راگەیەنراوێک لە سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆسرەت ڕەسول عەلی-یەوە
جەماوەری دڵسۆزی یەکێتی
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
تێکۆشەرانی ڕێبازی یەکێتی و جەنابی مام جەلال
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەبێ بەسەرپەرشتی بەڕێز سکرتێری گشتی بێت و، ئێستاش بەهۆی نەخۆشی جەنابی مام جەلالەوە، دەبێ بەسەرپەرشتی بەڕێز جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی بێت، بەڵام بەداخەوە ئەو هەڤاڵانە گوێیان بە ئاگادارکردنەوەی ئێمە نەدا، و پەیڕەوی ناوخۆیان پێشێل کرد و لە پڕەنسیپی حزبی لایاندا، بەگوێرەی ماددەی (27) بڕگەی حەوتەم لە پەیڕەوی ناوخۆ ئەبێت سکرتێری گشتی "ی.ن.ک" خۆی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بکات و ئەگەر بەهەر هۆیەک سکرتێری گشتی نەیتوانی سەرکردایەتی کۆبوونەوەکەو گفتوگۆکانی بکات ئەوا بەپێی مادەی 28 بڕگەی یەکەم و دووەم لە پەیڕەوی ناوخۆ تەنها ئەو دەسەڵاتە دراوەتە جێگری سکرتێری گشتی بۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی سکرتێری گشتی.
واتە لەکاتی ئێستای "ی.ن.ک" ئەو دوو ماددەیەی پەیڕەوی ناوخۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی بە جێگری سکرتێر سپاردووەو ئەم دەسەڵاتەی نەداوەتە هیچ کەسێکی تر.
خەمخۆرانی یەکێتی....
ئەو گیانە ناحزبییە دۆخی شێواندن و لاوازکردنی یەکێتی سازئەکا، بەڕێز جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی "ی.ن.ک" ئاگاداری هەموو لایەک بەتایبەتی دڵسۆزانی "ی.ن.ک" دەکاتەوە کە هوشیاربن لەو ئاراستەیەی کە دەبنە هۆی لێکترازان، ئۆباڵەکەشی دەخەینە ئەستۆی ئەنجامدەرانی ئەم کۆبوونەوەیە.
لەمەودوا بەڕێز جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی و هەڤاڵانی، لە دڵسۆزی بۆ "ی.ن.ک" و داهاتووی ناچارن بۆ دەربازکردنی یەکێتی لەو گێژەنگەو لە حاڵی لاوازی و بێ توانایی هەنگاوی پێویست بنێین بۆ ئەوەی یەکێتی وەک هەمیشە بتوانێ بە ڕۆڵی خۆی هەڵسێ لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کوردستان، هەم لەرووی ژیان و گوزەرانی خەڵک و هەم بۆ چاکسازی لە سیستەمی فەرمانڕەواییدا.
سکرتێری ڕۆژنامەوانی
جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی
یەکێتی نیشتمانی کوردستان
15-10-2016