جەماوەری خەڵکی کوردستان
پیشمەرگە قارەمانەکان
کەس و کاری شەهیدە سەربەرزەکان
کاتێک خەڵکانێک دائەماڵرێن لەهەر جۆرە بەهایەکی ئینسانی و نیشتمانی و ئەخلاقی، کاتێک بەرژەوەندی حزب و بنەماڵە دەچێتە سەروی هەموو بەرژەوەندیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی، ئا لەو کاتەدا دەبێت چاوەرێی ئەوەش بکەین کە قوربانیدانی پێشمەرگەو خەباتی پێشمەرگەش بکرێتە بەشێک لە ئەجیندای بۆگەنی حزبی و بازرگانی پێوە بکرێت.
لە دوێنێوە جەماعەتێک کە پۆستی باڵای حزبی و حکومیان هەیە، هاوکات لەگەڵ وەزارەتی بێ وەزیری پێشمەرگە، باس لەوە دەکەن گوایە من لە بەرنامەیەکی کەناڵی nrt دا ناوی پێشمەرگەم زڕاندوەوسوکایەتیم پێکردون.
من وا سەرجەم قسەکانی خۆم لەو بەرنامەیە دەخەمە بەردەستی ئێوە، بۆ ئەوەی خۆتان بڕیار بدەن چەواشەکاری و ڕەوشت نزمی ئەو کەسانە لە چ ئاستێکدایە وە چۆن یاری بە هەستی پێشمەرگەو کەس و کاری شەهیدان ئەکرێت، تەنها بۆ شاردنەوەی هەنگاوە گڵاوەکانیان لە تێوەگلاندنی پێشمەرگە لە شەڕێکەوە کە دەکرا بە شێوازی تر و ئاراستەی تردا بوایە.
بزانن ئایا من بە هیچ شێوەیەک و بۆ جارێکیش خوانەکردە سوکایەتیم بە پێشمەرگە کردوە؟ ئایا بە ئەوپەڕی ڕێزەوە باسم لە گیانفیدایی و قارەمانێتی پێشمەرگە نەکردوە، ئایا لە هیچ شوێنێک حەرفێکم لەسەر میلیشیا وتووە؟ فەرمون ئەمە بەشێکە لە قسەکانی من کە خۆتان ئێستا ئەتوانن لە ڕیی ڤیدیۆی بەرنامەکەشەوە گوێ بیستی بن و لینکەکەی دائەنێم.
- هەمومان دڵمان لەگەل پێشمەرگەیەو کەس و کاری ئێمەن
- هەر هەمومان دەبێت هیوای سەرکەوتن بۆ پێشمەرگە بخوازین، هیوای سەلامەتی بۆ پێشمەرگە بخوازین. وە هەم دەبێت هیوا بخوازین هەموو ئەو دەستکەوتانەی بە خوێنی پیشمەرگە تۆمار دەکرێت ببێتە دەسکەوت بۆ هەمو نیشتمان و میلەتەکە.
- بە هیچ شێوەیەک لەگەل ئەوە نیم بەرەی پیشمەرگە لاواز بکرێت، دەبێت بە هەمومان بەهێزی بکەین، لە خانەقینەوە پیشمەرگە بەشداری بکات تا زاخۆ.
- قوربانیەکی زۆر ئەدرێت بەهۆی ئیدارەدانی خراپەوە
- دەتوانین هەموو ناوچە جێناکۆکەکان بخەینە سەر هەرێم
- بیر لە گیانی پێشمەرگە ناکرێتەوە
- پێشمەرگە نابێت پاشەکشە بکات لەو ناوچانەی ڕزگاریان ئەکات
- دەبێت هەموو ناوچەکان کە بە خوێنی پێشمەرگە گیراون بخرێنە سەر هەرێم
- من پێم وایە شەری موسل ڕەوایە، هەمومان بەشدار بین
- موسڵ شەری ئەسڵی کورد نیە جێیناکۆکەکان شەری ئێمەیە
- لەهەر شوێنێک پێویست بە پێشمەرگە بکات بۆی بڕوات..
