- 25 شوێنی سەر بە ناوەند و ناوچەکانی سەر بە پارێزگای هەکاری لە 15-10-2016 تا 29-11-2016 بەناوچەی ئەمنی تایبەت ڕاگەیەنراو هاتوچۆ تێیاندا قەدەغەکرا.
- ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند تورکیا ئامادەیە لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێکەوە شەڕی داعش لە موسڵ بکەن، وتیشی با کەس چیتر باسی بنکەی باشیک نەکات، چونکە باشیک لە هەمانکاتدا زامنی پاراستنی تورکیایە لەبەرامبەر هەر هێرشێکی تیرۆریستی.
- چەند یەکەیەکی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بەره و موسڵ جوڵەی پێکراوە و بەپێی قسەی بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگەش، هێزی تریش ئامادەیە و ڕەوانەی موسڵی دەکەن.
- شەوی ڕابردوو لە گوندی سۆمابرادۆستی، سەر بە شاری ورمێ-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پۆلیسی سەر سنووری ڕژێمی ئێران و گیانی لەدەستدا. بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی پارێزەرانی مافی مرۆڤی کوردستان، کۆڵەبەرە ناوی حەسەن ئەمینی-یە و تەمەنی 20 ساڵە، کە بەهۆی نەبوونی کار و داهات و بۆ بەڕێوەچوونی خۆی و خێزانەکەی ڕوو کردبووە کاری مەترسیداری کۆڵبەری.
- لە شاری هەولێر بە دەستپێشخەری ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی، یەکەمین کۆبونەوەی ئامادەکاری دامەزراندنی کۆربەندی کۆمەڵایەتی کوردستان بەڕێوەچوو.
- ئەنجومەنی گشتی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک، لە ناو بینای ڕیخراوەکەیان لە کەرکووک بەیاننامەیەکیان خوێندەوە دەربارەی شەڕی موسڵ و هەبوونی سوپای تورکیا لە باشوری کوردستان و عێراقدا و تێیدا هاتبوو، تورکیا لە ڕیگای کلتورو سەربازیەوە باشوری کوردستانی کردوەتە ژێر هەژموونی خۆی.
- بە دروشمی لە بیرت ناکەین جیهاد دڵپاک، لە باخچەی قەڵای شاری کەرکووک سێیەمین ڤیستڤاڵی شانۆی سەر شەقام دەستیپێکرد.
- لە ئەنجامی سووتاندنی تایە و نەوتی خاو لەنێو خەندەقەکانی دەوروبەری موسڵ لەلایەن داعش، بارستەیەکی مەزنی دوکەڵی ڕەش تەواوی ئاسمانی شاری هەولێر و دەوروبەری داگرتووە.