مامۆستا مەلاکاکە حەمە کوری فەقێ قادری ڕەباتی یە، لە 1915 لەگوندی ڕەبات ی سەر بە ناحیەی سەنگاولە دایک بووە،لە کەسایەتییە ناسراوەکانی سەردەمی شێخ مەحمود بووە،لەساڵانی یاخی بوونی خولە پیزەدا ڕۆڵی دیاری هەبووە،تا ئێستاس هەڵسوکەوتی و هەڵوێستە پر لە بەخشەندەیی و جوامیریەکانی لە سەر زمانی خەڵکی جوارتاو شارباژێرو ڕەبات و گەرمیانە، بەڵام هیچ ڕووناکییەک نەخراوەتە سەر ویستگە جیا جیاکانی ژیانی،جگە لە بواری ئاینی،رۆڵی دیاری هەبوە بۆخزمەت کردنی نیشتیمان و نەتەوەکەی،داڵدەی هەژاران ولێقەوماوانی داوە
قازی چوارتا
مامۆستا کاکە حەمە.لەسەرەتاوە لە تەکیەی قەرەداخ خوێندویەتی،دواتر گەلێ شوێنی تر گەراوە،لە1935 بڕوانامەی زانستی ئاینی وەرگرتوە،هەمان ساڵ لە سەر داوای زانکۆی میسر، دوای سەرکەوتنی ئەنجامی تاقی کردنەوە لە بەغداد، بڕیاڕی وەرگرتنی لە زانکۆی ئەزهەر دەردەچێت، بەڵام مەلیک مەحمود بانگی دەکاو پێ ی دەڵێت:(نابێت بچیتە دەرەوە)،دەیکات بە نوێنەری خۆی لە قەزای چوارتا بۆ هەڵسوراندنی کارو بارەکانی سنوری چوارتاو شارباژێر. بۆ چارە سەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی ئه و ناوچەیە، بە فەرمانی مەلیک مەحمود هەمان ساڵ کرواوە بە قازی و ئیمام خەتیبی چوارتا، ئەویش بە ئەزمونی خۆی ڕووبەڕووی ڕووداوەکانی سەردەمەکەی بووەتەوه و بوەتە مایەی تێراما نی دانیشتوانی چوارتاو شارباژێر.
کۆمەڵەی برایەتی
کۆمەڵەی برایەتی لە ساڵانی1936-1937 لە خانەقای مەحوی لە شاری سلێمانی دامەزراوە، سەرۆکی کۆمەڵە شێخ مەحمود بووە،لە بەر سەرقاڵی خۆی کارەکانی بە شێخ لەتیفی کوڕی سپاردوه و ئه و سەرۆکایەتی کردوە، دامەزرێنەری کۆمەڵەی برایەتی (شێخ لەتیف حەفیدو،مەلا ئەسعەدی مەحوی، سدیق شاوەیس، شێخ لەتیفی دانساز بوون.دواتر ئیسماعیل شاوەیس ومحەمەد خدر و مەلا کاکە حەمەی ڕەباتی و چەندان کەسێتی تر چونەتە ناو کۆمەڵە برایەتییه و بوونەتە ئەندام. ئەندامانی کۆمەڵەی برایەتی لە ڕۆشنبیران و کرێکاران و پیاو ماقوڵان و ئەفسەرە ئازادیخوازەکان و جوتیاران و پۆلیس پێک هاتبون، لە هەموو چین وتوێژە جیا جیاکانی لە خۆ گرتبوو، پەرەپێدان و فراوانکردنی بیری نەتەوەیی کورد،لە پێناوی ڕزگاری کوردستانی گەورە، ئەم کۆمەڵەیە لە دویدا بوو بە دوو باڵەوە. باڵێکیان ئاغاو