راگەیەندراوێک لەوتەبیژی ناوەندی بڕیاری یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە
هەڤاڵانی یەکێتی
پیشمەرگە قارەمانەکان
چاوەڕوان نەدەکرا لەم دۆخە هەستیارەی ناوخۆی یەکێتییدا، هەوڵی ئەوە بدرێت کۆبونەوە بەناوی مەکتەبی سیاسی بەبێ ئامادەبونی جێگرانی سکرتێری گشتی و ژمارەیەک لەهەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی ئەنجامبدرێت، کەببێتە هۆکارێک بۆ زیاتر لەیەکترازان و پەرتەوازەکردنی ڕیزەکانی یەکێتی.
کەچی بەداخەوە بەدەر لەچاوەڕوانی جەماوەری یەکێتی و بێگوێدانە پرەنسیپ و بنەمای کارکردنی حزبیانە، بگرە بەپێشلکردنی پەیڕەوی ناوخۆش پەنایان بۆ کۆبونەوەیەکی ناوەختی بەناو مەکتەبی سیاسی برد.
جەماوەری سەربەرزی یەکێتی
کەسوکاری شەهیدان، پیشمەرگەو ڕیکخستنە دێرینەکان، زیندانیانی سیاسی، ڕێکخستنەکانی دەرەوە
ئایا ڕاستە ئیرادەیەکی خۆسەپێن، بێ ڕەچاوکردنی بنەما دەستوریەکانی یەکێتی و بۆ مەبەستی پەردەپۆشکردنی کێشە ناوخۆیەکان و نواندنی خەمساردی سەبارەت بەکێشە سەختەکانی کوردستان، کۆبونەوەیەکی بڕیار پێنەدراو ئەنجامبدەن و دور لەهەر بەرپرسیارێتیەک، یەکێتیەکەتان، حزبی شەهیدان و چەپکە گوڵەکەی جەنابی مام جەلال بەرەو دوو لەتبونی مسۆگەر تاوبدەن و بگرە زیاتر یەکێتیەکەمان بگلێننە سیاسەتە هەڵەکانی ڕابردو کە قەیران لەدوای قەیران و بڕینی مووچەو بارقورسی بژێوی هاوڵاتیانی لێ کۆتۆتەوە.
بۆیە لێرەوە دوپاتی دەکەینەوە کەئێوە بەم هەنگاوە تاکلایەنە دەتانەوێت یەکێتی بەرەو پەراوێزخستن و پەرتەوازەیی زیاتر ببەن. خۆتان لەچارەسەری ڕاستەقینەی کێشەکان بدزنەوە، کەخواستی هەموو یەکێتیەکانە و دەرگاکانی گفتوگۆو ڕێکەوتن دابخەن.
وتەبیژی ناوەندی بریاری یەکیتی نیشتمانی کوردستان
04-10-2016