خەندان- هەڤاڵ محەمەد
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بەوەکالەت گەیشتنی زیاتر لە 80 ملیۆن دۆلاری پارەی پترۆدۆلاری بەپارێزگاکە ڕاگەیاند کە لەلایەن هەرێمەوە دابینکراوە لەبەرانبەر هەناردەکردنی نەوتی پارێزگاکە.
رێبوار تاڵەبانی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەکەرکووک ڕایگەیاند "بڕی پارەی پتڕۆ دۆلاری کەرکووک کەلەلایەن هەرێمەوە دابینکراوە گەیشتووەتە زیاتر لە 80 ملیۆن دۆلار، سەرجەم ئه و پارەیە بەهەشت وەجبە گەیشتووەتە کەرکووک، بەڵام پارەی پتڕۆ دۆلاری عیراق بڕدراوە".
حکومەتی هەرێم لەناوەڕاستی ساڵی ڕابردووەوە بەشێک لە نەوتی کەرکووک دەفرۆشێت هەردولا ڕێککەوتنێکیان ئیمزاکردووە بۆ پێدانی مانگانە 10 ملیۆن دۆلار بە کەرکووک وەک پشکی پترۆدۆلاری شارەکە،بەڵام حکومەتی عیراق زیاتر لە دوو ساڵە پارەی پترۆدۆلاری کەرکووکی خەرجنەکردووە.
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بەوەکالەت ئاماژەی بەوەکرد، پارەی پترۆدۆلار بۆ جموجۆڵی پڕۆژەکانی شارەکەیە، بەشێکیش له و پارەیە دەدرێت بەمامۆستایانی شارەکە.
بەشێک لە مامۆستایانی کەرکووک کە سەر بە هەرێمی کوردستانن لەسەرەتای وەرزی خوێندنی ئەمساڵەوە هەڕەشەی بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن دەکەن، دژی دواکەوتنی موچه و سیستەمی پاشەکەوت.
رێبوار تاڵەبانی باسی لەوەکرد، لەسەرداوای بەڕێوبەری خوێندنی کوردی و یەکێتی مامۆستایان و مامۆستایانی ناڕازی، پڕۆژەیەک پێشەشکراوە بۆ ئەوەی بڕێک پارە بۆ هەموو مامۆستایانی کەرکووک دابینبکرێت لەپارەی پتڕۆ دۆلار.
مامۆستایان و فەرمانبەرانی بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، 7 هەزار و 600 موچەخۆرن و لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە موچەیان بۆدابین دەکرێت، ئێستا بەهۆی قەیرانی دارایی هەرێم و سیستمی پاشەکەوتەوە، موچەکانیان کەمترە لەموچەخۆرانی خوێندنی بەشی عەرەبی کە سەر بەوەزارەتی پەروەردەی عیراقن.
تاڵەبانی وتیشی "ئەمڕۆ بەکۆی دەنگ بڕیاردرا لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک لیژنەیەک دروستبکرێت سەیری لیستی دیراسەی کوردی بکەن، لەگەڵ لیژنەی یاسایی قسەبکەن سیغەیەکی بۆ بدۆزرێتەوە، بەپێی ئه و خشتەیەی لەبەردەم دیراسەی کوردی لەکەرکووکدایە پارەکە تەرخاندەکەین".
کەرکووک کە بەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی سنوری هەرێم دادەنرێت لەدوای پڕۆسەی ئازادییەوە(2003) خوێندنی کوردی لەو شارەدا کراوەتەوەو لەئێستادا زۆربەی دانیشتوانە کوردەکەی منداڵەکانیان دەخەنەبەر خوێندنی کوردی.
- 15-11-2016