دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
دادگای هەولێر بڕیاری بێتاوانی بۆ ئەو سێ فەرمانبەرەی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی هەولێر دەرکرد، کە بە تۆمەتی گەندەڵی لەپارەی ئاوارەکان دەستگیرکرابوون، هەروەها دوو بەڕێوەبەری تر لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کۆچ و کۆچبەرانی هەولێرو سلێمانیش بە کەفالەت ئازاد دەکات.
دەستگیرکردنی ئەو فەرمانبەرو بەڕێوەبەرانە لەسەر "گەندەڵی" و بردنی پارەی بەشێک لەو هاوڵاتیانە بوو، کە دوای گەڕانەوەیان لە وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپاوە لەلایەن حکومەتی هەرێم پێیان دەدرا، کە بڕەکەی (20) ملیۆن دینار بوو بۆ هەر خێزانێکی گەڕاوەی ساڵانی 1975 تاکو 1991.
لەبارەی چارەنووسی ئەو فەرمانبەرو بەڕێوەبەرانە، سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی هەولێر کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "دوای چەندین دانیشتن و لێکۆڵینەوەی ورد، دادگای هەولێر بڕیاری بێتاوانی ئەو سێ فەرمانبەرەی دەرکرد کە بە تۆمەتی گەندەڵی لە پارەی ئاوارەکان دەستگیرکرابوون".
وتیشی "دوو فەرمانبەری تر کە پۆستی بەڕێوەبەریان هەبووەو لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی هەولێرو سلێمانی دەوامیان دەکرد، بە کەفالەت ئازادکراون و بڕیارە لەم نزیکانە جارێکی تر دادگایی بکرێنەوە".
لە مانگی ئایاری ئەمساڵ دواڕۆژ بڵاویکردەوە، دادگای هەولێر سێ فەرمانبەرو دوو بەڕێوەبەری لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کۆچ و کۆچبەرانی هەولێرو سلێمانی بە تۆمەتی گەندەڵی لەو پارەیە دەستگیرکردووە، کە حکومەتی هەرێم بۆ ئاوارە گەڕاوەکان تەرخانی کردبوو.
- 08-10-2016