دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
ساڵ دوای ساڵ ژمارەی توشبوانی نەخۆشی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان ڕوو لەزیادبوون دەکات، پزیشکان و پسپۆرانیش هۆکاری سەرەکی بۆ خراپی خواردەمەنی و پیسبوونی ژینگه و هۆکاری بۆماوەیی دەگەڕێننەوە.
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی تەندورستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە دەست دواڕۆژ کەوتووە ڕیزبەندی (39) جۆر شێرپەنجەی تێدایە لەوانە (سی و سورێنچک، گەدە، کۆلۆن، ڕیخۆڵە، جگەر، پێست، ئێسک، مەمک، گورچیلە، مێشک، دەماغ، خوێن، زمان، لوت، مایلۆما، مل، گوێی مەمک، چاو، پرۆستات...هتد) کە لە 10 مانگی ئەمساڵدا (3114) حاڵەتی شێرپەنجەی نوێ تۆماکراوە له و ڕێژەیەش 57% لە ڕەگەزی مێ و 63% لە ڕەگەزی نێرن، لە نێویشیاندا شێرپەنجەی سییەکان لە پیاوان بە پلەی یەکەم و لە نێو ئافرەتانیش شێرپەنجەی مەک بە پلەی یەکەم دێت.
دکتۆر سامی بەڕێوبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی بۆ شێرپەنجەیە لە هەولێر بۆ دواڕۆژ وتی"ئەوە ئامارێکی دروست نیە لە بارەی نەخۆشی شێرپەنجە، چونکە زۆرجار هەندێ نەخۆش سەردانی دەرەوەی وڵات دەکەن یاخود بەشێکی نەخۆشەکان لە ناوەڕاست و باشوری عێراقەوە دێنە هەرێمی کوردستان".
ئه و پزیشکە هۆکاری زیادبوونی شێرپەنجەی مەمک لە ئافرەتان دەگەڕێنێتەوە بۆ درەنگ شووکردن و بۆ ماوە و وەرزشنەکردن و سکپری، هەروەها زیادبوونی شێرپەنجەی سیەکانیش بۆ زیادبوونی جگەرەکێشان دەگێڕێتەوە.
هاوکات د. سامان بەرزنجی بەڕێوبەری گشتی تەندروستی هەوڵێر بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، بەهۆی قەیرانی دارایی ناتوانن وەک پێویست هاریکاری نەخۆشانی شێرپەنجە بکرێت لەرووی دابینکردنی دەرمان و پێداویستی تاقیگه و ئامێری پێت سکان، بۆیە پێویستە وەزارەتی دارایی بەدەر لە ڕێنماییەکان پێداویستییەکانی ئه و نەخۆشانە دابینبکات.
وتیشی"تەنیا لەمساڵدا 80 هەزار کەس بەمەبەستی پشکنین سەردانی نەخۆشخانه و سەنتەرەکانی شێرپەنجەیان کردووە لەشاری هەولێر، له و ڕێژەیەش 40% هاوڵاتیانی عەرەبن و 1645 حاڵەتی نوێی شێرپەنجەش تۆمارکراوە".
- 25-10-2016