ڕۆژنیوز – جیهاد هەورامی
یەکەمین و تاکە کارگەی دۆشاوی هەناری هەڵەبجە لەلایەن گەنجێکی هەڵەبجەییەوە دادەنرێت و ڕۆژانە بە سەدان تەن هەناری هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور دەکات بە دۆشاو و خاوەنەکەشی دەڵێت: دەتوانین لەیەک کاتژمێردا 20 تەن هەنار دابکوتین و بیکەین بە دۆشاو.
هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور بەهۆی هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافیەوە بەناوبانگە بەزۆری و باشی هەنار، بەڵام تائێستا حکومەت نەیتوانیوە کارگەیەکی تایبەت بەدۆشاوی هەنار لەوێ دابمەزرێنێت و تەنها کارگەیەک بوونی هەیە کە لەلایەن گەنجێکەوە دامەزراوه و ڕۆژانە بەسەدان تەن هەناری سنورەکە دەکات بەدۆشاو و ڕادەستی خاوەنەکانیان دەکات.
دیاری هەڵەبجەیی، خاوەنی کارگەی دۆشاوی هەنار لە هەڵەبجە بۆ ڕۆژنیوز دواو وتی:"بیرۆکەی دامەزراندنی کارگەی دۆشاوی هەنار دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە سنوری هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور ڕێژەیەکی زۆر لەبەرهەمی هەناری هەیه و لەگەڵ ئەوەشدا تاکە کارگەیەک بونی نەبوو که بتوانێت ئه و هەموو بەرهەمە بکات بەدۆشاو، بۆیە هەستام بەدامەزراندنی یەکەم کارگەی دۆشاوی هەنارو لەئێستاشدا ژمارەیەکی زۆر لەهاوڵاتیان سەردانمان دەکەن و بەرهەمەکانیان بەمەبەستی دروستکردنی دۆشاو دێنن بۆ کارگەکەمان".
دیاری هەڵەبجەیی، وتیشی:"سەرەتا بەهۆی سادەیی ئامێری کارگەکەمان ئەرکێکی زۆرمان لەسەر بوو و ڕێژەیەکی زۆر کەم دۆشاومان بەرهەم دەهێنا، بەڵام دواتر توانیم لەوڵاتی ئێران چەندین ئامێری پێشکەوتوو بهێنم بۆ کارگەکە و لەئێستادا دەتوانین لەیەک کاتژمێردا 20 تەن هەنار دابکوتین و بیکەین بە دۆشاو و بەهۆی قەیرانی دارایی نرخێکی کەم لەهاوڵاتیان وەردەگرین، واتە بۆ هەر تەنێک بڕی 10 هەزار دینار وەردەگرین".
خاوەنی کارگەکە ئاماژەی بەوەشدا:"هەرچەندە ئێمە وەک کەرتی تایبەت ئەم کارگەیەمان دامەزراندوە، بەڵام پێویستە حکومەتیش ئاوڕێکی جدی لەناوچەکە بداتەوە و نەک کارگەیەک، بەڵکو چەندین کارگەی تایبەت بە دۆشاوی هەنار دابمەزرێنێت، چونکە لەناوچەکە بەرهەمێکی زۆر لەهەنار هەیە و دەتوانرێت سودێکی باشی لێ ببینرێت بەتایبەت بۆ دۆشاو، هەر بۆیە ئەگەر حکومەتیش هاوکاری ئێمە بکات دەمانەوێت لەداهاتوودا کارگەکەمان فراوانتر بکەین و ئامێری زیاتر و پێشکەوتوتریش بۆ کارگەکەمان بهێنین تاوەکو ڕۆژانە ڕێژەیەکی زۆرتر دۆشاوی هەنار بەرهەم بهێنین".
خاوەنی ئەو کارگەیە ئەوەشی خستەڕوو: بەپێی کاری ئامێرەکان لە هەر کاتژمێرێک 20 تەن هەنار دادەکوترێت و له و 20 تەنەش 200 لیتر ئاوی هەناری لێدەردەهێنرێت و دواتر له و ڕێژەیەش نزیکەی 70 کیلۆ دۆشاوی هەناری لێ دروست دەکرێت و خۆشبەختانەش دۆشاوی هەناری هەڵەبجە هەناردەی دەرەوەی هەڵەبجە کراوە بۆ شارەکانی تری هەرێمی کوردستان و خواستێکی زۆریان لەسەرە.
لەلایەکیترەوە گەنجێک بەناوی بەشیر عوسمان، کە له کارگەی دۆشاوە کارمەندە، بە ڕۆژنیوزی وت:"جگە لەوەی کە بوونی ئەم کارگەیە خزمەتێکی زۆر بە جوتیاران دەگەیەنێت بۆ ساغ کردنەوەی بەرهەمەکانیان و بۆ درووستکردنی دۆشاو، هۆکارێکە بۆ دامەزراندنی گەنجان لەکەرتی تایبەت کە لەئێستادا ژمارەیەکی زۆر گەنجی دانەمەزراو لە هەڵەبجە بیکارن و ئەگەر بکرێت کارگەی لەم جۆرە بکرێتەوە ئەوا ژمارەیەکی زۆرتر دەتوانن سود لە هەلی کار وەربگرن".
بەشیر عوسمان، وتیشی:"هەرچەندە ئەم کارگەیە خزمەتێکی باش بەجوتیاران دەگەیەنێت بۆ بەرهەمهێنانی دۆشاوی هەنار، بەڵام بەهۆی زۆری باخ و باخاتی هەناری ناوچەکە بونی ئەم تاکە کارگەیە بەس نیە و پێویستە حکومەت و کەرتی تایبەت چەندین کارگەی تر دابمەزڕێنن بۆ ئەوەی ئه و ڕێژە زۆرەی بەرهەمی هەنار کە ساڵانە بڕێکی زۆری بەخەسار دەڕوات لەبەر نەبونی کارگەی دۆشاوی هەنار و لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان هەلی کاریان دەست دەکەوێت و ڕێژەی بێکاریش لەچاو ئێستادا کەمتر دەبێتەوە".
کارگەی دۆشاوی هەناری هەڵەبجە لە ساڵی ڕابردوو دامەزرا، بەڵام بەهۆی کەمی ئامێرو هەندێک کەموکورتیەوە لە 1-10ی ئەمساڵ بە فەرمی کرایەوە و لە پێنج کارمەند پێکهاتووە کە سەرجەمیان لە ڕەگەزی نێرن، ئەو کارگەیە ڕۆژانە پێشوازی دەکات لە جوتیاران بۆ هێنانی بەرهەمی هەنارەکانیان بۆ کردنی بە دۆشاو.
25-10-2016