ڕۆژنیوز – هاوکار و جیهاد
ناوچەی هەورامان خاوەنی تاکە کتێبخانەیەکی حکومییه، بەڵام بە وتەی بەڕێوەبەری کتێبخانەکه و گەنجانی هەورامان، کتێبخانەکە ڕووبەڕوی چەند کێشەیەک بووەتەوە و بەو هۆیەشەوە کەمترین خوێنەر ڕووی تیدەکات.
کتێبخانەی بیارە، تاکە کتێبخانەی ناوچەی هەورامانە، کە دەکەوێتە شارەدێی بیارە، بەڵام کەمی سەرچاوە و کەمی کاتی کردنەوەی کتێبخانەکە، ئاستەنگی لەبەردەم خوێنەراندا دروستکردووە و بەو هۆیەشەوە کەمترین کەس ڕووی تێدەکات.
باڕوەڕ عەلی، گەنجێکی ناوچەی هەورامان و دەرچووی قۆناغی 12ی ئامادەیی لەبارەی گرنگی کتێبخانه و گرفتەکانی کتێبخانەی بیارە بۆ ڕۆژنیوز وای وت: هەبونی کتێبخانه پێویستیەکی هەنوکەیی کۆمەڵگایه، چونکە لە ئەمڕۆدا کۆمەڵگە بەوە دەناسرێتەوە، کە ئاستی ڕۆشنبیری و خوێندەوارییان لە چ ئاستێکدایە.
باوەڕ، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد:" هەبوونی کتێبخانەی بیارە بۆ چینی خوێندکاران زۆر پێویست و گرنگە بەتایبەت بۆ دەستخستنی سەرچاوە بۆ نوسینی لێکۆڵینەوەکانیان، بەڵام بەداخەوە کتێبخانەکە سەرچاوەی پێویستی تێدا نییە".
ئه و گەنجەی ناوچەی هەورامان، زیار قسەی لەسەر بابەتەکە کرد و وتی: بەداخەوە زۆرێک لە کتێبخانە حکومییەکان لە زۆربەی شاروشارۆچکەکان تەنها بۆ ئەوە کراونەتەوە کە کۆمەڵێک کەسیان بۆ دابمەزرێنرێت و مووچەی لەسەر وەربگرن، بەڵام لەناوەڕۆکدا چەند گۆڤار و ڕۆژنامە و کتێبێک و سەرچاوەیەکی کۆنی تێدا دانراون هەر ئەوەش وایکردووە کە کەمترین کەس ڕوویان تێبکات، بۆیە ئەگەر دۆخە بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەوا قەیرانی ڕۆشنبیری و نەبونی خوێنەریش سەرهەڵدەدات.
باوەڕ عەلی، ئاماژەی بە ڕۆڵی خراپی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کرد و وتی:" بەربڵاوی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وایکردووە، کە نەتوانین بڵێین کتێبخانەکان بونەتە جێگایەک بۆ کۆکردنەوەی ڕۆشنبیران و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕاکانیان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بونی کتێبخانە زۆر پێویست و گرنگە.
لای خۆیشییەوە، جیهاد تاهیر، بەڕێوبەری کتێبخانەی شارەدێی بیارە، بۆ ڕۆژنیوز وتی:" مێژووی کردنەوەی کتێبخانەی بیارە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2010 کە ئەوکات نوخشە ناسیح، بەڕێوەبەری شارەدێی بیارەبوو ڕۆڵێکی باشی هەبوو لە کردنەوەیدا، بەڵام ئەوەی بووەتە گرفت بۆمان نەبوونی بینای تایبەت و کەمی فەرمانبەر و نەبوونی هێڵی ئینتەرنێت و کەمی سەرچاوەی نوێیه، هەر ئەوەش وایکردووە کە کەمترین خوێنەر ڕوو لەکتێبخانەکەمان بکەن".
ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی یاسای کتێبخانەکان دەبێت ڕۆژانە لە کاتژمێر 8:00 سەر لەبەیانییەوە بۆ کاتژمێر 06:00 ئێوارە کتێبخانەکان کراوەبن، بەڵام ئه و یاسایە کاتێک جێبەجێ دەکرێت کە فەرمانبەری پێویست هەبن، بۆیە ئێمەی ژمارەی فەرمانبەرەکانمان چوار فەرمانبەرە بەخۆشمەوە و ڕۆژانە تاکاتژمێر یەک دەوام دەکەین.
بەڕێوەبەری کتێبخانەی شارەدێی بیارە باسی لەوەشکرد، ئەگەر حکومەت بەم شێوەی ئێستا بێباک بێت بەرامبەر فەرمانبەران و وەڵامی داواکاریەکانمان نەداتەوە ئێمەش ناچارین بایکۆتی دەوام بکەین کتێبخانەکەمان دابخەین.
09-10-2016