- کورد دەبێت سنوری خۆی جیا بکاتەوە کە بە قوربانی پیشمەرگەکان ڕزگار کراون
- قسەم لەسەر گرنگی شەڕ کردن دژ بە داعش کردوە بە هەمومانەوە، لە ڕوی عەسکەری و سیاسی و عەسکەریەوە، باسم لەوە کردووە کە شەڕ دژی داعش چەندە ڕەوایە.
- قسەم لەسەر گیانفیدایی پێشمەرگە کردوە
بەڕیزان: ئەمەی کە لەگەرمەی شەڕدا و لە کاتێکدا پێشمەرگەکانمان دەستەو یەخەن لەگەڵ بەربەریترین جانەوەری ئەم سەردەمە، چ لە سنوری موسڵ و چ ئەمرۆ لە شاری کەرکووک، پارتی بێ گوێدانە ئەوەی لەم ساتەوەختەدا پێویستمان بە ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەیەو دەبێت بەرەی ناوخۆمان پتەو بەهێز بکەین و هەموو تواناکان بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی قوربانی و شەهیدەکان بێت، ئا لەم کاتە زۆر هەستیارەدا کە هەموو خێزانێکی ئەم وڵاتەمان چاوەڕێی هەواڵی سەلامەتی کەس و کارەکەیەتی و سەرکەوتنی پێشمەرگەیە، بەشێک لەو پارتیانە، بێ گوێدانە ئەو بەها نیشتمانی و نەتەوەییانە، تەنهاو تەنها سەرقاڵی جنێودان بە سەرکردەیەک و حزبێکن و تەنها لە خەمی تۆڵەکردنەوەی سیاسیدان.
سەیر لەوەدایە من، جا باشم وتبێت یا خراپ، وەک ڕۆژنامەنوسێک بەشداری ئەو بەرنامەیەم کردوە نەک وەک هەڵسوراوێکی گۆڕان. بۆیە بە هەموو پێوانەیەک نە بزوتنەوەی گۆڕان و نە کەناڵی نالیا لە قسەکانی من بەرپرسیار نین، کەچی ئەو پارتیانە بۆ تٶلەکردنەوەیەکی خۆیان هاتون هەم گۆڕان و هەمیش کەناڵەکەیان پڕ تەشهیر کردووە.
بەڕێزان: ئێستا کە ئەم ڕاستیانە ئەبینن و ئەبیستن،، بەو هۆکارەی کە نەک هەر بچوکترین بێڕێزی بە پێشمەرگە و کەمکردنەوەی شکۆی پیشمەرگە نەکراوە بەڵکو زۆر زۆرترین داکۆکی لە بەهەدەرنەچونی خوێنی پێشمەرگە و پاراستنی ڕۆڵەکانمان کراوە، بە مافی ڕەوای خۆمی ئەزانم گەر ئەم لایەنانەی ناویان هاتوە لە چەند ڕۆژی داهاتودا داوای لێبوردن نەکەن لەو هەمو تۆمەت و ناوزڕاندنانە، سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمار بکەم:
یەکەم: وەزارەتی پیشمەرگە
دووەم: مەکتەبی سیاسی پارتی، کە سەرپەرشتی ئەو سایت و پەیجانە ئەکات و تەعمیمی دەرکردوە بۆ ئەو ناوزڕاندن و تەخوین و خوێن حەڵال کردنە
سێیەم: هەموو ئەو نوسەرانەی پارتی کە لە دوێنێوە پەیتا پەیتا بابەتی پڕ لە تەخوین و تەشهیر و جنێودان بڵاو ئەکەنەوە.
عەدنان عوسمان
فەرمون ئێوەو ڕاستیەکان:
https://www.youtube.com/watch?v=0G_H5D6TzaU&feature=youtu.be
21-10-2016