دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید
ئەمڕۆ 30ی تشرینی یەکەمی 2016 کونسوڵی گشتی وڵاتی هەنگاریا لە هەرێمی کوردستان، لەسەردانێکیدا بۆ پارێزگای هەڵەبجە ئاشکرایکرد، ڕێکخراوی کەنیسەی هەنگاری بڕی سێ ملیۆن دۆلاریان وەک هاوکاری بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان تەرخانکردوە، بۆئەوەی لەجێبەجێکردنی پرۆژەی بچوکدا دابەشی بکەن بەسەر هاوڵاتیاندا، هاوکات هەفتەی داهاتووش جارێکی دیکە، سەردانی پارێزگای هەڵەبجە دەکاتەوە.
سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، کابا ڤێزیکێنیا، کونسوڵی گشتی هەنگاریا لە هەرێمی کوردستان، ئەوەی بۆ ڕۆژنامەنوسان خستەڕوو، کۆبونەوەمان لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە، بۆ قسە و باسکردن بوو لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانمان، بۆ ئەو مەبەستەش لەم هەفتەیەدا ڕیکخراوی (کەنیسەی هەنگاریا بۆهاوکاری) سەردانی هەڵەبجە دەکەن و لەڕێگەی دابینکردنی بڕی سێ ملیۆن دۆلار دەیانەوێت هاوکاری خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی بچوک.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە سەردانی هەڵەبجە دەکەمەوە، بۆ ئەوەی گرێبەستێک لە نێوان زانکۆی هەڵەبجە و زانکۆی پیتەر پازمای هەنگاری واژۆ بکەین و ئەو دوو زانکۆیەش ببنە دەستە خوشکی یەک.
هەرلەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا، عەلی عوسمان، پارێزگاری هەڵەبجە بەوەکالەت، ئەوەی خستەڕوو کە لەگەڵ کونسوڵی گشتی هەنگاریا لەهەرێمی کوردستان، باسمان لەهاوکاریکردن کردوە، لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و خوێندنی باڵا و پزیشکی و چارەسەرکردنی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی، بۆ ئەو مەبەستەش کونسوڵی گشتی هەنگاریا بەڵێنی هاوکاریکردنی لەچەند ڕوویەکەوە پێداون.
- 30-10-2016