نووسینی: شەریف فەلاح
پێشەکی:
لوڕەکان وەکوو بەشێکی گەورە لە کومەڵگەی کوردەواری و دانیشتوانی زنجیرە چیای درێژ و پان و بەرینی زاگرۆس، هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی ژیان و مێژووی نووسراوی شارستانییەتەوە لە داوێنی شاخ و پێدەشت و دۆڵەکانی ئەم جوغرافیایە ژیاون و بە پاراستنی خاک و کولتوور و زمانەکەیان و...هتد، ڕۆڵێکی یەکجار بەرچاویان لە هەموو بوارەکاندا نەتەنیا لە ناوچەکانی دێرینی نیشتەجێبوونی خۆیان، بگرە لە زۆر ڕووداو و پێشهاتی کومەڵایەتی، ڕامیاری، ئابووری، سەربازی، کولتوری و هتد گێڕاوە کە لە نێوان دەوڵەت و نەتەوە دراوسێیەکانی ڕووی داوە.
سەرەڕای ئەو هەموو بە سەرهات و ئاڵوگۆڕانەی کە بە درێژایی چەندێن هەزار ساڵ بە سەر ئەم بەشە لە نەتەوەی کورد هاتووە و هەرچەندە تەنانەت زمان و زاراوەی لوڕی نەهاتووەتە سەر ڕێزمان و کاغەز و دابونەریت و کولتوور و ئەدەب و موسیقا و زاراوە و زمانی لوڕی هێشتا بە شێوازیکی زارەکی ماوەتەوە، بەڵام پێکهاتەی کومەڵگەی لوڕی ئەوەندە کۆن و ڕیشەدار و قایمە، کە تا ئێستاش زۆرینەی تایبەتمەندییە ڕەسەنەکانی خۆی بە باشی پاراستووە و هەوڵدانی نەیارانی نەتەوەی کورد بۆ تواندنەوەی لوڕەکان لەنێو خۆیاندا نەیتوانیوە بگاتە ئەنجام.
واتای وشەی "لوڕ":
سەبارەت بە واتای وشەی "لوڕ"، یان "لوێڕ" چەند بیر و بۆچوونی جۆراوجۆر لە ئارادایە، ئەم وشەیە لە هەندێ لە ناوچە لوڕنشینەکان بە ئەو جێگایانە دەگوتریت کە دارستانی چڕوپڕیان هەیە، لەبەر ئەوە هەندێ کەس لەو بڕوایەدان چوونکە زۆرینەی ناوچە لوڕنشینەکان شاخاوی و دارستانین، بۆیە ناوی لوڕ و لوڕستانیان بەسەردا بڕاوە، میر شەرەفخانی بەدلیسی مێژوونووسی بە ناوبانگی کورد کە لە قوناغێک لە سەردەمی سەفەوییەکان لە بارەگای شا تەهماسبی سەفەوی کاروباری ناوچە کورد و لوڕنشینەکانی ژێر دەسەڵاتی سەفەوییەکانی پێ سپێردرابوو، لە کتێبی شەرەفنامە جگە لەوەی کە لە لوڕەکان وەکو یەکێک لە هۆزە سەرەکییەکانی نەتەوەی کورد نێو دەبات، لەسەر ئەو بڕوایەیە کە ئەم بەشە لە نەتەوەی کورد بۆیە ناوی لوڕیان بەسەردا بڕاوە کە لە مەڵبەندی "مانڕوود" (ناوچەیەکی باشووری کوردستانی ڕۆژهەڵاتە لە نزیکەی کەنداوی هورموز) گوندێک هەیە بە نێوی کوردە و لە نزیکی ئەو گوندە دەربەندیک هەیە کە بە لوڕی پی دەڵین "کووڵ"، لەنێو ئەم دەربەندەش شوێنێک هەیە کە نێوی "لوڕ"ە و لەبەر ئەوەی ڕەچەڵەکی هۆز و خێڵە لوڕەکان سەرەتا دانیشتووی ئەو شوێنە بوون و ناوی خۆیانیان ناوەتە "لوڕ".
لەلایەکی دیکەوە لە باکووری شاری ئەندیمشک کە ئێستا دەکەوێتە پارێزگای خوزستانی ئێران، شارێکی کۆن و ڕووخاو هەیە بە نێوی "لووڕ" کە ئاسەواری چەندێن ئێمپراتۆرییەت و دەسەڵات، وەکو، مادەکان، پارتەکان، ساسانییەکان، ئەشکانیەکان و سەرەتاکانی سەردەمی ئێسلامییەت تێیدا دۆزراوتەوە و هەندێ لە مێژوونووسان بڕوایان وایە کە ئەم شارە کەوتووەتە بەر شاڵاو و هێرشی مەغوڵەکان و لەنێو چووە، جا لەبەر ئەوەی ئەم شارە جێگای باو و باپیرانی لوڕەکان بووە ناوی لوڕ و لوڕستانیش لەوێوە دێت. هەندێ بیر و باوەڕی تریش هەیە کە لەبەر ئەوەی لە ڕاستیدا نزیک نین و هیچ بەڵگەیەک بۆ سەلماندنیان لە ئارادا نییە، ئاماژەیان پێ ناکەین.
