کێشەی کەمی غازی ماڵان ماوەی چەند ڕۆژێکە لەسنوری پارێزگای سلێمانی سەریهەڵداوه و سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتیش هۆکارەکەی بۆ زۆربوونی خواست لەسەر غاز دەگەڕێنێتەوە بەهۆی بەکارهێنانی بۆ خۆگەرمکردنەوە.
پارێزگای سلێمانی ڕۆژانە پێوستی بە 400 تەن غازی شل هەیە کە هاوڵاتیان ڕۆژانە وەکو پێداویستییەکی سەرەکی بەکاریدەهێنن بەتایبەتی بۆ دروستکردنی خواردن، بەڵام لەگەڵ هاتنی شەپۆلی سەرما ئێستا بەشێک لە خەڵک بۆ خۆگەمکردنەوەش بەکاریدەهێنن.
گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامی سلێمانی بەخەندان-ی وت "کێشەکە بەهۆی زۆربونی خواستەوە سەریهەڵداوە، چونکە هاوڵاتیان بۆ خۆ گەرمکردنەوە بەکاریدەهێنن، بەهۆی کەمی سوتەمەنییەوە".
پارێزگای سلێمانی ڕۆژانە پیۆیستی بە 400 تەن غازی شل هەیە و لە هەردوو وێستگەی غازی کۆرمۆر و کەرکووکەوە ڕۆژانە بەبڕی جیاواز غازی بۆ ڕەوانەدەکرێت.
گۆران قادر وتیشی "لەئێستادا ڕۆژانە 13 تەنکەر غازی شل کەدەکاتە نزیکەی 250 تەن غاز دەگاتە سلێمانی، لەکاتێکدا ئێمە ڕۆژانە پێویستمان بە 400 تەن غازی شل هەیە، کە لە کۆرمۆر و کەرکووکەوە دێت، لەئێستادا سلێمانی زیاتر لەبڕی بەدەستهاتوو غاز بەکاردەهێنێت بۆیە توشی کەمبونەوەی غاز بوین".
ئاماژەی بەوەشکرد، چارەسەرکردنی کێشەی کەمبونەوەی غاز بەپێدانی سوتەمەنی دەبێت بەهاوڵاتیان بۆئەوەی پەنا نەبەنە بەربەکارهێنانی غاز بۆ خۆگەرمکردنەوە، "چونکە لەپێشتریشدا هەمان بڕمان بەدەست دەگەیشت و بەشی پێداویستی هاوڵاتیانی دەکرد".
- 04-12-2016