بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
درەنگانی شەوی ڕابردوو 22/23-11-2016 کەسانێکی نەناسراو هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی زانایی ئایینی دکتۆر وشیار ئیسماعیل پێشنوێژو وتارخوێن لە مزگەوتی عومەر بندیانی گەڕەکی شادی شاری هەولێر، بە گولە تیرۆریان کردووە.
ئێمە لە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستانەوە بە تووندی ئیدانەی ئه و کارە ترسنۆکه و تیرۆریستییە دەکەین، پێویستە هەرچی زوو ئەنجامدەرانی ئه و کارە بدۆزرێنەوه و بدرێنە دادگا.
دکتۆر وشیار وەک مامۆستایەکی ئایینی و وتاربێژێکی کارا ڕۆڵێکی ئیجابی گەورەی لە گۆڕەپانەکە هەبوو، هەمیشە قسەکانی لە بواری پەروەردەی پێگەیاندن چڕ دەکردنەوە، هەروەها دەنگێکی دلێرو بەرزیش لە دژی فیکری تووندڕەوی و هەڕەشەی تیرۆریستان، بۆیە بە شەهیدکردنی، وێڕای ئەوەی چووە کاروانی شەهیدانی مزگەوت و مینبەر، لە هەمان کاتدا خەسارەتێکی گەورەی نیشتیمانی و مرۆیی و کۆمەڵایەتیش بوو، چونکە ڕۆژگاری پڕ لە گێژاوی ئەمڕۆ پێویستی به و دەنگە هێمن و بنیاتنەرانە هەیە، بەمەش تیرۆرکردنی دکتۆر وشیار تەنها لە دژی خانەوادەکەی نەبوو، بەڵکو دژی دەنگی مینبەرو مزگەوت و خەڵکی کوردستان بە گشتی و هەولێر بەتایبەتی بوو.
لێرەوە داوا لە دام و دەزگا ئەمنیەکانی حکومەتی هەرێم دەکەین بە زووترین کات تاوانباران بدۆزرێنەوەو، پیشانی هەموو دونیای بدەن کە تاوانباران هەر کێ بن و لە هەر کوێیەک بن دەبێ بە سزای خۆیان بگەن، بە پێچەوانەوە گەورەترین نیگەرانی لە ناخی خەڵک و هاوڵاتیان دروست دەکات، ئەمەش دەرەنجامێکی گەورەی بێ متمانەیی دروست دەکات، کە بە زیانی هەموو خەڵکی کوردستان دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی تیرۆرکردنی زانایانی مێزەر سپی مەترسی و پێشینەیەکی زۆر خەتەرناکه و هەڕەشەکی گەوره و ڕاستەوخۆیە بۆ سەر برایەتی و تەبایی و پێکەوەژیان و ئاشتی کۆمەڵایەتی.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
23-11-2016