خەندان- هەڤاڵ محەمەد
ئاشتی هەورامی وەزیری سامانەسروشتییەکانی هەرێم باسلە قەیرانی دارایی و کێشەکانی بەردەم کەرتی نەوتی هەرێم دەکات و پاڵپشتیکردنی حکومەت بۆ سووتەمەنی هاوڵاتیان و کارەباو زۆریی ڕێژەی فەرمانبەران بەهۆکاری سەرەکیی دەزانێت کە داهاتی نەوت بەشی خەرجییەکان ناکات، تەئکیدیش دەکاتەوە چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت نابێت و پرسەکە لەوە قوڵترە.
"لەساڵی 2009 بەره و سەرەوە داهاتی هەرێمی کوردستان لە 40 ملیار دۆلار تێپەڕی نەکردووە، ئەوە ئیزافەتن له و 30 ملیارەی خەرجکراوە بۆ دۆزینەوەی نەوت، جگە له و 40 ملیارە شیرینیمان وەرگرتووە کە 4 ملیار دۆلارە، ئه و پارەیە چی لێهاتووە؟ پێنج ملیاری گەڕاوەتەوە بۆ کۆمپانیاکان وەکو داهات، باقیەکەی تر لای حکومەتی هەرێم ماوەتەوە، ئه و 40 ملیارە چۆن خەرجکراوە؟ تەقریبەن نیوەیمانداوە بەوەزارەتی دارایی، نیوەکەی تریمان سوتاندووە، ئەوەش بەشێکە لەکێشەکانمان، چونکە بۆ گازوایل بە کارمان هێناوە، ئەوە بەشێکە لەقەیرانەکە کە ئێستاش بەردەوامە"ئاشتی هەورامی وای وت.
ئه و قسانەی ئاشتی هەورامی لەمیانەی وتەیەکدا هات کە ئەمڕۆ لە شەشەمین دیداری مێری لەهەولێر پێشکەشیکرد.
ئەوەشی خستەڕوو ئێستا بەرهەمی کوردستان له و کێڵگانەی هەرێم بەڕێوەی دەبات 600 هەزار بەرمیلە لەرۆژێکدا، 520ی دەنێردرێت بۆ جەیهان و 60 هەزاری بەکاردەهێنن بۆ ناوخۆ و بەپێی ڕێکەوتنی تازەیان لەگەڵ بەغدا 60 هەزار بەرميلی دیکە بەرهەم دەهێنن.
لەبارەی ئەوەی بۆچی وەزارەتەکەی نەیتوانیوە بەرهەمهێنانی نەوت بگەیەنێتە یەک ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە، هەورامی وتی"لەبەر دروستبونی قەیران نەمانتوانی پارەی کۆمپانیاکان بدەین ئەوانیش نەیانتوانی ئیستسماری تازە بکەن و نەوت بەرهەمبهێنن، قەیرانەکان کارەکانی ئێمەی زۆر وەستاند، لەبەر دابەزینی نرخی نەوت کۆمپانیاکان گەڕانیان بەدوای نەوتدا کەمکردەوه و ئه و کێڵگانەشی کەئینتاجیان هەبوو ئەویش کەمبووەتەوە، بۆیە لە 600 هەزاره و نەگەیشتینە یەک ملیۆن بەرمیل لەرۆژێکدا".
ئاشتی هەورامی ئه و هۆکارانەی خستەڕوو کە وایانکردووە داهاتی نەوت بەشی خەرجییەکانی هەرێم و موچە نەکات، باسیلەوەکرد ساڵ بەساڵ پاڵپشتی کەرتی سوتەمەنی و کارەبایان کردووە، بەجۆرێک بەگران سوتەمەنییان کڕیوه و بەهەرزان لەبازاڕدا فرۆشتویانەتەوە.
"بەنزین بە هەزار دینارە لیترێک ئێمە دەمانخستە بازاڕەوە بە 500، نەوتی سپی بە هەزار و 200 بوو بە 160 دینار دەماندایە خەڵک، ئەوە کورتهێنانەکەیە لەنێوان داهات و تێچوو، چونکە موشتەقاتەکەمان کڕیوه و فرۆشتومانە بەهەرزان، تەقریبەت هەمو بڕەکەی هەشت ملیار دۆلار بوو، تێچوی کارەباکەش هەژمار بکەین 12 ملیار دۆلار بوو".
وەزیری سامانە سروشتییەکان قەرزی بانکە ئەهلییەکانی لەسەر حکومەتی هەرێم ئاشکرا کرد کە بڕەکەی نزیکەی 8 ملیار دۆلاره و بۆ پێدانی موچە قەرزکراوە.
زیاتر لە 2 ساڵە حکومەتی هەرێم لەقەیرانێکی سەختی داراییدایه و سەرباری جێبەجێکردنی سیستمی پاشەکەوتکردنی موچە، ناتوانێت مانگانە لەکاتی خۆیدا موچە بدات و موچەی چەند مانگێکی موچەخۆرانیش قەرزارە.
ئاشتی هەورامی تەئکیدی کردەوە ئه و قەیرانەی ئێستا هەرێمی تێدایە، زۆر جیاوازە لەوەی بە 50 دۆلاری و 100 دۆلار و نیو ملیۆن و یەک ملیۆن بەرمیلی نەوت کۆتایی بێت، "ئەگەر نەوت بچێتەوە 100 دۆلار و ببێتە یەک ملیۆن بەرمیلیش بەم مەسارە بڕۆین ئه و قەیرانە هەربەردەوام دەبێت، ئه و کێشەیە کێشەی حزب و حکومەت نیە بەتەنها بەڵکو کێشەی قیادەی سیاسی کوردستانە، ئه و قەیرانەش بەنەوت چارەسەر ناکرێت، دەشبێت ڕاستیەکان بۆ خەڵک ڕونبکرێتەوە، چونکە خەڵک وادەزانن پارە هەیه و موچە نادرێت کە خۆزگە وابوایە".
وەزیری سامانەسروشتییەکان باسیلە زۆریی موچەخۆرانی هەرێم کرد کە زۆر لە عیراق زیاترە، وتی"بەپێی ئاماری نێودەوڵەتی عیراق تاوەکو ساڵی ڕابردوو لەسەدا 40ی مۆزەف بووە، بەپێی موازەنەی 2017 مۆزەف هاتووەتەخوارەوە و ئێستا لەسەدا 35، بەڕێزان موچەخۆرانی ئێمە لەکوردستاندا لەسەدا 65 تاوەکو 68".
- 25-10-2016