عەبدولستار مەجید وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەئێستادا هەرێم گەیشتووەتە خوددابینکاری لە دانەوێڵەو هەندێ سەوزەو میوەو بەرهەمی پەتاته و سێوی هەناردەی دەرەوە کردووە.
ئه و وتانەی وەزیری کشتوکاڵ لەمیانەی ڕێوڕەسمی خەڵاتکردنی 50 جووتیاری نموونەیی سنووری پارێزگای سلێمانیدا هات کە دوێنێ بەڕێوەچوو، بەپێی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتەکە کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە.
عەبدولستار مەجید ڕایگەیاند، وەزارەتەکەی دوو ئەرکی لەسەر شانە ئەوانیش دابینکردنی ئاسایشی خۆرک و ئاسایشی ئاون، سەبارەت بە یەکەمیان ڕوونیکردەوە کە دوای پەیڕەوکردنی سیستەمی پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و بە تایبەتیش دانانی باج لەسەر بەرهەمی هاوردە لەئێستادا گەیشتوونەتە خوددابینکاری لە دانەوێڵەو هەندێ سەوزەو میوە.
وتیشی "چەندین بەرهەمی خۆماڵیمان کە لە پێویستی هەرێم زیاد بوونە ڕەوانەی وڵاتانی دەرەوە کراون، بۆ نموونە پەتاتە بۆ سعودیەو سێوی بەرواری باڵا بۆ میسر و بەرهەمی دیکە بۆ لوبنان و ئوردن".
وەزیری کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵی 2014 بڕی گەنمی بەرهەمهاتوو 884 هەزار تەن بووە، بەڵام ئەمساڵ گەیشتۆتە یەک ملیۆن و 600 هەزار تەن.
سەبارەت بە دابینکردنی ئاسایشی ئاو عەبدولستار مەجید باسی لەوەکرد کە 17 بەنداو لە کوردستان هەن و 3 بەنداوی گەورە لەسەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراق و 14 بەنداویش لە دوای کۆتایی ڕژێم و4ی دیکەش لە سەردەمی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکراون.
هەروەها درووستکردنی بەنداوەکانی سەر ئەو ڕووبارانەی لە وڵاتانی دەوروبەر دێنە کوردستان بە مەترسیی بۆ سەر کشتوکاڵ و گەشتوگوزارو ئاودێریی وەسفکرد کە ئێران و تورکیا تا ئێستا لە درووستکردنیان بەردەوامن.
- 25-10-2016