-زاراوە و شێوەزاری لوڕەکان:
لەبەر ئەوەی زاراوە و زمانی لوڕی بە شێوەیەکی زانستیانە ئیشی ڕێزمان و لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکراوە و تا ئێستاش لوڕەکان بە تایبەتی ئەوانەی کە نیشتەجێی ناوچە لوڕنشینەکانی ئێرانن ڕێزمانێکیان نییە بۆ نووسینی زمانەکەیان، زۆر لایەن وەکوو فارسەکان و تورکە ئازەرییەکان هەوڵیان داوە لوڕەکان و شێوەزاری لوڕی وەکوو بەش یان لقێک لە نەتەوە و زمانەکانی خۆیان لە قەڵەم بدەن، یان بۆ ئەوەی جیاوازی بخەنە نێوان لوڕ و کورد، زاراوەی لوڕییان بە زمانێکی جیاواز لە زمانی کوردی پێناسە کردووە و چەندێن تیۆریی دوور و درێژ و بەڵگەی ساختەشیان بۆ داتاشێوە.
ئەوەی کە شێوەزاری لوڕی بەشێکی جیایی هەڵنەگرە لە باقی شێوە زارەکانی زمانی کوردی، لەلایەن زۆر کەسایەتیی پایەبەرزی زمانناس و لێکوڵەر و دەیان پسپۆڕ و شارەزا لە بواری زماندا پشتڕاست کراوەتەوە، ئەگەر پسپۆڕانی زمانناس و نەتەوەناس ئەو دەرفەتەیان ببوایە کە لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی و پراکتیکییان لەسەر شێوەزارەکانی زمانی کوردی لە هەر چوارپارچەی کوردستان بە گشتی و ناوچە لوڕنشینەکان بە تایبەتی کردبا، سەداسەد هیچ دوودڵییەک نەدەما لەوەی کە نەتەنیا شێوەزاری لوڕی، بەڵکوو دابونەریت و کولتوور و زۆرینەی فاکتەرە کۆمەڵایەتییەکانی لوڕ و کورد وەکوو یەکن و مێژوویەکی هاوبەش و دێرینیان هەیە. زۆربەی پسپۆڕانی زمان شێوەزارەکانی زمانی کوردییان بەم شێوەیە پۆلێن کردووە.
جوغرافیا و ناوچەکانی نیشتەجێبوونی لوڕەکان:
زۆرینەی ئەو شوێنانەی کە لوڕەکان تێیدا نیشتەجێن کەوتوونەتە باشووری زاگرۆس و بە دوای ئەوە ژمارەیەکی زۆریش لە لوڕەکان دانیشتووی کوردستانی باشوور و وڵاتی عێراقن.
لە وڵاتی ئێران نزیکەی 6 پارێزگا بەتەواوەتی بە جەماوەر و جوغرافیای سروشتی و ڕامیارییەوە ژینگەی مێژوویی و هاوچەرخی لوڕەکانە کە ئەمانەن:
لوڕستان، یان خۆرماوا (خورەم ئاباد)، چهارمەحاڵ و بەختیاری، کهگیلوویە و بویرئەحمەد، پارێزگای شیراز کە ئێستا بە فارس دەناسرێت، بووشێهر و هورموزیان (هورموزگان).
جگە لەمە لوڕەکان و ناوچە لوڕنشینەکان بەشێک لە پێکهاتەی کومەڵایەتی و جوغرافیایی ئەم پارێزگایانە پێکدێنن واتە پارێزگاکانی: کرماشان، ئیلام، هەمەدان، مەرکەزی (ئەراک)، ئیسفەهان، باشووری کرمان و خووزستان.
لە باشووری کوردستان و وڵاتی عیراق لوڕەکان لەم پارێزگایانە نیشتەجێن: هەولێر، کەرکووک، سلێمانی، دیالە، واست و میسان.
