حکومەتی ئێران بڕی 200 ملیۆن یۆرۆ دەداتە ئه و کۆمپانیایانەی وڵاتەکەی کە لەهەرێمی کوردستان پڕۆژەکانیان بەهۆی قەیرانی داراییەوە ڕاوەستاوە.
نازم دەباغ، نوێنەرتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران بە خەندان-ی ڕاگەیاند"ئەم هەفتەیە، لە کۆبونەوەی خۆیدا ئەنجومەنی وەزیرانی ئێران بڕیاریداوە بڕی 200 ملیۆن یۆرۆ خەرج بکات بۆ ئه و کۆمپانیا ئێرانیانەی کە لە هەرێمی کوردستان پڕۆژەکانیان بەهۆی قەیرانی داراییەوە ڕاوەستاوه و پارەی پڕۆژەکانیان بۆخەرج نەکراوە".
ئەوەشی خستەڕوو، ئه و پارەیە تەنها بۆ ئه و کۆمپانیا ئێرانییانەیە کە گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم کردووە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە نەک ئه و کۆمپانیایانەی کە لەگەڵ پارێزگاکان گرێبەستیان هەیە.
لەئێستادا نزیکەی 90 کۆمپانیای ئێرانی لە هەرێمی کوردستانن و له و ژمارەیش نزیکەی 12 کۆمپانیایان پڕۆژەی ستراتیژییان لەبەردەستە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئێستا حکومەتی هەرێم ناتوانێت پارەیا بۆخەرج بکات بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکان.
هەرێمی کوردستان زیاتر لە 2 ساڵە لەقەیرانێکی سەختی داراییدایه و حکومەتی هەرێم ناتوانێت لەکاتی خۆیدا موچەی فەرمانبەران دابەش بکات و موچەی چەند مانگێکیش قەرزارە سەرباری پیادەکردنی سیستمی پاشەکەوتی موچە، هەربەهۆی قەیرانەکەوە زۆربەی پڕۆژەکانی هەرێم کارکردن تێیاندا ڕاگیراوە.
بەوتەی نازم دەباغ، ئه و پارەیەی ئێران بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی کۆمپانیاکانی تەرخانی دەکات، "بەسودێکی کەم و ڕەمزی دەدرێت بە کۆمپانیاکان بۆئەوەی پڕۆژە وەستاوەکانیان لە هەرێمی کوردستان تەواو بکەن".
لەئێستادا پڕۆژەی تونێلی هەیبەسوڵتان و ڕێگای نێوان دەربەندیخان-عەربەت و چەند پڕۆژەیەکی دیکە لەهەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیا ئێرانییەکانەوە جێبەجێدەکرێن و قەیرانی دارایی زۆربەی ئه و پڕۆژانەی وەستاندووە.
- 26-10-2016