دەرەبەگ و پیاو ماقوڵان و مەلاو بورژوا ڕۆڵیان دەبینی و سەرپەرشتی یان دەکرد، باڵەکەی تر لە گەنجە ڕۆشنفکروخوین گەرمەکان پێک هاتبوو، له و سەردەمەدا تازە بیری چەپڕەوی لایان سەری هەڵدابوو. کۆمەڵەی برایەتی چەند یاداشتێکیان بەرز کردەوە بۆ (عصبە الامم) داوای مافە سەرەتاییەکانی نەتەوەی کوردیان کردبوو. له و سەردەمەدا دەیان بڵاوکراوە و بەیان نامەیان دژی دەسەڵاتداران بڵاو کردەوە. لە سەردەمی مەجید یە عقوبی متەسەریفی سلێمانی و سەید عەلی حیجازی بەرێوەبەری پۆلیس و عە بدالعە زیز ی حاکم دا زوڵمێکی زۆر بەرامبەر دانیشتوانی سلێمانی کرا، کۆمەڵەی برایەتی لە تۆڵەی دا،بە پێ ی نەخشەیەکی دیاری کراو تەقەیان لە ماڵی هەرسێکیان کرد. لە19-07-1941 شێخ مستەفای قەرەداخی متەسەریفی سلێمانی بوو، بە بیانوی بڵاو کردنەوەی بەیاننامەوە(محەمەد خدر کۆیی،ئەحمەد کاتبی تاپۆ، حەمە سەعید جاف، سەلیم بەگی جاف، نوری شاوەیس، عیزەت کابان، ئیبراهیم ساڵح کوردی، حەمە بۆر، جەلالی تونچی، ئەحمەد شوکری، شێخ قادری بەرزنجی) زیندانی کردوە. لە 1942 جارێکی تر ڕژێم دەستی کردوە بە فشار خستنە سەر نیشتمان پەروەران و ڕاونانیان، شێخ لەتیف ی حە فید و مەلا ئەسعەدی مەحوی و محێدین چنارەیی ڕوویان کردە سەردەشتی کوردستانی ڕۆژ هەڵات، مەلا کاکە حەمە ڕەباتی یان دەسگیر کرد، لە چوارتاوە دوریان خستەوە بۆ شاری کفری بە دەست بەسەری، دوای دوو ساڵ گەرایەوە بۆ جوارتا، لە 1944کۆمەڵەی برایەتی کۆتایی هات، لە 1945 کۆمەڵەی هیوا بە سەرۆکایەتی ڕەفیق حیلمی دامەزرا.
یاخی بوونی خولە پیزە
لە 1947 جولە پیزەودەستەکەی. لە ئەنجامی زوڵم و زۆری دەسەڵاتداران یاخی بون و ڕویان کردە چیاکان، ناو بە ناو زەبری کاریگەرو کوشتندەیان لەهێزەکانی ڕژێم دەدا، ئەم نەبەردیانەیان لە ناوچەی شارباژێرو پێنجوین و سنوری عێراق – ئێران دا بوو، بە جۆرێک بە خولە پیزەیان دەوت (مەحمود خانی پیرۆزخان) ئازایەتی جەربەزەیی ببوە ئەفسانه و داستانی سەر وێردی خەڵک، خولە پیزە لە تیرەی (بێ سەریی) یە. پەیوەندییەکی توندو تۆڵی لە گەڵ مامۆستا مەلا کاکە حەمە ڕەباتی دا هەبوو، بۆ ئەوەی چالاکییەکانی بە شێوەیەکی ڕێک و پێک ئەنجام بدات بە پێی دەرفەت، زۆر جار پرس و ڕای پێکردوە، پەیرەوی ئامۆژگارییەکانی مەلا کاکە حەمەی ڕەباتی کردوە.
