دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت "لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 260 هەزار دۆنم باخ بوونی هەیە".
د.ئەنوەر عومەر، بەڕێوبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "لە تەواوی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 260 هەزار و 924 دۆنم باخ هەن کە 121 هەزار و 597 دۆنم بەراون 140 هەزار دۆنمیش دێمیین، ئەمەش وادەکات ژمارەیەکی زۆری میوەی هەرێمی کوردستان ڕکابەری میوە بیانییەکان لە بازارەکانی ناوخۆی هەرێم بکەن".
وتیشی "ئەمساڵ زیاتر لە 9 جۆر میوەی جۆراوجۆری خۆماڵی لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان ڕکابەری میوە بیانییەکان دەکەن و بەمەش بەشێکی زۆر لە پێداویستییەکانی میوەیان لە ناوخۆی هەرێم پرکردوەتەوە".
بەڕێوبەری گشتی پلاندانان، ئاماژەش بەوەدەکات، دانانی باجی زیاتر لەسەر هاوردەکردنی میوەی بیانی لە لایەن وەزارەتی کشتوکاڵ تارادەیەک هاوسەنگییەکی زۆی لە نێوان میوەی ناوخۆیی و بیانی دروستکردووە.
ناوبراو، ئەوەشی خستەڕوو "بەهۆی دانانی باج لەسەر میوە و سەوزەی بیانی لەماوەی ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 41 ملیار دینار بەدەستهاتووە".
- 10-11-2016