واتە لە شار و شارۆچکەکان و دەشتەکانی وەکوو: چەمچەماڵ، خانەقین، دووزخورماتوو، گوڵاڵە (جەلەولا) دەشتی هەولێر، دەشتی کۆیە، شارەزوور، دەشتی بیتوین، مەنەلی (مەندەلی)، جەسان، ترساق، هەشیمە، زرواتیە، بایرای (بەدرە)، عەلی غەربی، عەلی شەرقی، باغسای، کووت و...هتد.
جیاواز لەمانە ژمارەیەکی زۆر لە لوڕەکان لە دەرەوەی جوغرافیا و ناوچەکانی خۆیان دەژین، بۆ وێنە بەشێکی زۆر لە لوڕەکانی ئێران لە باکووری ئێران لە پارێزگاکانی گیلان و مازەندەران، لە باکووری خۆرهەڵسان (خوراسان)، قەزوین، زەنجان و ناوچەی سایینقەڵای پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دەژین کە زۆرتر لە خیڵەکانی "چگنی"، "پاپی"، "بەیرانوەند"و "چاردۆڵی (چەرداوڵی)ن.
کولتوور و دابونەریتی لوڕستان:
-مۆسیقا:
مۆسیقای لوڕی، لەگەڵ مۆسیقای "ڕەدیفی دەزگایی"دا پەیوەندییەکی نزیکی هەیە و بەشێکی زۆر لە هەوا لوڕییەکان لەگەڵ ڕیتم و ئاهەنگەکانی دەڤەرەکانی ئیلام و کرماشان نزیکن. بەشێکی زۆر لە مۆسیقای لوڕی بە "کەمانچە" لێدەدرێت کە جۆرێکە لە ئامێری کەمانچەی ناوچەیی کە پیشەی دەستیی خودی لوڕەکانە و ئەم کەمانچەیە تەنانەت کاریگەریی لەسەر مۆسیقای فەرمیی ئێران (ڕەدیف) داناوە. زۆرینەی مۆسیقا و ئاهەنگەکانی لوڕستان لە دەزگای "ماهوور"دا دەگوترێن و زۆربەیان ئامێری کەمانچەیان تێدا بەکار دەهێنرێت. مۆسیقای لوڕستان بە چوار بەشی "ڕێوڕەسم، مۆسیقای کار، مۆسیقای زەماوەن و مۆسیقای بەیت و باو دابش دەبن، گۆرانی و هەڵپەڕکێیە باوەکانی لوڕستان زیاتر حیماسی و میللین.
-جلوبەرگی ژنانی لوڕ:
جلوبەرگ و پۆشاکی ژنانی لوڕ بەپێی پێگەی کۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگی و لەلایەکی دیکەشەوە بەپێی کەمیی و زۆریی تەمەن، جیاوازە و بەهۆی پێکهاتەی عەشیرەیی و تایفی هەندێ لە هۆز و تایفە و بنەماڵە ناودارەکان جلوبەرگی تایبەت بەخۆیان هەیە و ئەم جیاوازییە لەنێو ژنانیشدا بەرچاوترە.
ژنانی بەتەمەنی لوڕ زیاتر پارچە و کۆتاڵی سادە و سەروێن، شەدە، (گەڵوەنی"ی ڕەش و سپی بەکار دەهێنن کە گەڵوەنی بەپێی ڕەنگ و پێکهاتە و جۆرەکانی جوانییەکی تایبەتی هەیە و پیشەی دەستکردی خودی لوڕەکانە کە پێشینەیەکی زۆری هەیە. شەرواڵ (پانتۆڵ)ی ژنانی لوڕ، لەڕووی جۆر و ڕەنگەوە لە کۆتاڵێکی دوو بەش و دوو ڕەنگ پێکدێت.
هەتا ڕادەیەک لەسەر پەنجەی پێیەوە هەتا سەر ئەژنۆ، پارچەیەکی سپیی نەخشدارە و بەشی سەرووشی بە ڕەنگێکی دیکە و گوڵدار نەخشێنراوە. بەشەکانی دیکەی دەکەوێتە سەر کراسە ژنانەکە کە بە "کوڵەنجە" ناسراوە.
بەشێکی دیکە لە جلوبەرگی ژنانی لوڕ "کەت"ە کە لەژێر "گەڵوەنی"ییەوە دەبەسترێ و هەتا نێوشان دەکێشرێت و دوو لۆی دیکەشی بەسەر شانیدا هەتا ناو سینگی درێژەی دەبێت.
ناوی هەندێ لە جلوبەرگ و پۆشاکی هۆز و تایفەکانی لوڕستان بریتین لە: داڵ پلون، کڵاو ڕونگی، کرون، زڕمشکی، جۆزۆ، کۆشک، چاڵ پشکەڵی، قووە، کەمەربەند، لینگڕەو، چووزەر، هیلوو، گوڵە مانگ و گرزوو.