سیناريۆکەی قائیمقام
لە پەنجاکان دا حەمزە ئاغا قائمقامی چوارتا و بەرێوەبەری پۆلیسی سلێمانی بە پێی نەخشەوبەرنامەیەکی دارێژراو.لە سینارۆیەک دا،ویستویانە خولە پیزە بکوژن، بۆئەم سینارۆیەش سودیان لە پەیوەندی نێوان مەلاکاکە حەمه و خولە پیزە بینیوە. ڕۆژی ئەنجامدانی نەخشەی سیناریۆکە،مەلا کاکە حەمەیان لە گەڵ خۆیان دا بردوە بۆ گوندی (موبرە)،پێش ئەوش نامەیەکیان بەناوی مەلا کاکە حەمەوە ناردوە بۆ خولە پیزە.کە تێیدا نوسروبوو (دەمەوێت چاوم پێت بکەوێت)،بێ ئەوە ی مەلا کاکە حەمە ئاگای لێ بێت،خولە پیزەش هەمان کات و ڕۆژ دەگاتە گوندی(موبرە)،بەڵام پێش ئەوەی ڕوو بکاتە ناو ئاوایی،دەستەکەی لە دەوروبەری ئاواییەکە دادەمەزرێنێت،خۆشی دەچێت بۆ لای مەلا کاکە حەمە. کە چاوی بە قەرەباڵغییەکە دەکەوێت،توشی سەر سورمان دەبێت، مەلا کاکە حەمه و قایمقام و بەرێوەبەری پۆلیس دەبینی وەستاون.، پۆلیسێکی زۆر دەبینێت دەستیان لە سەر پەلەپیتکەی چەکەکانیانە،هەر ئه و ساتە هەواڵ بە قائمقام دەگات (کە دەستەکەی خولە پیزە زۆر لە سەر هەستن و ئامادەی دەست وەشاندنن)، قائیمقام ترسی لێ دەنیشێت و دەڵێت : (ئاگاداری پۆلیسەکان بکەن کەس تەقە نەکات)، خولە پیزە دەگاتە بەردەم مەلا کاکە حەمە و دوای سڵاو وهەواڵ پرسین، مەلاکاکە جەمە بە تێروانینێکی قوڵی پر لە پرسیارەوە پێ ی دەڵێت(مەحمود چۆن گەیشتیتە ئێرە)، ئەویش دەڵێت(قوربان خۆت نامەت بۆ نەنوسیوم و جوابت بۆ نە ناردوم تا لیرە یەکتری ببینین)، ئەمجا مەلا کاکە حەمە تێدەکات ئەمە نەخشە و سیناریۆیە دەڵێت:(ئاگات لە خۆت بێت وئێرە بە جێ بهێڵە)
دوای 32 ڕۆژ، شەوێکی درەنگ خولە پیزە خۆی دەگەیەنێتە ناو چوارتاو دەبێت بە میوانی مەلا کاکە حەمە ودەڵێت (قوربان تۆ چۆن دەتەوێت من ببینیت کە قائمقام و پۆلیسەکان لە ئاوایی دابن،مەلای ڕەباتی دەڵێت:(سوپاس بۆ خوا سیناریۆو پیلانەکەیان سەرنەکەوت، کە تۆ هاتیت بۆ ناو ئاوایی من سەرم سورما)
ئەمجا خولە پیزە زانی کە ئەمە پیلانو نەخشەی قائمقام بووە، مالئاوای دەکات دەگەرێته و بۆ حەشارگەکەی خۆی. دواتر قائمقام بانگی مەلا کاکە حەمە دەکات پێ ی دەڵێت:(مەلا فەنی بیستومە خولە پیزە سەردانی کردویت،داوای چی دەکرد) مەلا کاکە دەڵێت :(بەڵێ خولە پیزە میوانم بوو، ئێستا کاتی ئەوە هاتوە پێت بڵێم، بە چ حەقێک بێ ئەوەی من ئاگام لێ بێت،بە ناوی منەوه و بانگی خولە پیزە دەکەیت. بەڵێ هاتوو لە تەواوی سیناریۆکەتان و ڕاستییەکان گەیشت،سوێندی بۆ خواردم، گەر منتان لە گەل نەبوایە،نەیدەهێشت کەستان دەرچن) حەمزە ئاغاس ڕووی کردە مەلا کاکە حەمەووتی: (مەلا فەنی بە خواباش بوو تەقەمان نەکرد، ئەگینا هەموومان دەکوژراین).
