دواڕۆژ، هانا چۆمانی
خاوەنی 41 کۆمپانیای دابینکردنی پێداویستی و کەلوپەلی پێشمەرگە، ئەمڕۆ 29ی ئەیلولی 2016 یاداشتێکیان ئارێاستەی وەزارەتی پێشمەرگە و ئەنجومەنی وەزیران کردووه و داوای خەرجکردنی قەرزەکانیان دەکەن.
عەلی ئەحمەد خاوەنی یەکێک لە کۆمپانیاکان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "ئێمە وەک 41 کۆمپانیا تەواوی پێداویستی خواردن و کەلوپەل و جلوبەرگمان بە قەرز بۆ سەرجەم میحوەرەکانی هێزی پێشمەرگە دابینکردوە، کە کۆی پارەکە دەکاتە بڕی 54 ملیار دینارو ماوەی ساڵ و نیوێکە داوادەکەین وەزارەتی پێشمەرگە قەرزەکانمان پێبدات، بەڵام وەڵاممان نادەنەوە".
وتیشی "بە بیانووی قەیرانی دارایی ماوەی ساڵ و نیوێکە هیچ بڕە پارەیەکمان پێنەدراوە، به و هۆیەوە چەندین کێشە و ناکۆکی و لەناو کۆمپانیاکان دروستبووە، ئەمە جگە لە ئیفلاسکردنی زۆربەی کۆمپانیاکان، بۆیە ئەگەر پارەمان بۆ دابین نەکرێت و قەرزەکانمان نەدرێتەوە، ئەوا چیتر پێداویستی بۆ هێزی پێشمەرگە دابین ناکەین".
لەبەرامبەردا جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "وەزارەتی پێشمەرگە پارەیەکی زۆر قەرزردارە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانێت قەرزەکان بداتەوە".
ماوە زیاتر لە دوو ساڵە، حکومەتی هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانی دارایی بووەتەوە، بەوهۆیەوە جگە لە قەرزی فەرمانبەران، قەرزداری چەندین کۆمپیانیای ناوخۆیی و جیهانی بووەتەوە.
- 30-09-2016