ئەمڕۆ هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش و هێزە ناوخۆییەکانی سەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شاری موسڵیان دەستپێکرد. ئەمە ڕوداوێکی زۆر گرنگە بۆ هەموو جیهان، چونکە سەرەتای ڕزگارکردنی گرنگترین شوێنی بەردەستی هێزە تیرۆریستییەکانی داعشە کە ئەو شارەیان کردبووە بنکەی پلاندانانی هێرشکردنە سەر هەموو ناوچەکە و جیهان، هەروەها بوونی داعش لەو شارە گرنگەی عێراق و ناوچەکەدا، بووە مایەی ڕاکێشانی کەسانی توندڕەو بۆ ناو ڕیزەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش. بەپێی پلانێکی پێشوەختە لەگەڵ هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتیی دژی داعش و لەگەڵ حکوومەتی عێراقیدا، ئەمڕۆ پێشمەرگە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ئەو شارەی دەستپێکرد.
هێزی پێشمەرگە بە فەرماندەیی بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان، ئەفسانەی داعشی لە کۆبانێ و شنگال لەسەر زەوی تێکشکاند و دوای ئەوە تێکشکانی داعش لە هەموو شوێنێک دەستیپێکرد، ئەمڕۆش بە فەرماندەیی سەرۆک بارزانی و قارەمانیەتیی پێشمەرگە گەورەترین ئۆپەراسیۆن بۆ لەنێوبردنی داعش دەستیپێکرد.
پێشمەرگە لە دوو ساڵ و نیوی ڕابردوودا، بە ئازایەتیی خۆی و توانای زۆر کەمی سەربازییەوە، مەزنترین قارەمانیەتیی لە بەرامبەر گەورەترین و مەترسیدارترین ڕێکخراوی تیرۆریستیی جیهاندا نیشان دا و مرۆڤایەتی لە مەترسییەکی زۆر گەورە پاراست، لەبەرئەوەش پێویستە هەموو جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ڕێز و بایەخپێدانی پێویستەوە لە ڕۆڵی پێشمەرگە بڕوانن.
پێشمەرگە و خێزان و کەسوکاری پێشمەرگەش بەبێ گوێدانە قەیران و خراپیی بارودۆخی دارایی، سەربڵندییەکی گەورەیان بۆ خۆیان و گەلی کوردستان تۆمار کردووە و شەڕی مووسڵیش دەبێتە لوتکەی ئەو شانازییەی پێشمەرگە کە ئەمڕۆ بوونەتە پارێزەری ئازادیی هەموو جیهان بەرامبەر هێزێکی دڕندە کە هەڕەشە لە هەموو ئازادییەکان و ئارامیی هەموو جیهان دەکات. شانازییە بۆ پێشمەرگە کە بووەتە پارێزەری هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە، هەروەها بووەتە جەنگاوەری پاراستنی ئازادیی هەموو جیهان.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەکیان کرد بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی عێراق بۆ سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی مووسڵ، هەروەها هەرێمی کوردستان ئەرکی تەواوی خۆی بەجێ هێناوە وەک بەشێک لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش. ئاسانکاریشی بۆ هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و تیمە میدیاییەکانی ناوخۆ و جیهان کردووە بۆ ڕووماڵکردنی ئەو شەڕەی جیهان دژی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، وێڕای ئـەوەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە باردۆخێکی خراپدایە بەهۆی قەیرانی داراییەوە و بوونی زیاتر لە دوو ملیۆن پەنابەری سووریا و ئاوارەی ناوخۆیی عێراق کە ڕێژەی 32 لە سەدی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیان زیاد کردووە، بەبێ ئەوەی هاوکاریی پێویست بدرێتە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی پێداویستی و خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەو پەنابەر و ئاوارانە.
ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنە گەورەکە دەستیپێکرد، بەڵام لە دروستبوون و هێرشەکانی داعشدا جارێکی دیکە دەرکەوت کە ئاسایشی جیهان هەمووی پێکەوە پەیوەستە. دروستبوونی داعش لە عێراق و سووریادا بووە مایەی مەترسی بۆ سەر هەموو جیهان و چیتر مەترسیی ئەو ڕێکخراوانە تەنیا لە چوارچێوەی چەند وڵاتێکدا نییە، لەبەرئەوەش پێویستە دەوڵەتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ لەنێوبردنی یەکجارەکیی داعش و نەهێشتنی زەمینەی دروستبوونی ڕێکخراوی هاوشێوەی داعش، بیر لە چارەسەری بنەڕەتیی کێشەی ئەو ناوچانە بکەنەوە کە کێشەکانیان دەبنە زەمینە و بناغەی دروستبوونی ئەو ڕێکخراوانە، لەبەرئەوەش دەبێ بە شێوەیەکی وشیارانە بیر لە سیستەم و ئیدارەیەکی گونجاو و چارەسەری سیاسیانە بکرێتەوە لەو ناوچەیەدا بۆ قۆناغی دوای داعش. حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ ڕۆڵگێڕانێکی بەهێز لە دروستکردنی چارەسەرێکی ئاشتیانە لە ناوچەکەدا.
بەبۆنەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی مووسڵەوە، سڵاو دەنێرین بۆ پێشمەرگە و هیوادارین خوای گەورە گیانی پێشمەرگە و هەموو هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بپارێزێت کە بەشداری لە قۆناغەکانی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شاری مووسڵ و دەوروبەریدا دەکەن. لە خوای گەورە دەخوازین هاووڵاتیانی سڤیل لە مووسڵ و دەوروبەری بپارێزێت و مووسڵ ببێتەوە بە شارە گەورە و گەشەسەندووەکەی ناوچەکە و دوور بێت لە وێرانبوون.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان
17-10-2016