قائمقامی جوارتا هانای بۆ مەلا کاکە حەمە برد
ئێوارەیەک خولە پیزە دەچێتە ناو چوارتا، بۆ گرتنی(سامی عەلی) قائمقامی چوارتا، خولە پیزه و دەستەکەی نزیک ماڵی قائمقام دەبنەوە دادەمەزرێن ودەست دەکەن بە تەقە، قائمقام مۆتەکەی ترس دایدەگرێت،دەیزانی زەبری خولە پیزە چەند تونده و مەرگە، یەکیک لە پاسەوانەکانی دەنێرێت بۆ لای مەلاا کاکە حەمە، بۆ ئەوەی بە هانایەوە بێت،مەلا کاکە حەمەش فریایان دەکەوێت، کە خولە پیزە مەلا کاکە حەمە دەبینێت، لە بەردەم بەخشەندەیی دا،تەقەکان ڕادەگرێت، واز لە نەبەردییەکەی دێنێت، داوای لێبوردن لە مەلا کاکە حەمە دەکات و دەگەرێتەوە بۆ شوێنی خۆیان.
بۆسەکەی خولە پیزە
لە سەرەتای پەنجاکانەوە مەلای ڕەباتی بە هۆی هەندێ ئیش وکارەوە لەسلێمانی دەبێت. له و کاتەشدا (رەشید صدقی) قایمقامی جوارتا لە سلێمانی دەبێت.رەشید صدقی دەیەوێت لەسلێمانییەوە بگەرێتەوە بۆ چورتا.پێش ئەوە دەچێت بۆ لای مەلا کاکە حەمە ودەڵێت :(حەز دەکەم پێکەوه و بگەرێینەوە)،هەرچەندە مەلای ڕەباتی کارەکانی تەواو نەکردبوو،بەلام لە بەر ئه و لە گەڵی دا دەکەرێتەوە، لەکاتی گەرانەوەدا لە ۆپێچەکانی تەگەران دەکەونە بۆسەی خولە پیزەوە، ئەویشکە مەلا کاکە حەمه دەبینێت لە گەل قائمقام دا.سلاویان لی دەکات و دەگەرێتەوە بۆ حەسارگەکەی.
نەوزاد بوو بە محەمەد نەوزاد
لە چلەکان دا عومەر عەبدلرەحیم مامۆستا بوو لە چوارتا، کوڕێکیان دەبێت ناوی دەنێت نەوزاد' ئه و سەەردەمە ناوی کوردی لە منداڵ نەدەنرا.،بە لایانەوە کارێکی لەنگی بوو، دەبوایە ناوەکان عەرەبی بونایە،زیاتر ئه و ناوانە بوو کە لە مێژووی ئیسلام دا بوون و ڕۆڵیان هەبووە،خەڵکی چوارتا دژی مامۆستا عومەر دەوەستنەوەونارەزای دەردەبرن، بۆ ئەمەش ڕوو دەکەنە لای مەلای ڕەباتی قازی چوارتاو پێیان ڕاگەیاند:(ئێمە بەناوی نەوزاد ڕازی نابین کوردییه و دوورە لە دین) مەلا کاکە حەمە ش بۆ ئەوەی ناوە کوردییەکە بچەسپێنێت و خەڵکە کەش ڕازی بکات دەڵێت : (ئەوە ناومان نا محەمەد نەوزاد).
چۆن دەرگای خوێندن بۆ کچان کرایەوە
لە ساڵی خوێندنی 1956-1957 خوێندنگای کچان لە چوارتا کرایەوە، (منیرە قەفتان) ی هاوسەری (حامید قەرە) ی بەرێوەبەری تەجنیدی چورتا، بەرێوەبەری ئه و قوتابخانەیە بوو. خەڵک کچیان نەدەناردە قوتابخانە.مەلا کاکە حەمە (سەرگوڵ)ی کچی ناردە قوتابخانەی کچان. کە دانیشتوانی چوارتا بینیان قازی چوارتا،یەکەم کەسە کچەکەی خۆی ناردوە بۆ خوێندن.هیچ لەنگییەکیش نییە، ئەوانێش پەیرەوی ڕێچکەی کارو هەڵوێستەکەیان کردو هەموویان کچەکانیان نارد بۆ خوێندنگاو بوو بە نەریتێکی سروشتی و گشتی.
