سنوور میدیا
بە پێی بەڵگەنامەیەکی حکومەتی بەعس کە لە 31ی ئابی ساڵی 1996دا نووسراوە، ئاماژە بە ناوی دوو سەرکردەی باڵای #یەکێتی نیشتیمانی کوردستان# کراوە، ئەوانیش هەریەک لە #کۆسرەت ڕەسول# عەلی جێگری ماوە بەسەرچووی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و #سەعدی ئەحمەد پیرە# ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە.
لەو بەڵگەنامەیەدا کە لایەن دەزگای هەواڵگیری عیراقی سەردەمی دیکتاتۆر سەدام حوسێن-ەوە ئامادەکراوە، لە ژێر ناونیشانی (زۆر نێهنی) بە ژمارە 54702 و وێنەیەکی ئاراستەی سەرۆکایەتی کۆمار کراوە و باس لە بارودۆخی ئەو کاتەی کوردستان لە بەرواری 31ی ئابی 1996 تاوەکو کاتژمێر هەشتی سەر لە ئێوارە، دەکات.
بەڵگە نامەکە دابەش کراوە بەسەر سێ خاڵدا و هەریەک لەوانە (ا، ب،ج) لە بڕگەی یەکەم و دووەم ئاماژە بەوە دەکات، کە حکومەت(بەعس) دەستیان گرتووە بە سەر ڕێگای شەستی و ناوچەی عەینکاوە و ڕەوشەکە ئارامە و هێزەکانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە شێوەی گەڕۆک(دەوری) بە ئاڵای زەردەوە دەگەڕێن و ئارامی بە ناوچەکەوە دیارە، بەڵام هێشتا پێویستی بە هۆشیارییە. لە بڕگەی دووهەمیش بە هەمان شێوە باسی ناوچەکانی قەڵا و گەڕەکی باداوە دەکات.
لە کۆتا بڕگەی ئەو بەڵگەنامەیەدا هاتووە: زانیاریمان بە دەست گەیشتووە (پێویستی بە پشتڕاستکردنەوە هەیە) ئاماژە بەوە دەکات کە هەردوو بە کرێگیراو کۆسرەت و سەعدی ئەحمەد پیرە- وەزیری هاوکارییە مرۆییەکان کە وەزارەتێکی ساختەیە، چەندین کەسێکی دیکەش، پەنایان بردۆتە بەر یەکێک ڕێکخراوە بیانیەکان لە عەینکاوە..
پاش ئەوەی له ئەیلولی ساڵی 1998 لە لایەن کۆشکی سپی ئەمریکاوە کۆتایی بە شەڕی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هێنراو، شەڕی سێ ساڵەی براکوژی بنەبڕکراو، کە بووە هۆی کوژانی سێ بۆ پێنج هەزار پێشمەرگە و خەڵکی سڤیل. لە بری نێوەندگیری ئەمریکا بۆ ئەو شەڕە، داوا لە هەردوو پارتی دەسەڵاتداری کوردستان یەکێتی و پارتی کرا، کە ڕێگری بکەن لە پارتی کرێکارانی کوردستان (#پەکەکە#) بۆ ئەوەی خاکی کوردستان لە دژی تورکیا بەکار بهێنن.[1]