بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لەبارەی ئەو بڕگەیەی لە یاسای بودجەی گشتیی عێراقدا بۆ پێشمەرگە جێگیر کراوە بە خەڵکی کوردستان ڕادەگەیێنم کە بڕگە پەسەندکراوەکە ڕوون نییە و لاستیکیە و خوێندنەوەی جۆراوجۆر هەڵدەگرێ و بواری یاریپێکردنی تێدا هەیە.
بابەتی دروستکردنی گرفت بۆ بودجەی پێشمەرگە و هەرێم شتێکی تازە نییە و هەر لە ساڵی 2005ەوە بە شێوەی جۆراوجۆر حکوومەتی عێراقی پابەبەندبوونە داراییەکانی لە بەرانبەر پێشمەرگە و هەرێم جێبەجێ نەکردووە و گرفتی بۆ ناوەتەوە. بە تایبەتی ئەو عەقلییەتەی سیاسەتی بڕینی بودجەی هەرێم و برسیکردنی خەڵکی کوردستانی پەیڕەو کردووە و ئەوانەی ڕاوێژی نانبڕینی گەلی کوردستانیان داوە هەرگیز ئامادەیش نابن کێشەکانی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکەن
سەبارەت بە هەوڵ و بۆچوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی فراکسیۆنەکانی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی بابەتی بودجەی هەرێم و پێشمەرگە لە بودجەی گشتیی عێراق بە پێویستی دەزانم کە پارلەمانتارانی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ حکوومەتی هەرێم کۆببنەوە و بە وردی دیراسەی ئەم بابەتە بکەن و ئەگەر یاسای بودجە و بڕگە پەسەندکراوەکان لە خزمەتی هەرێمی کوردستاندا بێت و ببێتە هۆی داهاتی زیاتر ئەوە لەسەری ڕێک بکەون. ئەگەریش ببێتە هۆی زیان بۆ هەرێمی کوردستان با بۆ خەڵکی کوردستان هەموو ڕاستییەکان و موزایەداتی سیاسی لەبارەی بودجە و داهات ڕوون ببێتەوە.
مەسعود بارزانی
08-12-2016