بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێم هۆشداریدەدات لەکەمبونەوەی بەرچاوی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتیمانی لەوەرزی زستانداو دەڵێت وابڕوات توانای دابینکردنی 10 بۆ 12 کاتژمێر کارەبایان دەبێت.
ساڵانە لە وەرزەکانی هاوین و زستاندا کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتیمانی لەهەرێم ڕوو لە کەمبونەوەی بەرچاو دەکەن، بەهۆی بەرزبونەوەی خواست لەسەر ئه و وزەیە. هاوینی ئەمساڵ حکومەت توانی بەشێکی کەمی پێداویستی کارەبای هاوڵاتیان دابینبکات.
ئومێد محەمەد، بەڕێوبەری کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێم بەخەندانی ڕاگەیاند "پێشبینی دەکەین لە وەرزی زستاندا کە حاڵەتێکی نائاساییە بەرزترین خواست لەسەر کارەبا هەبێت، بەتایبەت لەم دۆخەی ئێستادا بەهۆی دروستبونی قەیرانی داراییەوە".
وتیشی "هیچ پێشبینییەک لای ئێمە نەماوە لەئێستادا چونکە چاوەڕوانی چاککردنی ئه و وەحدانەین کە لەکار وەستاون، بەڵام ئەگەر بەمجۆرەی ئێستا بێت ئەوا کارەبای نیشتیمانی خراپ دەبێت، ڕەنگە 10 بۆ 12 کاتژمێر کارەبامان پێدابینبکرێت".
قەیرانی دارایی کە زیاتر لە دوو ساڵە هەرێمی گرتووەتەوە کاریگەری گەورەی لەسەر سەرجەم سێکتەرەکان لەناویاندا کارەبا دروستکردووە، بەهۆی دابیننەکردنی گازوایلەوە 10 یەکەی بەرهەمهێنان لەکار وەستاون.
ئومێد محەمەد وتیشی "ئه و وەحدانەی کە ڕاوەستاون پێویستە کاریان پێبکرێتەوە بەگازوایل، بۆ هەر وەحدەیەک مانگانە 24 ملیۆن لیتر گازوایلی پێویستە، کەبەهاکەی نزیکەی 10 ملیۆن دۆلارە".
جەختیشیکردەوە، ئەگەر ئه و وەحدانە بکەونەوە کار ئەوە دەتوانن بڵێن کارەبای پێویست دەبێت "چونکە هەرئەوەمان لەبەردەستدایە بۆ ڕوبەروبونەوەی زستان، بەڵام لەئێستادا شتێک نیە ناوی پلان بێت، چونکە لەبەربێ سوتەمەنی ئه و یەکانە ڕاگیراون و هەرکاتێک سوتەمەنی و پارەهەبوو دەیخەینەوە کار".
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کارەبا یەکەکانی بەرهەمهێنان توانای بەرهەمهێنانی پێنج هەزار مێگاواتیان هەیە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و وەستانی ژمارەیەک لە یەکەکانەوە بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی یەوە نزیکەی سێ هەزار مێگاوات بەرهەمدەهێنرێت.
بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێم باسی لەوەشکرد، بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئه و هێڵانەی لەتورکیا و ئێرانەوە کارەبای بۆ هەرێم دەگواستەوە نەماون و ئه و وڵاتانە ڕایانگرتووە.
- 08-10-2016