە نوگرە سەلمان ئازاد کراون. [1]
ناوی گوندەکە لە (چڵەمۆرد) ەوە هاتووە عەرەب بە (جەلەمۆرد ) ناویان بردووە لە نووسراوەکانی حکومەتی ئێراقدا، بۆیە بووە بە جەلەمۆرد، گوندی جەلەمۆرد ساڵی 1988 بەرلەوەی بەر شاڵاوی ئەنفالی چوار بکەوێت (130) ماڵ بووە، ئەم گوندە جوان و دڵگیرەی بناری چیای #خاڵخاڵان# سەر لە بەیانی ڕێکەوتی (05-05-1988) لەگەڵ گزنگی خۆرەتاودا هێزێکی گەورەی سوپای ئێراق کە پێکهاتبوو لە دەیان تانک و زڕیپۆش لەژێر سێبەری چەند هەلیکۆپتەرێکدا بەچاوساغی چەند خائین و خۆفرۆشێک پەلاماری ئەو گوندەیاندا ژن و منداڵ و پیر و پەککەوەتەکانیش لە ترسی ڕەشەبای ئەنفال و چەکی کۆمەڵکوژی کیمیایی پەنایان بۆ شاخەکانی ( دەرباز) و (بابەڕووشە) و (هەزار کانی) بردبوو، ئەو ڕۆژە بانگی نیۆەڕۆ لە مزگەوتی ئاوایی نەدرا، بۆ عەسری هەمان ڕۆژ دەستکرا بەتاڵانکردنی مەڕ و ماڵات و سەروەت و سامانی خەڵکەکەی، بۆ ڕۆژی دووەم (06-05-1988) دوو ئەفسەری ئەنفالچی بەناوەکانی (ملازم نعمە) و (ملازم ستار) بەچاوساغی خۆفرۆشی شارەزا هێزێکی گەورەیان ئامادەکرد و ئابڵوقەی ئەو هەموو خەڵکە دەربەدەریاندا دوای دۆزینەوەیان بەشەق و تێهەڵدان ڕاپێچی بەر ماڵانی گوندی جەلەمۆردیان کردن، دوای ئەوەی زێڕ و زیو و پارەی باخەڵی خەڵکەکەیان بەزۆر دەرهێنا، گریان و شیوەنی ئافرەتان زیڕە و هۆڕی منداڵانی و ناڵەناڵی پیر و پەککەوتەیان دەگەیشتە ( کەشکەڵانی فەلەک) کاکێشانی فەڵەک، (392) مرۆڤی بێ تاوانیان لە خەڵکی ئەم گوندە دایە بەرشەق و بە پاڵەپەستۆ سواری (ئیڤا) ی سەربازییان کردن و بەرەو قەسابخانەکەی ( تۆبزاوا) ، پاش (6) شەش مانگ ئازار و ئەشکەنجەدان و برسیەتی و هەڵقرچان لە بیابانەکانی خوارووی ئێراق لە زیندانی (نوگرە سەلمان) حەوت کەسیان شەهید بوو و حەوت کەسیشیان دوای شەش مانگ ئازادکران و (378) کەسیشیان تا ئێستا بێ سەر و شوێنن. [2]