رۆژنیوز - زاهیر ئیبراهیم
گەرانەوەی ئاوارەکانی شارۆچکەی سۆران ی سەربە پارێزگای هەولێر بەردەوامەو تا ئێستا زیاتر لە هەزار خێزانی ئاوارەی پارێزگاکانی ناوەراست بەرەو شارەکانیان گەراونەتەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئاوارەی نوێی موسڵ بگەنە ئەو دەڤەرە.
لەسەرەتای شەڕی داعشەوە نزیکەی پێنج هەزار خێزانی ئاوارە لە ناوچە جیا جیاکانی عێراق و باشوری کوردستان ڕوویان لە هەرچوار شارۆچکەی دەڤەری سۆران کردووە، لە ئێستاشدا زیاتر لە هەزار خێزان گەراونەتەوە و پرۆسەی گەرانەوەکەش بەردەوامە.
عەباس ئەمیر بەرێوەبەری کۆچ و کۆچەبەران لە سۆران، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:"لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ئاوارەکانی سۆران بەشێوەیەکی بەرچاو گەراونەتەوە بۆ شوێنەکاینان، کە ژمارەیان زیاتر لە هەزار خێزان دەبێت و زۆرینەی ئەوانەش کەگەراونەتەوە دانیشتووی پارێزگاکانی ناوەراستی عێراق و بەتایبەت ئەنبارن".
وتیشی:"ئێمە پشتگری و پاڵپشتی لە هەرخێزانێک دەکەین گەر بەمەستی گەرانەوەبێت و لەرابردووش ئەوانەی گەراونەتەوە هاوکاری پێویست کراون، لە ئێستاشدا گەرانەوەی ئاوارەکان لە هەرچوار شارۆچکەی دەڤەری سۆران بەردەوامە، هیوادارین تێکڕای ئاوارەکان بگەرێنەوە بۆناوچەکانیان".
عەباس ئەمیر ئاماژەی بۆئەوەشکرد:"پێشبینی دەکەین هەر لەگەڵ شەری کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ ژمارەیەکی زۆر ئاوارەش کە دێنە ناوکەمپەکانی هەرێمی کوردستان دواتر بێنە سۆران، ئەمەش بەهۆی بوونی خزم و کەسیان لەم ناوچەیە کە ئەوانیش ئاواری دەوروبەری موسڵن".
ناوبراو باسی لەوەشکرد:"کوردانی ئێزدی کە نزیکەی 200 خێزان دەبن لە سۆران نیشتە جێن، بەڵام بەهۆی ئەوەی شەنگال بە تەواوی خاپورکراوە ئەمانە نەیان توانیوە بگەرێنەوە بۆ ناوچەکانیان، بەداخەوە تائێستاش لە کەمپەکانی سۆران نیشتەجێن".
17-10-2016