بەهۆی ئەو هاوکێشە سیاسی و سەربازی و ئابوورییانەی لە ناوچەکە و جیهان هاتنە پێشەوە، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی قەیرانێکی سەختی ئابووری بووەوە، ئەمەیش ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی قورسترکرد و بەبێ جیاوازیش ڕەنگدانەوەی بەسەر ژیانی هاووڵاتییان و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوە هەبووە.
ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، درک بە ماندوێتی هاونیشتیمانییانی خۆمان دەکەین و لەگەڵ داوا ڕەواکانیانین، سوپاسی خۆڕاگرییان دەکەین، بە هەموو لایەکیشی ڕادەگەیەنین، لە سەرەتای درووستبوونی قەیرانەکەوە تا ئێستا، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە گفتوگۆداین، تا بە هەموومان بتوانین ڕێگەچارەیەکی گونجاو بۆ ئەو کێشانە بدۆزینەوە.
بەڵام بە داخەوە بەهۆی فشاری زۆری گروپێکی سیاسی خۆسەپێن، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و دەڤەرەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین، مامۆستایانی بەڕێز و فەرمانبەرانی خۆشەویست پەنایان بۆ بایکۆت و پەکخستنی پرۆسەی خوێندن و کاروباری یەکە ئیدارییەکان بردووە، بەو هۆیەیشەوە هاونیشتیمانییان تووشی کێشە هاتوون و ناتوانن وەک پێویست کاروبارە ئیدارییەکانییان ڕابپەڕێنن، هەروەها مەترسی لەسەر چارەنووسی زیاتر لە (750) هەزار قوتابی درووست بووە، لە ناویشییاندا ئەو قوتابییانەی کە لە پۆلی (12)ی ئامادەیین.
ئەو گروپە سیاسییە خۆسەپێنە، لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ لەکەدارکردن و ناشیرینکرنی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرە بەڕێزانەی کە نایانەوێت بچنە ژێرباری داواکارییەکانیان، هەوڵی بەردەوامییدان بە بایکۆت دەدەن، ئەگینا لای هەموو کەس ئاشکرایە، کە مامۆستایان و فەرمانبەرە بەڕێزەکان، درک بە سەختی قۆناغەکە دەکەن، هیچ کاتێک ئامادەنین پشت لە وڵات و حکومەتی خۆیان بکەن و ویستی زیانگەیاندنیان بە پرۆسەی خوێندن و کەرتی حکومی هەرێمەکەمانیان نییە.
ئەو گروپە سیاسییە خۆسەپێنە، ئامانجییان هەرچییەک بێت، تەنها زیان بە کۆمەڵگە و سیستەمی پەروەردە و کەرتە حکومییەکان دەگەیەنن و هاونیشتیمانیان زیانمەندی یەکەمی ئامانجەکانییانن، چونکە بەهۆی فشارەکانییان بۆ بەردەوامی بایکۆت، ژمارەیەکی زۆری هاونیشتیمانییانی ئەو دەڤەرانە، لە پێناو چارەنووسی منداڵەکانییان و نەفەوتاندنی خوێندن و ماندووبوونییان، دەڤەرەکانییان بەجێهێشتوون، لە کاتێکدا پێشتر هەرێمی کوردستان بە ئەزموونی سەختردا تێپەڕیووە، بەڵام هیچ کاتێک هەوڵی پەکخستنی خوێندن و دامودەزگە ئیدارییەکان نەدراوە، تا زیان بە پرۆسەی خوێندن و کاروباری هاونیشتیمانییان نەکەوێت، بەردەوامیدان بە پرۆسەی خوێندن لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلەکەمان لە ساڵی (1991) بەڵگەی سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەپەرلەمانی کوردستان
05-12-2016