دواڕۆژ
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ڕایگەیاندوە دەیان هەزار نێشتەجێی شوێنەواری کەلەپوریی لە شارۆچکەی سوری ئامەد بەشێکن لەو نیو ملیۆن کەسەی لە ئەنجامی سەرکوتکارییە دڕندەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیا وەک سزادانێکی بەکۆمەڵ لە ماوەی ساڵی ڕابردودا لە ماڵ و حاڵیان دەربەدەرکراون.
جۆن داڵوسەن، بەڕێوبەری بەشی ئەوروپا لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند "ساڵێک دوای سەپاندنی قەدەغەکردنی بەردەوامی هاتوچۆ لە شارۆچکەی سور، هەزاران کەس لە ماڵەکانیان ئاوارەبوون و هەوڵی دابینکردنی پێداویستییەکانیان دەدەن و لە کەشێکی پڕ سەرکوتکاریدا ڕووبەڕووی ئایندەیەکی نادیار بونەتەوە".
داڵوسەن وتوشیەتی "لە کاتێکدا زانیاریەکی زۆر هەیە لەسەر سەرکوتکارییەکان دژ بە کۆمەڵگەی مەدەنی لە باشوری خۆرهەڵاتی تورکیا، کەچی ڕوماڵێکی زۆر کەمی ئەو ڕاگواستنە زۆرەملێیەیان دەکرێت کە ژیانی هاوڵاتیانی ئاسایی تێکشکاندوە بەبیانوی پاراستنی ئاسایشەوە".
راپۆرتەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە، شەڕ و پێکدادانەکانی (نێوان هێزە ئەمنیەکان و پەکەکە) لە شارۆچکەی سور لە ئازاری 2016 کۆتاییان هات، بەڵام قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە زۆر جێگەی شارۆچکەکە هەڵنەگیرا.
لەدوای ڕاگواستنە زۆرەملێکان نزیکەی هەموو کەلوپەلەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە تێک و پێکدران و خانوەکان ڕوخێندران.
هەرچەندە بەهۆی قەدەغەکردنی هاتوچۆ و وێرانکارییەکانەوە گەڕانەوەی هاووڵاتیان بۆ زێدی خۆیان مەحاڵ بوو، هەندێک لە دانیشتوان سەرکێشییان کرد و گەڕانەوە، بەڵام بینیان ماڵەکانیان وێرانکراوە و کەلوپەلەکانیان تاڵانکراوە.
لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاشکرایکردوە، بۆ زیاتر ئاڵۆزکردنی بارودۆخەکە، لەدوای هەوڵی کودەتاکەوە دەنگی ئۆپۆزسیۆنی کوردی کرایە ئامانج کە ئەوەش مانای وابوو هەموو ئەو ڕێکخراوە ناحکومیانەی هاوکاریان بە خەڵکی هەژار و لێقەوماو دەکرد ئێستا داخراون.
لەکۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا، ڕێکخراوەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە، چەندین جێگەی دیکە لە باشوری خۆرهەڵاتی تورکیا ڕوبەڕوی هەمان بارودۆخی شارۆچکەی سوری ئامەد بونەتەوە و داوا لە حکومەتی تورکیا دەکات کە پێویستە بەپەلە قەدەغەکردنی هاتوچۆ هەڵبگرێت و لێقەوماوان دڵینابکاتەوە کە بەتەواوی قەرەبودەکرێنەوە و یارماتییان بدات لە گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان.
وەرگێڕانی: کامەران ئەحمەد
- 06-12-2016