نوسراوەکەی ئەمن ی نەخوێندەوە
لە1963 مامۆستا مەلا کاکە حەمەی ڕەباتی لەچوارتاوە گوێزرایەوە بۆ سلێمانی و کرا بەخەتیبی مزگەوتی مەولانا خالید لە سەر شەقام،لە1974 گفتو گۆی بەیانی 11ی ئازاری 1970 لە نێوان شۆرشی ئەیلول و ڕژێمی عیراق نەگەیشتە ئەنجام، شۆرش بەرپا بوەوە، دەزگای ئەمنی سلێمانی نوسراوێکیان برد بۆ مەلا کاکە حەمە بۆ ئەوەی تێهەڵکێشی بکات لە گەڵ خوتبەی هەینی و بیخوێنێتەوە،دژ بە پێشمەرگه و شۆرش؛ مەلاکاکە حەمە خوتبەکەی خوێندەوە بەڵام یەک وشەی لە نوسراوەکەی ئەمن نەخوێندەوە، بۆ ڕۆژی دوایی ئەمنی سلێمانی بانگیان کردو پرسیاریان لێ کرد (بۆچی نوسراوەکەی ئەمنت نەخوێندوەتەوە)،مەلای ڕەباتی پێ ی وتن:(مینبەری مزگەوت تەنیا بۆ خزمەتی ئا ینە نەک بۆ پروپاگەندەی سیاسی)، فەرمانی گوستنەوەیان بۆ دەرکرد لە سلێمانییەوە بۆ(جبایش) ی خواروی عێراق، مەلا کاکە حەمەن پەیرەوی بریارەکەی نەکردو نەچوو، لە 1976 مەلا کاکە حەمە ئەندامی لیژنەی تاقی کردنەوەی ئه و خوێندکارانە بوو،کە خوێندنی ئاینیان تەواو کردبوو، بۆ ئەوەی بروا نامەی(ئیمام، مودەریس، خەتیب) یان پێ ببەخشرێت، مەلای ڕەباتی ڕەچاوی ئەوەی کرد،پێویستە له و شوێنانە دابمەزرێن کە مامۆستای ئاینی تیا نییە و بژێوی ژیانیان بۆ دابین بکرێت.
ماڵ ئاوا ئه و کەسەی وا ماڵی تۆ ئاوا دەکا
عە بدی خۆتە خۆت دەزانی لوتفی تۆ داوا دەکا
ئه و کاتەی کە مەلای ڕەباتی ئیمامی مزگەوتی سەیوان بوو لە گەرەکی سەیوان نزیک گردی
سەیوان ئاوا وەسیەتی بۆ سەیوان کردوە: بە تاوان باری هاتمەوە ماڵەکەت مزگەوتی سەیوان کە لێم ببوری ڕۆژێ کۆچەکەم بۆ گردی سەیوان دەرگانەی ڕەحمەت خۆ لە سەر پشتە بۆ گوناهباران توێشە هەڵگرن هۆزی کۆچەری بۆ گردی سەیوان
ئەم مامۆستایە کەسایەتییەکی دیارو سەنگینی ڕەباتییەکانە، چەندان کێسەی کۆمەڵایەتی بە شیوەیەکی گونجاو چارەسەر کردوە، هەموو تەمەنی پر بوو لە هەڵوێستی نیشتیمانی و نەتەوەیی، پر بوو لە گیانی میهرەبانی و ویژدان، لێوان لێو بوو لە پاکی و خۆشەویستی مرۆڤ. 25 ڕۆژ لە دوا کاتەکانی تەمەنی لە سەر پێخەفی مەرگ ژمارد،تا شەوی 12-12-1996
بۆ یەکجاری ماڵ ئاوایی لە ژیان کرد وتەرمەکەیان لە گردی سەیوان بە خاک سپارد.
عەبدوڵڵا کەریم مەحمود