عیراق پلانی هەیە لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا هەناردەکردنی نەوتی خاو لەکێڵگەکانی نەوتی کەرکووکەوە بۆ دوو هێندە زیادبکات، دوای دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوت.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێک لە کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە بڵاویکردۆتەوە، ئەم هەفتەیە هەناردەکردنی نەوتی خاوی لەڕێگای بۆری کەرکووک- جەیهانەوە بۆ 150 هەزار بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا زیاتر دەکرێت.
رۆژی پێنجشەممە کۆمپانیاکە، کە سەربە وەزارەتی نەوتی عیراقە، دەستیکردەوە بە هەناردەکردنی نەوتی خاوی کەرکووک لەڕێگای ئه و بۆرییە کەلەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کۆنترۆڵکراوە.
بەرپرسەکەی کۆمپانیای نەوتی باکوور وتی "رۆژی پێنجشەممە هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بە ئاستی 70 هەزار بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا دەستیپێکردەوە و هەنگاو بەهەنگاو زیاد دەکرێت تا بگاتە ئاستی ئاسایی بۆرییەکە کە بریتییە لە 150 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا."
بۆرییەکە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دروستکراوە لە کێڵگەی نەوتی تەق تەقەوە بەره و کێڵگەی نەوتی خورمەڵە دەڕوات و لەوێشەوە بەره و فیشخابوور لەسەر سنوور کە لەوێ گرێدراوەتەوە بە بۆری نەوتی سەرەکی کەرکووک-جەیهانەوە کە ئەویش دەڕوات بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا لەسەر دەریای ناوەڕاست.
لە مانگی ئازاردا کۆمپانیاکە بەکارهێنانی بۆریی کەرکووک- جەیهانی وەستاند ئەویش بەهۆی ناکۆکییەک لەنێوان بەغداو حکومەتی هەرێمی کوردستاندا لەسەر کۆنترۆڵکردنی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک.
دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی کەرکووک دوای ئەوە دێت کە جەبار عەلی لوعەیبی، وەزیری نەوتی نوێی عیراق، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو لەکاتی دەستبەکاربوونیدا گەشبینی خۆی ڕاگەیاند کە کێشە لەگەڵ کوردەکان بتوانرێت چارەسەر بکرێت.
- 20-08-2016