بەداخەوە شەوی 22/11 مامۆستای ئایینی شاری هەولێر (دکتۆر هۆشیاراسماعیل) لەلایەن چەند کەسێکەوە لەبەردەم ماڵەکەی خۆی تیرۆر کرا.
ئێمە لەدەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ وێرای ئەوەی ئیدانەی تیرۆرکردنەکە دەکەین و نیگەرانی خۆشمان دەردەبرین لەسەر ڕووداوەکە و ئه و جۆرە کارە بەمەترسی دەزانین بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان و هەواڵەکەش هەموانی دڵگەران کرد.
ئێمە لەدەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ هەمو کات ئەوەمان دوپات کردۆتەوە کە تیرۆر مەترسیەکی گەورەیە بۆ سەر مرۆڤایەتی و هیچ ئایین و کەسێک ناناسێت، بەتایبەت لەئێستادا کە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە لەشەرێکی قورس دایە بەرامبەر تیرۆرو دوژمنانی مرۆڤایەتی و زۆرترین قوربانیمان داوە له و پێناوە.
تیرۆرکردنی مامۆستای ئایینی زەنگێکە بۆ ئەوەی کە تیرۆر هیچ سنورێکی نیە و مەترسیە بۆ سەر ژیانی هەمو تاکێک و کات و شوێنی بۆ نیە، چونکە مامۆستای ئایینی جگە لەوەی خاوەن کەسایەتی و پێگەی کۆمەڵایەتی بەرزن لەناو کۆمەڵگەی کوردستاندا و ڕۆڵیان گرنگ بوە لە برەودان بە پێکەوە ژیان و چەسپاندنی پرۆسەی ئاشتی کۆمەڵایەتی و هەمیشە بەشێک بونە لەخەباتی نیشتمانی بۆ ڕزگاری میللەتەکەشیان بەدرێژایی مێژوو.
ئه و ڕووداوە ئەوەمان پێ دەڵێ کە تیرۆر هێشتا زۆر نزیکە لێمان و لەسەروی هەمو ئەوانەش دوپات کردنەوەی ئه و ڕاستیەیە کە ئێمە لەدەستەی مافی مرۆڤ ماوەی پێنج مانگە لەراپۆرتی مانگانەمان ئاماژەمان بە مەترسی دیاردەی چەکداری و بڵاو بونەوەی چەکی مەترسیدارو بێ مۆڵەت کردوه و کە بونەتە سەرچاوەی تاوانەکان و کوشتن و هەرەشە بۆ سەر هاوڵاتیان و ئارامی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی.
بۆیە له و سۆنگەوە جگە لەوەی ئەوە دوپات دەکەینەوه و داواکارین دەزگا ئەمنیەکان و پۆلیس هەوڵەکانیان بخەنە گەر لەپێناو دۆزینەوەی بکوژان و تاوانباران و ڕادەست کردنیان بە یاساو ئاشکرا کردنیان بۆ ڕای گشتی وە هەورەها ڕێکاری جددی و پێویست بگیرێتە بەر بۆ کۆنترۆل کردن و دەست بەسەرداگرتنی دیاردەی چەکداری لەپێناو پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان و سەقامگیری ئاسایش خەڵک و خاک و نیشتمان.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان
23-11-2016