وەسێتنامەکەم
چیرۆکی من لە ژیاندا تەنیا چل ساڵ بوو. هیچ لە ژیان تێنەگەیشتم. چونکە ژیان بۆ تێگەیشتن نییە بۆ بەڕێکردن و چێژوەرگرتنە لە خۆشییە وەهمییەکانی، دواجار ژیان بریتییە لە سەفەرێکی کورت له ناو زیندەخەونێکدا، کە نە چێژی تیایە نە خۆشی. لە ڕاستیدا خۆشی و بەختەوەریی دوو داهێنراوی خەیاڵکردی مرۆڤن بۆ ئەوەی هەقیقەتی ژیان کە پووچییە نەمانکوژێ.
بەهەرحاڵ چیرۆکی من لێرەدا کۆتایی هات. کەنسەر کۆتایی بە هەموو شتێ هێنا، بەڵام وشەکانم کە دوای خۆم جێمهێشتوون ڕەنگە پاش سەدەیەکی تر هەڕمێن پەیدا بکەن و ببمە شاعیرێکی سیمبوڵیی بۆ ئەشق.
هەرچی بێت من ژیانم کردبوو بەڕووبەرێک بۆ ئەشق، لەبری ڕق تۆوی خۆشەویستیم چاند. لە بری گریان نەمامی پێکەنینم ڕواند، لەبری بێدەنگی شیعرم بەدەنگ هێنا، ئێستا ئاسوودە ئەمرم، چونکە مێشوولەیەکم بە ئەنقەست ئازار نەداوە، ئەگەر ئازاریش بووبم بۆ هەر کەس دڵنیابن بە ئەنقەست نەبووە و لە ئەنگیزەیەکی سادیستانە نەبووه بەڵام هەر داوای بەخشین ئەکەم.
وەسێتەکەم ئەوەیە کە لە سلێمانی لە گۆڕستانی هۆمەرە کوێر بمنێژن، نامەوێ پرسەم بۆ دابنرێ، نامەوێ کەس بگری، نامەوێ کەس ڕەش بپۆشێ، پێم خۆشە نووسینەکانم کۆبکرێتەوە و دیوانەکەشم دڵسۆزێ چاپی بکا.
ماڵئاوا، بیرتان نەچێ من بەجەستە دوور ئەبم لێتان بەڵام ڕوحم کە نووسین و شیعرەکانمە لەگەڵتان ئەژی، هەر خۆشەویستێک یادی کردم بێتە سەر گۆڕم مۆمێک داگیرسێنێ.
ئیتر ئەمەوێ پشوو بدەم بۆ ئەبەد و ببمەوە بە عەدەم
ستیڤان شەمزینی
20-11-2016