لە بەرامبەر هێرشە شۆڤینیەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر نوێنەرانی گەلی کوردمان و دەستگیرکردنی هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان وپەرلەمانتارانی (HDP) بزووتنەوەکەمان بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان سەرکۆنەی هێرشەکان دەکات و پێمان وایە هەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانی دەوڵەتی تورک پشێوی و ئاڵۆزیەکی زۆری لەناوچەکەدا دروستکردووە، بەتایبەت هەڵسوکەوتەکانی بەرانبەر بەگەلەکەمان لە باکوری کوردستان زۆر جێگای نیگەرانی و دڵتەنگی هەموو خەڵکی ناوچەکەیە. وای دەبینین کە دیموکراسیەت و ئازادییە سیاسیەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە بەرتەسکبوونەوەدایه و هەنگاوی زۆر جددی هەن بەره و دیکتاتۆریەت لەم وڵاتەدا، دیارترین نمونەش دەستگیر کرنی هەڵبژێردراوانی گەل (دەمیرتاش و فیگەن و کشاناک و هاورێیانیان) کە بە ڕەوایی هەڵبژێردراون.داوا دەکەین هەرچی زووترە ئەم هێرشانە بوەستێندرێن لە پێناو ڕێگەگرتن لە درێژەدانی پێشێلکردنی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان و مافە دیموکراسی و مەدەنیەکان.لەهەمانکات داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین بەر بەم ڕەفتارە شۆڤینیانە بگرن و سنورێک بۆ سەرەرۆییەکانی تورکیا لەناوخۆو ناوچەکە دابنێن. جاریکی دیکە سەرکۆنەی ڕەشبگیری دەکەین و پێمان وایە کە تێکۆشانی گەلەکەمان بەم شێوازە نابەرپرسانە زیاتر بره و دەسەنێ.
سەرکەوێ ئیرادەی گەل لە پێناو ئازادی و دیموکراسی
مەکتەبی سیاسی
بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان
04-11-2016