لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەک بەڕێزی سیاسی و فەرهەنگی و ئاکادیمی پەیوەندییان پێوە کردووم و دەڵێن ڕای ئێمە و بەشێکی هاووڵاتییانیش ئەوەیە کە چارەسەری قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان لای منە و دەگوترێ بارزانی دەتوانێ گرفتەکان چارەسەر بکات.
وەک هەر هاووڵاتییەکی کوردستان حەز دەکەم قەیران و کێشەکان نەمێنن و کۆتاییان پێ بێت بەڵام هۆکاری گرفت و کێشەکان زۆرن. بەشێکیان دەرەکین و پەیوەستن بە بارودۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنی عێراق و ناوچەکە بە گشتی، وەکو پەلاماردانی تیرۆریستان و شەڕی داعش، دابەزینی نرخی نەوت، بڕینی بودجەی هەرێم و ئەو دۆخە نائاساییەی لە ئەنجامی میوانداریی سەدانهەزار ئاوارە هاتووەتە کایەوە. بەشێکی تری گرفتەکانیش ناوخۆیین و دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم.
ئەگەر چارەسەری گرفتە سیاسییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لای منە، ئەوە چەندین جارە حزبەکانم بانگهێشت کردووە بۆ کۆبوونەوە بەڵام بە بیانووی جۆراوجۆر نەهاتوون. هەروەها داوام کردووە حزبەکان لەگەڵ یەکتر دابنیشن و چارەسەری دۆخەکە بکەن، دیسان دانەنیشتوون و شانیان نەداوەتە بەرپرسیارێتی بارودۆخەکە.
لەبارەی چارەسەری قەیرانی هەرێم ڕای خۆم لەمبارەیەوە ڕاگەیاندووە. ئێستایش دووپاتی دەکەمەوە، چارەسەری قەیرانی سیاسیی هەرێم بەمشێوەیە دەکرێت کە حزبەکان بکەونە گفتوگۆ و پارلەمان کارا بکرێتەوە و سەرۆکایەتییەکی تازە بۆ پارلەمان هەڵبژێردرێت. چونکە بۆ هەموو لایەک ڕوونە، ناکرێ ئەوانەی بوونەتە سەرچاوەی قەیران دووبارە سەرۆکایەتیی پارلەمان بگرنە دەست. هەروەها حزبەکان لەسەر ئەوە ڕێکبکەون حکوومەتێکی نوێ دابمەزرێت و بەڕێزێکیش بۆ سەرۆکایەتیی هەرێم هەتا کاتی هەڵبژاردن دەستنیشان بکرێت بۆ ئەوەی ئەرکی سەرۆکایەتیی هەرێم بگرێتە ئەستۆ و، منیش بە هەموو توانایەک یارمەتیی ئەو پڕۆسەیە دەدەم.
لەبارەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان و فەرمانبەران، ڕێزم بۆ داوا و مافە ڕەواکانیان هەیە و حەقی خۆیانە داوای مافەکانیان لە حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن و پاڵپشتیان دەکەم و پێویستە وڵاتەکەمان لە خوشی و ئاسوودەییدا بێ بەڵام بەهۆی ئەو قەیران و کێشە ئەمنی و ئابووری و سیاسییانەی هاتوونەتە پێش، ئیمکانیات و توانای حکوومەت سنووردار بووە. بەڵام کە پێیان وایە چارەسەر هەیە، با لایەنەکان و حکوومەت بفەرموون پێکەوە دابنیشن بە شەفافییەتێکی تەواو دۆخەکە چارەسەر بکەن و هەموو شتێکیش بخەنەڕوو و کۆتایی بە موزایەدات و شێواندنی ڕای گشتی بهێنرێت.
چاک دەزانم شاری سلێمانی لەژێر ئیرهابی فکری دایە و دەبێ ئەو ئیرهابە فکرییەی سەر شاری سلێمانی بشکێت. ئەو شارەی هەردەم تەحەددای زاڵم و داگیرکارانی کردووە و ڕۆڵەکانی ئامادە بوون زیندە بەچاڵ بکرێن بەڵام لەبەرانبەر زەعیم سدیق سەربەرزانە وەستان و ئامادە نەبوون قسە بە هێماکانی گەلی کوردستان بڵێن. ئەوە ڕای منە لەبارەی سلێمانی و خەڵکە سەرەبەرزەکەی، با کەس هەوڵ نەدات خوێندنەوەیەکی تر بەسەر خەڵکی ئەم شارەدا بسەپێنێت.
20-11-2016