دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
سکرتێری حزبی بێت نەهرێن ڕایگەیاند، چەکدارانی داعش ناوچە کریستان نشینەکانی دەشتی نەینەوایان وێرانکردوە و بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکان پێویستە کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتی تایبەت بە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە ئەنجامبدرێت.
رۆمیۆ هەکاری، سکرتێری حزبی بەیت نەهرێن بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "قەزای قەرقووش کە گەورەترین قەزای دەشتی نەینەوایە وێران بوە، هەروەها شارۆچکەکانی تلسقۆف، باتما و بەرتەللە زیاتر لە سەدا هەشتایان وێران بووە و تائێستا زیاتر لە %70 ناوچە کریستان نشینەکانی دەشتی نەینەوا لە دەست چەکدارانی داعش ڕزگارکراون".
سەبارەت بە ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە، ڕۆمیۆ هەکاری وتی "زیاتر لە ساڵێکە داوامان لە حکومەتی هەرێم و بەغدا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردوە بۆئەوەی ناوچەکانمان ئاوەدان بکەنەوە، بەڵام وەڵاممان نەدراوەتەوە".
لەبارەی ناوچە شوێنەوارییەکانی کریستان نشینەکان، سکرتێری حزبی بێت نەهرێن وتی "دەشتی نەینەوا چەندین شوێنەواری مێژویی گرنگی تێدایە، بەڵام بەهۆی هاتنی چەکدارانی داعش و شەڕی بەردەوام لەو ناوچەیە بەشێکی زۆری ئەو ناوچە شوێنەوارییانە وێران بوون".
هەکاری پێشنیاردەکات کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتی تایبەت بە ئاوەدانکردنەوەی دەشتی نەینەوا ئەنجامبدرێت، بەهۆی ئەو وێرانییە زۆرەی بەسەر ئەو ناوچەیەدا هاتوە.
- 31-10-2016