دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
سەرپەرشتیاری تیمی ڕاگەیاندنی حاجیانی هەرێم ئاماژە بەوەدەکات "دوای زیاتر لە مانگێک مانەوە لە سعودیە و تەواوکردنی فەریزەی حەج، بڕیارە سبەی شەممە 17ی ئەیلولی 2016 یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێم بگەنەوە فڕۆکەخانەی هەولێر" ئاماژەی بەوەشدا "لەمساڵدا حاجیانی هەرێم 1 ملیۆن و 300 هەزار دۆلاریان لە سعودیە بۆ کڕینی دیاری خەرجکردوە".
مەریوان نەقشبەندی، سەرپەرشتیاری تیمی ڕاگەیاندن و بەرپرسی پەیوەندیەکانی حاجیانی هەرێم لە سعودیە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "بەپێی لیستی فڕۆکەوانی کە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بۆی ناردووین و دوای زیاتر لە مانگێک مانەوە لە سعودیە و تەواوکردنی فەریزەی حەج، بڕیارە سبەی شەممە 17ی ئەیلولی 2016 یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێم بگەنەوە فڕۆکەخانەی هەولێر و لە ماوەی 8 ڕۆژیشدا سەرجەم حاجیان دەگەنەوە هەردوو فرۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی".
وتیشی "حاجیان لەگەڵ گەڕانەوەیاندا وەک نەریتێک دیاری و کەلوپەل لەگەڵ خۆیاندا دێننەوە بۆ کوردستان و بەسەر خزم و دراوسێکانیان دابەشیدەکەن، بۆ ئەم مەبەستە ئەمساڵ حاجیانی هەرێم زیاتر لە 200 تەن دیاری و کەلوپەل لەگەڵ خۆیان دێننەوە بۆ کوردستان کە بایی نزیکەی یەک ملیۆن و سێسەد هەزار دۆلار دەبێت".
مەریوان نەقشبەندی ڕاشیدەگەیەنێت "گرنگترین ئەو دیاریانەی حاجیان دەیهێننەوە، خورمای مەدینە و ئاوی زەمزەمە کە نزیکەی نیوەی کۆی گشتی دیاری و کەلوپەلەکانی حاجیان پێکدێنن".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد "ئەم بڕە دیاری و کەلوپەلانەی حاجیانی ئەمساڵ دەیهێننەوە زۆر کەمترە بەبەراورد لەگەڵ ساڵانی پێش قەیرانی دارایی کوردستان".
- 16-09-2016