بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوبوەوە کە تیایدا چەند کەسێک زۆر بێ بەزەییانە و دوور لە هەموو ڕەوشتێکی ئینسانیانە هەڵدەستن بە سوتاندنی هەزاران جوجکە.
ئەو ڕووداوە قێزەونە وەک باسدەکرێت لە (مەرزی باشماخ) ڕوویداوە کە ویژدانی زیندووی هیچ مرۆڤێک ئەو ستەمە گەورەیە قبوڵ ناکات کە بەوپەڕی دڵڕەقیەوە 16 هەزار و 500 جوجگە بسوتێنی.
ئێمە دوای بەدواداچوونمان لەسەر ڕووداوەکە و پرسیارکردن لە نوێنەرانی وەزارەتی کشتوکاڵ لە مەرزی ناوبراون بۆمان دەرکەوت کە ئەو ڕەفتارە بە بێ ئاگاداریی ئەوان کراوە و تەنانەت وەک هەر کەسێکی دیکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ڕاگەیاندنەکانەوە هەواڵەکەیان بیستووە.
هاوردە کردنی جوجکە لە دەرەوە بۆ ناو هەرێمی کوردستان بە بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵ قەدەغەکراوە، بەڵام ئەنجامدانی ڕەفتارێکی نامرۆڤانەی لەو جۆرە لە هیچ یاسایەکی کارپێکراو و ویژدانی هیچ کەسێکدا جێی نابێتەوە و ئەو کارە بە تەواوی ڕەتکراوە و قێزەون و ڕێپێنەدراوە.
بۆیە پێویستە هەریەکە لە (بەڕێوەبەرایەتی گومرگ و وەزارەتی دارایی و ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆ) لەو ڕووداوە قێزەونە بێدەنگ نەبێت و بە سزادانی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە، ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە دڵڕەقیی و ستەمکردنە بگرێت.
عەبدولستار مەجید
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو
10-09-2016