دواڕۆژ، زریان محەمەد
یەکێتی بەڵێندەران ڕایدەگەیەنێت، مەترسی لەناوچوونی کەرتی پیشەسازی هەیە و حکومەتی هەرێمیش پشگوێی خستووە و لایەنەکانی سلێمانیش کەمتەرخەمن بەرامبەری.
یاسین مەحمود، وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "لەئێستادا مەترسی گەورە لەسەر لەناوچونی کەرتی پیشەسازی سلێمانی هەیە و حکومەت و کاربەدەستانی سلێمانیش پاڵیان لێداوەتەوە، لەکاتێکدا بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پیشەسازی عێراق 30% هەموو پیشەسازی عێراق لە سلێمانیە کە چەندین کارگەی چیمەنتۆ و دەرمان و بەرهەمە غازییەکان لەم پارێزگایەدایە کە زیاتر لە 60 هەزار هەلی کاری ڕەخساندبوو".
ئاماژە بەوەشدەکات "بەهۆی ئەو سیاسەتە هەڵانەی لەماوەی ڕابردوودا وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و ئەو خەمساردیيەی حکومەت هەیبوو بەرامبەر پیشەسازی لەسلێمانی، زۆربەی کارگە گەورەکان زیاتر لە دوو هێڵی بەرهەمهێنانیان ڕاگرتووە".
وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەران زیادکردنی کرێی کارەبای شوێنە پیشەسازییەکان بۆ چوار هێندە و نەپاراستنی پیشەسازی لە سلێمانیدا بەمەترسی بەرەولەناچوون دەزانێت و دەڵێت "ئەگەر هەڵسانگاندن بۆ کەرتی پیشەسازی بکرێت ئێستا سلێمانی بەڕێژەی 15% تێدا ماوە، ئەوەش بەرەو لەناوچوون دەچێت".
وتیشی "لەهەوڵداین بۆ ئەوەی حکومەت دەستی کەرتی پیشەسازی بگرێت و کارئاسانیان بۆ بکرێت و لەبری پارەی کارەبا، چەکی بانکیان لێوەربگیرێت".
یاسین مەحمود لەناوچونی کارخانەیەکی کەرتی تایبەت لەهەر وڵاتێکدا بە لەناوچوونی وڵاتەکە ناودەبات و بەرپرسانی حکومەتی هەرێمیش بەلەناوچونی پیشەسازی دەزانێت لەکاتێکدا ئه و کەرتە بە داینەمۆی وڵات دەدەنرێت.
وتەبێژەکەی بەڵێندەران سلێمانی بە بێ پارێزگار ناودەبات و دەڵێت "ئێمە نازانین لە سلێمانی ڕوبکەینە کوێ، نازانین کێ پارێزگاری سلێمانیە، کەی ڕەوایە پارێزگایەکی وەکو سلێمانی کە زیاتر لە دوو ملیۆن خەڵکی تێدایە، بریکارێک بەوەکالەت بەڕێوەی ببات".
ئه و دەپرسێت تێناگەم بەرپرسانی حزبەکان بەتایبەت یەکێتی و گۆڕان چۆن ئەمە قبوڵ دەکەن، ئەی خەڵکی چۆن قبوڵی دەکات، "ئێمە نازانین کێ دەسەڵاتی خۆی بەکاردەهێنێت بەرامبەر ئەم شارە، بۆ نموونە نوسراوی ئەنجومەنی وەزیران هەیە کە لەمانگی هەشتەوە دراوە بە وەزارەتی دارایی و گشتاندنی بۆ هەموو پارێزگاکانی هەرێم کراوە، جگە لەسلێمانی".
لەبارەی ڕێژەی بێکاری لە کارگەکانی سلێمانیدا باس لەوەدەکات لە ئێستادا گەشتۆتە زیاتر لە 40 هەزار کەس.
- 30-11-2016