دوارۆژ، هانا چۆمانی:
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 51 ملیۆن دۆلار کرێی کارەبای ئێران و تورکیا قەرزدارە، وتەبێژی وەزارەتی کارەباش دەڵێت "تا قەیرانی دارایی چارەسەرنەبێت، کارەبا لەو دوو وڵاتە ناکڕین".
محەمەد ئەمین هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "بەهۆی قەیرانی دارایی، هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە بڕی پارەی کارەبا بە وڵاتانی ئێران و تورکیا بدات کە قەرزی وڵاتی ئێران 24 ملیۆن دۆلار و تورکیاش بڕی 26 ملیۆن دۆلارە، بۆیە ئێستا هیچ بڕە کارەبایەک لەو دوو وڵاتەوە بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە ناکرێت".
وتەبێژی وەزارەتی کارەبا ڕونیشیدەکاتەوە، بەهۆی پابەندنەبوونی هەرێمی کوردستان بە پێدانی کرێی کارەبا بە ئێران، ئەو وڵاتە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەڵووەشاندەوە، بەڵام حکومەتی هەرێم خۆی گرێبەستەکەی لەگەڵ تورکیا بۆ کڕینی کارەبا هەڵوەشاندۆتەوە.
وتیشی "حکومەت چیتر توانای کڕینی کارەبای لە وڵاتانی ئێران و تورکیا نییە، تا قەیرانی دارایی چارەسەر نەکرێت و قەرزەکان نەدرێنەوە".
لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو، هەردوو وڵات کارەبایان بۆ ناوچە سنوورییەکانی هەرێم دابینکردووە.
- 10-12-2016