دوای مشتومرێکی زۆر و ئامادەنەبوونی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دانیشتنەکە، ئەمڕۆ چوارشەممە (7)ی کانونی یەکەم پەرلەمانی عێراق، پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2017ی پەسەند کرد.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای پەسەندکردنی پرۆژە یاساکە، سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند "بودجەی ساڵی 2017 سیمایەکی سکهەڵگوشینی هەیە و بەهۆی جەنگی داعش 23% بودجە بۆ خەرجی سەربازی دانراوە".
راشیگەیاند "لە چوارچێوەی خەرجی بەکاربردن (36%)ی خەرجییەکان بۆ موچە دانراوە و ساڵی داهاتووش هیچ پلەیەکی وەزیفی بۆ دامەزراندن دانەنراوە".
لە مادەی (18- أ) دا هاتوە، نابێت لەپلەی بەڕێوەبەری گشتی بەرەوژوور دابمەزرێت، ئەو بەرێوەبەری گشتیانەش کە ڕاستەوخۆ فەرمانگەیەک بەڕێوەیاندەبات خانەنشین دەکرێت.
رونیشکردنەوە گرنگترین بڕگە لە بودجەی ساڵی داهاتوو پاڵپشتی کردنی بەرهەمی ناوخۆییە و لە مادەی (27-أ) دا هاتوە، داوا لە سەرجەم وەزارەت و پارێزگاکان و ئەو لایەنانە بە وەزارەتەوە پەیوەست نین پێداویستەیەکانیان لە بەرهەمی ناوخۆیی بکڕن، بەمەرجێک زیادەبەهایی لە(25%)بەرهەمی بیانی زیاتر نەبێت هەروەها (10%) نرخی لە بەرهەمی هاوردە گرانتر نەبێت، لەگەڵ ڕەچاوکردنی کوالیتی کاڵا و شمەکەکان.
سەبارەت بە کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران، لە مادەی (33) ی یاساکەدا هاتوە ڕێژەی (3.8%) لە موچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و خانەنشینان دەبڕدرێت، وەک خەرجی حەشدی شەعبی و کۆمەکی ئاوارەکان و ئاوەدانکرنەوەی ناوچە ئازادکراوەکان خەرج دەکرێت.
هەروەها لە بڕگەی مادەی (33-ب) دا هاتوە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبێت بە بڕینی (3.8%) موچەی فەرمانبەران و خانەنیشانی هەرێم ئەوەش بۆ پڕکردنەوەی خەرجی و پێداویستیەکانی هێزی پێشمەرگە.
بودجەی ساڵی (2017) :
-خەرجیەکان: (100) تریلیۆن و (671) ملیار و (160) ملیۆن و (790) هەزار دینار.
- داهاتەکان: بە (79) تریلیۆن و (11) ملیار و (421) ملیۆن دینارە.
- کورتهێنان: (21) تریلیۆن و (659) ملیار و (739) ملیۆن و (790) هەزار دینار.
- هەناردەی نەوت ڕۆژانە (3) ملیۆن و (750) هەزار بەرمیل.
- 250 هەزار بەرمیل هەناردەی نەوتی کوردستان.
- 300 هەزار بەرمیل هەناردەی نەوتی کەرکووک.
- نرخی بەرمیلێک نەوت (42) دۆلار.
- 07-12-2016