دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی توندوتیژی لە هەرێم ڕایدەگەیەنێت "لەماوەی 10 مانگی 2016دا لە تەواوی هەرێمی کوردستان 98 ئافرەت بە ڕوداوی کوشتن گیانیان لەدەستداوە و 172 ئافرەتیش سوتاون".
ئاری ڕەفیق، جێگری بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند"لە 1ی کانونی دووەم تا 31ی تشرینی یەکەمی 2016، لە هەرێمی کوردستان 98 ئافرەت کوژراون، 32 ئافرەتیان لەلایەن کەسوکاریانەوە کوژراون و 66یان خۆیان کوشتووە".
ئاری ڕەفیق، وتیشی "لە 10 مانگی ئەمساڵ 271 حاڵەتی سوتان هەبووە لەوانە 192 ئافرەت سوتان و 79 دیکەش خۆیان سوتاندووە کە زۆربەی ئه و ئافرەتانەی سوتاون یان خۆیان سوتاندووە دوای ماوەیەک مانەوە لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە".
جێگری بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، ئەوەشی خستەڕوو "لەهەر سێ پارێزگاکەی هەرێم پێنج هەزار و 358 سکاڵا لەلایەن ئافرەتانەوە لە دژی ئه و توندوتیژیانەی بەرامبەریان کراوە تۆمارکراوە و 82 ئافرەتیش دەستدرێژی سێکسیان کراوەتەسەر".
- 26-11-2016