دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژەی قەرزی مانگای شیردەر لەماوەی پێنج ساڵدا 40 هەزار مانگا بەقەرز دەدەنە جوتیاران، بەڵام ئەو مانگایانە بەو جوتیارانە دەدرێت کە دەگەڕێنەوە گوندەکانیان.
ئەنوەر عومەر، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "وەزارەتی کشتوکاڵ پڕۆژەیەکی گەورەی مانگای شیردەری ئامادە کردوە و ماوەی ساڵێکە کاری لەسەر دەکات و لە هەوڵی ئەوەشدایە لەگەڵ چەند وڵاتێک ڕێکبکەوێت بۆ پێدانی قەرز بە وەزارەت".
ئەنوەر عومەر، ئەوەشی خستەڕوو، لە 8ی ئەیلولی 2015 ڕەزامەندی لە ئەنجومەنی وەزیران وەرگیراوە بۆ پێدانی قەرز بەو جوتیارانەی کە دەگەڕێنەوە گوندەکان و وەزارەتی کشتوکاڵ دە مانگایان بۆ دەکڕێت و تەویلەی بۆ دروستدەکات بە قەرز.
وتیشی "لەسەرجەم پارێزگاکانی هەرێم کارگەیەکی شیر دادەمەزرێت ڕۆژانە شیری مانگاکان کۆدەکاتەوە و بڕی ئەو قەرزەی وەزارەتی کشتوکاڵ دەیداتە جوتیارەکان و مانگانە لە پارەی ئەو شیرە دەگێڕدرێتەوە بۆ حکومەت".
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵ ڕوونیشیکردەوە، پڕۆژەی قەرزی مانگا پێنج ساڵ بەردەوام دەبێت لە ساڵی یەکەم هەزار و 500 مانگا دەدرێتە جوتیاران، هەروەها بەپێی پڕۆژەکە تا کۆتایی پێنج ساڵەکە 40 هەزار مانگا و شوێنی بەخێوکردنی مانگا بەقەرز دەدرێتە ئەو جوتیارانەی کە گەڕاونەتەوە گوندەکانیان.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم، لەگەل وڵاتانی ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، چیک، هەنگاریا و بیلاروسیا لە گفتوگۆدایە و لە ئێستادا وڵاتی هەنگاریا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ پێدانی قەرزەکە، بەڵام لەسەر شێوازی دانەوەی قەرزەکە نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی.
- 01-11-2016