ئەردۆغان و ئەکەپەو حکومەتی ئانکارا درێژە بە سیاسەتی سەرکوتکردنی کوردستانیان و ئازادیخوازان دەدەن وبە ئاشکرا مافی مرۆڤ پێشێل دەکەن و بازنەی دیموکراسی و ئازادییەکان بەرتەسک دەکەنەوە.
ئەگەر جاران هەندێک پێیانوابوو کەئەردۆغان و ئەکەپە بەرەو چارەسەرکردنی کێشەی ڕەوای کوردستان هەنگاو هەڵدەگرنەوەو لە دۆزەکە تێدەگەن، ئێستا بۆ هەموو لایەک خۆیابووە، کە سیاسەت و ڕەفتاری دیکتاتۆرەکانی پێشوو دووپات دەکەنەوە. بۆ ئەو مەبەستە زمانی چەک و هێز، زمانی ڕاونان و گرتن. زمانی زیندانیکردن و ئەشکەنجەدانیان شەرپشک کردۆتەوە.
ئەردۆغان و ئەکەپە نەک هەر هیچ نرخ و بەهایەک بۆ دەنگی گەل دانانێن، بەڵکو بەبەرچاوی هەموو جیهانەوە پەرلەمانتار و سەرۆک و ئەندامانی شارەوانییەکان کە بەدەنگی خەڵک هەڵبژێردراون، ڕاپێچی زیندان دەکات. بەو کارەیشی کۆدێتای ئاشکرا لەسەر ڕەوایەتی هەڵبژاردنی دەستپێکردووە. لەدوایین تاوانیشدا فەرمانی بە هێزەکانی تورکیا داوە تا هەڵبکوتنە سەر ماڵی بەڕێزان سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یۆکساکداخ و ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکەیان دەستگیر بکەن.
وەک ئاشکرایە کە دەستگیرکردن و زیندانیکردن هیچ کۆمەک و هاوکاری بە ڕژێمی ئەنکارا ناکات و تەمەنی دیکتاتۆران درێژناکاتەوە، بەڵکو کڵپەی خەبات وەجۆشتر دەخات و کاروانی بەرەو ئاسۆی ئازادی و ڕزگاری ئاوەدان و بەگوڕتر دەکات.
حزبی ڕزگاریی کوردستان زۆر بەتووندی ئیدانەی دەستگیرکردنی بەڕێزان سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یۆکساکداخ و هەڤاڵە بەڕێزەکانیان دەکات، هەروەها لە وڵاتانی جیهان و ڕای گشتی ئازادیخوازن دەکات کە هەڵوێست وەربگرن و گوشارەکانیان بۆسەر حکومەتی ئانکارا چڕتر بکەنەوەو ناچاریان بکەن تا دەستگیرکراوەکان ئازاد بکەن.
ئازادی بۆ هاوسەرۆکانی هەدەپەو پەرلەمانتار و زیندانیانی سیاسی.
ریسوایی و شەرمەزاری بۆ ڕژێمی ئەنکارا
مەکتەی سیاسی
حزبی ڕزگاریی کوردستان
04-11-2016